چالاکوانانی ژنان: توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێم زیادی کردووە

کوردستان 03:27 PM - 2026-11-25
چالاکی لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان PUKMEDIA

چالاکی لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

دەستەیەک لە چالاکوانانی ژنان لە هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، رایدەگەیەنن ئامارەکانی کوشتنی ژنان روو لە زیادبوونن و لە ئەمساڵدا 57 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون یان خۆیان سوتاندووە، داواش دەکەن بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکانی کوشتن و  خۆسووتاندن و هەڕەشە و توندوتیژی دژی ژنان بکرێت.

ئەمڕۆ 25ی11ی2026، دەستەیەک لە چالاکوانانی ژنان، لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان کرد و شەدە بەشیر جارنامەی هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندن خوێندەوە، کە تیایدا رایگەیاند: ئامارەکانی کوشتنی ژنانن ڕوو لە زیادبوونن و  لە ژێر چەندین ناونیشان و پاساودا ئەنجام دەدرێت، وەک پاراستنی نامووس، پەیوەندی خۆشەویستی، کێشەی خێزانی .

دەشڵێت: ڕۆژانە ملیۆنەها دینار لە ڕێگەی جۆراوجۆر خەرج دەکرێت بۆ فەرهەنگی دژە ژن و سووکایەتی بە ژنان و خزم و تیرە و عەشیرەت و تایفە هان دەدەن بۆ ئەوەی دەستیان بچێتە خوێنی ئازیزترین کەسەکانیان.
شەدە بەشیر ئاماژەی بەوەشکرد: پێش هەموو کەسێک تاوانبارانی یەکەمی ئەم نەریت و فەرهەنگە پیاوسالاری کۆنەخوازەییە، هەروەها تاوانبار ئەو یاسا و دادگایانەیە کە ژن بە کەمتر لە پیاو دەزانێت و ئازادی و مافەکانی ژنی لە قاڵب داوە و بەرتەسکی کردووەتەوە.

پەیوەست بە ئامارەکانیش، رایگەیاند: بەپێی ئامارەکانی تۆڕی هەشتی مارس کە ئاماری نارەسمین، 48 ژن لە ساڵی 2024دا  کوژراون و 69 ژن لە ساڵی 2025دا ، و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ 57 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون.

لە کۆتایشدا، داوای کرد بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکانی کوشتن، خۆسووتاندن، خۆکوشتن، هەڕەشە و توندوتیژی دژی ژنان  بکرێت و  ڕاپۆرتی مانگانە و ساڵانە بە شێوەیەکی شەفاف بڵاوبکرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی چاکسازی یاسایی و دابینکردنی یەکسانی بە پێداچوونەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە 8ی ساڵی 2011، یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969، یاسای جێبەجێکردنی ژمارە 45ی ساڵی 1980 بە ئامانجی بەهێزکردنی پاراستنی ژنان.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە