کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ISO بەدەستدەهێنێت

کوردستان 08:47 PM - 2026-11-24
کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ISO بەدەستدەهێنێت راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی

کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ISO بەدەستدەهێنێت

زانکۆی سلێمانی

لە دەستکەوتێکی ئەکادیمیی مێژووییدا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار بڕوانامەی نێودەوڵەتیی سیستەمی بەڕێوەبردنی کوالێتی (ISO 9001:2015)ی بەدەستهێنا و پێگە زانستییە جیهانییەکەی چەسپاند.

ڕێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەکە بە ئامادەبوونی (پ.د.کۆسار محەمەد) سەرۆکی زانکۆی سلێمانی (پ.د. زانا مەحمود و پ.د.شیروان حمەساڵح) یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، ڕاگر و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆلێجی پزیشکی، مامۆستایان، فەرمانبەران، خوێندکاران و نوێنەرانی کۆمپانیای (Bright Vision) بەڕێوەچوو، تێیدا بڕوانامەکە پێشکەش بە ڕاگری کۆلێج کرا و خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەک لە مامۆستایان و بەشداربووانی سەرخستنی پرۆسەکە.

لە وتاری کردنەوەی ڕێوڕەسمەکەدا (پ.د.توانا عەبدولڕەحمان) ڕاگری کۆلێجی پزیشکی، ڕایگەیاند: بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە بەرهەمی هەوڵی هاوبەش و پابەندبوونی بەردەوامی سەرۆکایەتیی زانکۆ، مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانە بە کوالێتی و پێشکەوتن.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی یەکەمین کۆلێجی پزیشکییە لە سەرتاسەری عێراقدا لە بەسرەوە تا دهۆک ئەم بڕوانامەیە بەدەستدەهێنێت، کە ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتەسەر شانی کۆلێجەکە بۆ پەرەپێدانی خوێندنی پزیشکی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.

هاوکات کارڵ هارلەند (Carl Harland)، وردبینکەری باڵا لە کۆمپانیای (Bright Vision) و سەرپەرشتیاری پرۆسەی هەڵسەنگاندنەکە، وردەکاریی هەردوو قۆناغی وردبینییەکەی خستەڕوو، کە پلانی ستراتیژی، حوکمڕانی و بەڕێوەبردن، خوێندنی پزیشکی، توێژینەوەی زانستی، تاقیگەکان و خزمەتگوزارییەکانی پشتگیریی گرتبووەوە.

ڕوونیشیکردەوە، کە لە پرۆسەکەدا 13 خاڵی بەهێز و سەرکەوتوو دەستنیشانکراون و ئاستی ئامادەکاریی تیمی بەڕێوەبردن زۆر بەرز بووە، وێڕای ئەوەی کۆلێجەکە پێشتر متمانەی فێرکردنی پزیشکیی لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی فێرکردنی پزیشکی (WFME) بەدەستهێنابوو.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە