یەکێتی و پارتی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

کوردستان 04:26 PM - 2026-11-24
لۆگۆی یەکێتی و پارتی PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتی و پارتی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوەی کە لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە بڵاوکرایەوە، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە: 

ئەو ڕاگەیەندراوەی کە لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە بڵاوکرایەوە و ئەو پێشهات و ڕێوشوێنانەی لەم چەند ڕۆژەدا کە لە عێراقدا گیراونەتەبەر، بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.

هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە و بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.

ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو لایەک پێویستە پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێت دەستوور حەکەم بێت لەنێوانیان، جگە لە دەستوور هەر ڕێوشوێنێک و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان دژی دەستوورە. 

بۆ هەموو لایەک دەبێت ڕوون بێت کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن.

ئێمە پشتگیریی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتن، لەهەمانکاتدا بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیریی عێراق ناکات.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان
24تشرینی دووەمی2026

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە