پڕۆژەی ( چوارگۆشەی ژیان ) لە سلێمانی جێبەجێکرا

کوردستان 11:04 PM - 2026-11-24
پڕۆژەی ( چوارگۆشەی ژیان ) تایبەت

پڕۆژەی ( چوارگۆشەی ژیان )

سلێمانی

ئەمڕۆ، 24ی11ی2026 لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی تەندروستی خوێندکاران و باشترکردنی ژینگەی خوێندنگەکان، پڕۆژەی (چوارگۆشەی ژیان) لە خوێندنگەی بنەڕەتیی رووناکی لە شاری سلێمانی جێبەجێکرا.

پڕۆژەکە لەلایەن بۆردی رێکخراوەکانەوە پاڵپشتی دارایی کراوە و تیمی هاوبەشی رێکخراوەکانی ڕۆشنبیری نالی، لانەی منداڵان و پەرەپێدانی دیموکراسی و مەدەنییەتەوە، وەک یەکەمین ئەزموون و لە قۆناغی یەکەمدا دەستی پێکردووە و تێچووی دارایی پڕۆژەکەش بە تەواوی لەلایەن مەکتەبی کاروباری ڕێکخراوەیی/بۆردی ڕێکخراوەکانەوە دابین کراوە و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.

هاوکات، لەسەر چوار بنەمای سەرەکی پڕۆژەی (چوارگۆشەی ژیان) دامەزراوە، کە بریتین لە دابینکردنی ئاوی پاک و سەلامەت، پاراستنی تەندروستی خوێندکاران، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک لە ڕێگەی دابەشکردنی بوتڵی ستێل و کەمکردنەوەی بەشێک لە خەرجییەکانی خێزانەکان.

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە، بەکارهێنانی سیستەمێکی زیرەکی دیجیتاڵییە کە تەندروستیی خوێندکاران، پاراستنی ژینگە، پاڵپشتیی ئابووریی خێزانەکان و چاودێریی کوالێتیی ئاو لە یەک سیستەمدا کۆدەکاتەوە لە ڕێگەی پۆرتاڵێکی دیجیتاڵییەوە ڕۆژانە پشکنینی زانستیی کوالێتیی ئاو بە پێوەری (TDS) ئەنجام دەدرێت و ئەنجامەکان تۆمار دەکرێن هاوکات ئاگادارکردنەوە و ڕێنماییی تەندروستی و ژینگەیی بۆ مۆبایلی دایک و باوکان دەنێردرێت، بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیی ئاوی خواردنەوەی منداڵەکانیان.

هەروەها ئەم سیستەمە وەک ناوەندێکی هاوبەشی زانیاری، خێزان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، تەندروستی و ژینگە و کارگێڕیی قوتابخانە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێریی کوالێتیی ئاو و بڕی کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک بکرێت، بەم شێوەیە هەموو لایەنەکان لە چوارچێوەی تیمێکی هاوبەشدا بە زمانی داتا و شەفافیەت کار دەکەن.

لەو بارەیەشەوە ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوە کرد، بۆردی رێکخراوەکان هەمیشە پاڵپشتی هەر کار و دەستپێشخەرییەکی باش و بەسوود دەکات کە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و باشترکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان بێت، بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستیی منداڵانی باخچەی ساوایان و خوێندکارانی قوتابخانەکاندا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گرنگیدان بە تەندروستی و پەروەردەی منداڵان، بناغەیەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر.

راشیگەیاند: پڕۆژەکە ل قۆناغەکانی داهاتوودا بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن فراوان دەکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە خوێندکاران و خێزانەکانیان سوودی لێ ببینن، چونکە هیچ وەبەرهێنانێک گەورەتر نییە لە وەبەرهێنان لە تەندروستی و داهاتووی منداڵان چونکە منداڵانی ئەمڕۆ بناغەی کوردستانی سبەینێن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە