riklam

لوتكەی تاران و سلێمانی

بیروڕا 09:50 AM - 2026-09-21
لەتیف نێروەیی لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

بیروڕا

لە رۆژانی ڕابردوودا، سلێمانی وەک قەڵا و پێگەی ستراتیژیی کورد و یەکێتی، سەرچاوەی دوو هەنگاوی بەرپرسیارانەی گەورە بوو لە خەباتی دیپلۆماسی، ئەمنی و ئابووریدا. ئەم هەنگاوانەش ڕەنگدانەوە و بەرهەمی ئەم ئاراستە سیاسی و جوگرافییە کاریگەرەیە، کە یەکێتی ڕابەرایەتی دەکات، ئەوانیش لەدایکبوونی هەردوو لوتکەی تاران و سلێمانی بوون، کە تێیدا ئیرادەی سیاسیی یەکێتی لەگەڵ پێگەی جوگرافی و کاریگەریی هەرێمیی سلێمانی لەم خاڵە هاوبەشانەدا یەکدەگرنەوە:

ـ كردنەوەی دەرگا داخراوەكان بەرووی چارەسەركردنی كێشە ئاڵۆز و بەگرێكەوتووەكان و دۆزینەوەی دەرچەی نوێی چارەسەریی بۆ پرسە هەڵواسراوەکان.

ـ خاوكردنەوەی گرژییە نەخوازراو و زیانبەخشەكان و خۆ بەدوورگرتن لە گوتاری زبر و زمانی توند.

ـ بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی، ئابووری لەناوچەكە لەرێگەی دیالۆگێكی بەردەوام و پەیوەندییەکی هەمیشەیی.

ـ دورخستنەوەی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە لە مەترسیەكانی شەڕ و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە.

ئەمەش بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی ژیرانە و بەرپرسیارانەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە توانی لە لوتكەی تاران و لە سەرجەم دیدارەكانیدا لەگەڵ سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتە، دیدگا هاوبەشەكان گرنگی ئاشتی و سەقامگیری، رێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ، بەرژەوەندییە هاوبەشە ئابوری و ئەمنی و سیاسییەکان و پەیوەندییە دێرینەكانی هەردوولا بكەنە بناغەی دانوستانەكان و دیدارەکانی لوتکە.

لوتكەی سلێمانیش هاوشێوەی لوتكەی تاران توانی دەرچەیەكی هاوبەش بەرووی بۆچوونە جیاوازەكانی (بەغداد، هەولێر، سلێمانی) دا بكاتەوە و لەناو ئەو بۆچوونە جیاوازانەدا بەدوای چارەسەرێكی هاوبەشدا بگەڕێن و هەموو لایەنەكان راشكاوانە كەموكوڕی و بەربەستەكان بخەنەروو:

ـ هەروەك لوتكەی سلێمانی، توانی زەردەخەنەیەكی هاوبەش بخاتە سەر لێوی فەخامەتی سەرۆك كۆمار و رێزدار سەرۆكی هەرێم و بەستەڵەكی ساردییەكانی نێوانیان بتوێنێتەوە.

ـ خستەڕووی كۆمەڵێك بەڵگەنامە و داتا و زانیاری لەسەر پرسە ئاڵۆز و بەگرێكەوتووەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كە بۆ رای گشتی و بۆ میدیای هەرێم و عیراق گرنگ بوون.

ـ دواجار گەیشتن بە كۆمەڵێ راسپاردەی گرنگ كە یارمەتیدەر دەبن وەكو نەخشەرێگا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەم دوو لوتكە دەرخەری ئەو راستیەن كە سلێمانی لەهەموو سەردەم و قۆناغێكی دژواردا رچەشكێنە بۆ كردنەوەی دەرگا داخراوەكان و دۆزینەوەی سەرەداوی چارەسەركردنی پرسە جۆراوجۆرەكان و سەرقافڵەی نوێگەری و ناوەندی بڕیارسازییە لەپێناو بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە. بۆیە شایستەی دەرفەت پێدانێكی زیاترە تاوەكو بتوانێت باشتر و زیاتر بەردەوامبێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket