riklam

گەرووی هورمز.. کەشتییەك بە دوو هەزار و 500 کۆنتێنەرەوە نوقم بوو

جیهان 10:11 AM - 2026-10-15
گەرووی هورمز PUKMEDIA

گەرووی هورمز

دوو لێپرسراوی باڵای ئێران بە ئاژانسی هەواڵی «رۆیتەرز»یان راگەیاندووە؛ تاران شێوازی نوێ بۆ کردنە ئامانجی کەشتییەکانی ناو گەرووی هورمز دەگرێتەبەر تا نرخی نەوت بە بەرزی بهێڵێتەوە و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی کۆنگرێسی ئەمریکا دابنێت. لەگەڵ ئەوەشدا تاران دەرگای دانوستاندن، بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.

لەوەتەی جەنگ لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە هەڵگیرساوەتەوە، ئێران هەوڵدەدات گەرووی هورمز بەتەواوەتیی بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، بۆیە کۆتوبەندی توندی لەسەر هاتوچۆی کەشتییەکان داناوە و هەر کەشتییەك مۆڵەتی پێشوەختە وەرنەگرێت، چارەنووسی باش نابێت، ئەمریکاش بە هەموو شێوەیەك رووبەڕووی ئەو هەوڵەی ئێران وەستاوەتەوە و نایەوێت ئەو رێڕەوە گرنگە ستراتیژییە، پەکی بکەوێت کە یەك لەسەر پێنجی هەناردەی وزەی جیهان لەوێوە تێدەپەڕێت.

تاران ستراتیژە نوێیەکەی ئاشکرا کرد

بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و کردنە ئامانجی کەشتییەکانەوە، جموجووڵی بازرگانی لەو گەرووەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و هەر بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت لە جیهاندا زۆر بەرزبووەتەوە و زنجیرەی دابینکردن زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

ئەم دۆخە لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەکانی تاراندا یەكدەگرێتەوە. هەرچەندە ئەو دوو لێپرسراوە باڵایەی ئێران ستراتیژە نوێیەکەیان بۆ رۆیتەرز ئاشکراکردووە، بەڵام وردەکارییەکەیان باسنەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکیان وتوویەتی: نزیکەی 10 رۆژە ئێران شێوازی جیاوازی هێرشبردنی بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەستپێکردووە، کە پێیوایە سەرپێچیی کۆتوبەندەکانی دەکات، ئەمەش وایکردووە هێرشەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانە زیاتر ببێت.

ئەو دوو لێپرسراوە دووپاتیشیان کردووەتەوە؛ ستراتیژەکە گۆڕانکاریی لە جۆر و خێرایی هێرشەکاندا هێناوەتە ئاراوە، یەکێك لە ئامانجەکانیشی دروستکردنی کاریگەرییە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا. بە جۆرێك ئێران دەیەوێت هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت، شکست پێبهێنێت.

هەردووکیشیان ئاشکرایانکردووە؛ بڕیاری گرتنەبەری ستراتیژی نوێ، لە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێرانەوە بڕیاری لێدراوە، بۆ ئەوەش بەتەواوی لەگەڵ سەرجەم پێکهێنەرەکانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای وڵاتدا هاوئاهەنگی کراوە.

چاودێری بێ چەک لە هورمز

لەم نێوەندەدا، لێپرسراوێکی ئەمریکایی باس لەوە دەکات کە ئێران بەتەواوی شێوازەکانی کارکردنی گۆڕیوە، سوپای پاسداران پشت بە کەسانی چاودێری بێ چەك دەبەستێت، کە بە بەلەمی بچووکەوە دەسووڕێنەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجەکان، لەنێویاندا کەشتییەکانی سەربە هێزی دەریایی ئەمریکا، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت، کە زۆربەی توانا رادارییەکانی ئێران تێکشکێندراون.

بۆچی کەشتییە بارهەڵگرەکە پێکرا؟

لەم نێوەندەشدا، دوێنێ دەستەی چالاکیی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی هەڵگری کۆنتێنەر لە گەرووی هورمزدا هێرشی کراوەتەسەر.

سوپای پاسدارانیش لەوبارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دووپاتیکردەوە؛ ئەو کەشتییە زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆنتێنەری بارکردبوو، ویستویەتی بەو رێڕەوەدا تێپەڕێت کە مۆڵەتپێدراو نییە و مەترسیدارە، بۆیە مینێکی دەریایی پێدا تەقیوەتەوە و لە ئاوی باشووری گەرووی هورمزدا ژێرئاو کەوتووە.

لەگەڵ ئەوەی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا روودەدات، بەڵام تاران تائێستا ئامادەیە لەگەڵ رێڕەوی دانوستاندندا رێ بکات، هەربۆیە سەرقاڵی دواساتەکانی داڕشتنەوەی وەڵامەکانێتی بۆ تێبینییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پلانی حەوت رۆژەی کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەسەر رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی نێوانیان.

یەدەگی دیزڵ نەبێت، چی روودەدات؟

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە نوێترین راپۆرتی مانگانەی خۆیدا سەبارەت بە بازاڕی نەوت، رایگەیاند، دەکرێت کەمیی خستنەڕووی دیزڵ تا ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت، چونکە بڕی کۆگاکراو بە ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە و بەرهەمهێنانیش سنوورداربووە، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە داواکاریی وەرزی زستان بەرەو لووتکە دەچێت.

ئاژانسەکە دووپاتیکردووەتەوە؛ بازاڕەکانی دیزڵ هێشتا لەژێر گوشارێکی گەورەدان، چونکە بەردەوامیی پەککەوتنی خستنەڕوو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بووەتە دەستبردن بۆ یەدەگ (بەکارهێنانی کۆگاکراوەکان)، بە پێچەوانەی دۆخی ئاسایی وەرزیی پێش ئەنجامدانی کارەکانی چاککردنەوەی پاڵاوگەکان لە پاییزدا و لووتکەی داواکاری لە زستاندا.

نرخی دیزڵ لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 6.5 دۆلاری بۆ هەر گاڵۆنێك تێپەڕاند، پێش ئەوەی دوای راگەیاندنی «رێککەوتنی دیزڵ» لە نێوان ئەمریکا و روسیا، کەمێک هێمن ببێتەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket