riklam

فەرەنسا.. خۆپیشاندانەکانى رۆژى شەممە قەدەغە دەکرێت

جیهان 05:08 PM - 2026-10-22
وێنەیەکى خۆپیشاندانەکان لە فەرەنسا AFP

وێنەیەکى خۆپیشاندانەکان لە فەرەنسا

جیهانى

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەمڕۆ بڕیاریاندا هەموو خۆپیشاندانەکان لە شاری لیۆن، کە سێیەم گەورەترین شاری فەرەنسایە، بۆ رۆژی شەممە قەدەغە بکەن، ئەم بڕیارەش پێش دەستپێکردنی جووڵە و ناڕەزایەتییەکان دێت کە بڕیارە لەسەر ئاستی سەرانسەری وڵات لە هەمان رۆژدا بەڕێوەبچن، ئەمەش بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی لە پشووی کۆتایی هەفتەی رابردوودا روویاندا و بۆ توندوتیژییەکی بەرفراوان گۆڕان.

پارێزگاریی هەرێمی رۆن لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رووداوانەی لە 17ی تشرینی یەکەم روویاندا، پارێزگار بە فەرمانێک بڕیاری دا سەرجەم ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکان لە شاری لیۆن لە رۆژی شەممە 24 تشرینی یەکەم قەدەغە بکرێن.

شاری لیۆن هاوشێوەی پاریس و شارەکانی دیکەی فەرەنسا، گۆڕەپانی پێکدادان و تاڵانکاری بوو، دوای ئەوەی لە پەراوێزی خۆپیشاندانی جەماوەری دژی گرانیی ژیان، گەنجانی دەمامکدار رژانە ناوەندی شارەکەوە.

گریگۆری دوسێ، سەرۆکی شارەوانیی لیۆن رایگەیاند: شارەکە لە میانی ئاڵۆزییەکاندا چەندین سەعاتی لە نێو پشێویدا بەڕێکرد، بە جۆرێک لە نێوان 150 بۆ200 فرۆشگا تاڵان کران، جیا لە ئاگرتێبەردانی نوسینگەیەکی گەشتیاری، پۆلیسیش نزیکەی 200 کەسی دەستگیر کردووە.

رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان، لە بزووتنەوەی هێلەک زەردەکانەوە تا چەندین سەندیکای کرێکاری، داوایان کردووە رۆژی شەممە ببێتە رۆژێکی نوێی ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی سەرانسەری وڵات، هەروەها بانگەوازیان بۆ مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی دیکە لە پێنجی تشرینی دووەم کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی نەیانتوانی توندوتیژییەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوو کۆنتڕۆڵ بکەن، بەرپرسانی فەرەنسا بڕیاریان دا بۆ ماوەی سێ شەو قەدەغەی هاتووچۆ لە بەشێک لە پاریس، لیۆن و شارەکانی دیکەدا بسەپێنن، بە مەبەستی پاراستنی ناوچە و شوێنە بازرگانییەکان.


PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket