riklam

ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی کۆدەبێتەوە

عیراق 09:16 AM - 2026-10-15
وێنەى کۆبوونەوەیەکى پێشترى ئەنجومەنى نوێنەران PUKMEDIA

وێنەى کۆبوونەوەیەکى پێشترى ئەنجومەنى نوێنەران

ئەنجومەنی نوێنەرانى عیراق بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت کۆدەبێتەوە و لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر ئەو نۆ وەزارەتە دەدرێت کە تاوەکو ئێستا پڕ نەکراونەتەوە، هاوکات دەنگ لەسەر چوار جێگری سەرۆک وەزیران دەدرێت.

لەو بارەیەوە سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKMEDIA ی ڕاگەیاند: ڕێککەوتنێک لە نێوان فراکسیۆنە پەرلەمانییەکاندا هەیە بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدانی پۆستەکانی جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزارەتە چۆڵکراوەکان لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، کە ژمارەیان 9 وەزارەت و 4 جێگری سەرۆکوەزیرانە.

هەروەها وتی: باس لە دروستکردنی 3 وەزارەتی نوێ لە حکومەتی فیدراڵیدا دەکرێت، ئەوانیش وەزارەتی گەشتوگوزار، وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کەمینەکان، لەگەڵ وەزارەتی ئابووریی ژمارەیی و حوکمڕانی.

ڕوونیشیکردەوە: لەو بارودۆخەی ئێستای عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، دروستکردنی هیچ وەزارەتێک کارێکی ئاسان نییە، چونکە پێویستی بە بودجە هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین ببینین لە دانیشتنی ئەمڕۆدا چی ڕوودەدات.

بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر ئەو نۆ وەزارەتە دەدرێت کە تاوەکو ئێستا پڕ نەکراونەتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا بە وەکالەت بەڕێوەدەبران، کە وەزارەتەکان بریتین لە، پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کار، ناوخۆ، وەرزش و لاوان، خوێندنی باڵا، بەرگری، ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار، کۆچ، هاوکات چوار جێگری سەرۆک وەزیرانیش دەنگیان لەسەر دەدرێت.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket