خانەقین؛ فیکەیەک لە ڕابردوو، پرسیارێک بۆ ئەمڕۆ
بیروڕا 02:24 PM - 2026-10-09
PUKMEDIA
عیماد ئەحمەد
هەندێک وێنە قسە ناکەن، بەڵام ناهێڵن بێدەنگ بمێنیتەوە. وێنەیەکی کۆنی شەمەندەفەری خانەقین منی بردەوە بۆ ساڵانی منداڵی؛ بۆ ئەو ڕۆژانەی لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەوە سەیری دنیام دەکرد و وام دەزانی هەرچی ڕێگاکە درێژتر بێت، ژیانیش فراوانتر دەبێت.
ماوەیەک لەمەوپێش، هاوڕێی دێرین و سەنگینم، کاک شێردڵ حەوێزی، لە ڕێگەی واتساپەوە وێنەیەکی کۆنی ساڵەکانی بیستی سەدەی ڕابردووی، سەبارەت بە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری خانەقین، بۆ ناردم. لەگەڵ وێنەکەدا نامەیەکی کورت و پڕمانای نووسیبوو: «بەیانی باش، قطار و نەفتخانەش نووسینەکی دەوێ.»
منیش بە ئاماژەیەک هاوڕایی خۆمم دەربڕی. لە دڵی خۆمدا وتم: کەی کات و دەرفەتم هەبوو، داواکەی کاک شێردڵ جێبەجێ دەکەم، بەڵام وێنەکە هەر لە بەرچاوم مایەوە؛ وەک ئەوەی فیکەی شەمەندەفەرەکە لە دوورەوە، لە ناو بیرەوەریمدا، دەنگ بداتەوە.
کاک شێردڵ سەر بە یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی کۆیەیە. لەپاڵ شارەزاییە سەربازییەکەیدا، پیاوێکی خوێندەوار و لە بواری دیپلۆماسیدا بەئەزموونە؛ لە شاخ و شاردا جێی متمانەی سەرۆک مام جەلال بوو. چەند جارێک، وەک ئەندامانی شاندی یەکێتی، لە سەفەرەکانی مام جەلال بۆ دەرەوەی وڵات هاوسەفەر بووین. تا لە بیرم بێت، دوای تەواوکردنی کۆلیژی سەربازیی عێراق، ماوەیەک وەک ئەفسەر لە دەوروبەری خانەقین خزمەتی کردووە. زۆر جار باسی جوانی و پێشکەوتنی خانەقینی ئەو سەردەمە دەکات؛ بە جۆرێک کە هەست دەکەم ئەو شارە لە دڵی ئەویشدا جێگای خۆی گرتووە.
یەکێک لە نیشانەکانی ئەو پێشکەوتنە، بوونی وێستگە و هێڵی شەمەندەفەر بوو؛ هێڵێک کە خانەقینی بە شارەکانی دیکەوە دەبەستەوە و ژیانی دەخستە جووڵە. خەڵک سەفەریان دەکرد، کاڵا دەگوازرایەوە و بازاڕ گەرم دەبوو. فیکەی شەمەندەفەر بۆ خەڵکی شار دەنگێکی ئاشنا بوو؛ هەواڵی گەیشتن و ماڵئاوایی ڕۆیشتن.
ئەم هێڵە ئاسنینە، ئینگلیز لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بۆ مەبەستی سەربازی دروستی کردبوو، دواتر سوودی بازرگانی و ئابووریی بۆ شارەکە هێنا و خانەقینی بە شارەکانی دیکەی عێراقەوە بەستەوە.
دوو سەفەری ساڵەکانی شەستی سەدەی ڕابردووم بەو هێڵە، تا ئێستاش لە بیرم نەچوون. یەکەمیان لەگەڵ باوکم و خێزانەکەمان بوو بۆ بەغدا و زیارەتی ئیمام کازم؛ دووەمیشیان، بەبێ باوکم، بۆ زیارەتی ئیمام زەینەلعابدین لە داقووق، لە نزیک کەرکووک.
ئەوەی لەو سەفەرانە لە دڵمدا ماوەتەوە، تەنها شوێنی گەیشتن نییە؛ خودی ڕێگاکەیە، دەنگی چەرخەکان و فیکەی شەمەندەفەر و بۆنی دووکەڵی ڕاکێشەرەکە، ئەو پەنجەرەیەیە کە منداڵێکی خانەقینی لێیەوە سەیری جیهانی دەکرد. ئەو منداڵە نەیدەزانی ڕۆژێک دێت، هێڵەکە دەبڕدرێت و فیکەکە تەنها لە یادەوەریدا دەنگ دەداتەوە.
لە بەرامبەر ئەو وێنەیەدا، لە خۆم دەپرسم: شارێک کە ئەوسا شەمەندەفەری هەبوو، بۆچی ئەمڕۆ دەبێت بۆ سەرەتاییترین پێداویستییەکانی چاوەڕوان بێت؟ چی بەسەر شاری خانەقین هات کە لەبری پێشەوەچوون، ناچارە بەدوای ئەو دەرفەتانەدا بگەڕێت کە جارێک هەیبوون؟
بچووککردنەوە و پەڕاوێزخستنی ئەم شارە کوردستانییە دێرینە، لە سەردەمی ڕژێمی سەدامەوە دەستی پێکرد. گواستنەوەی پاڵاوگەی ئەڵوەند بۆ بێجی و کارگەی دروستکردنی بەرمیل لە خانەقینەوە بۆ دوورەی بەغدا، تێکدانی هێڵی شەمەندەفەر، بڕین و وشکاندنی باخەکان و لاوازکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی منزرییە، هەر یەکەیان برینێکیان لە جەستەی شارا بەجێهێشت.
کارگەیەک کە دەگوازرێتەوە، کرێکارێک کارەکەی لەدەست دەدات و خێزانێک بۆ نانی سبەی ناچار بە ڕۆیشتن دەبێت. باخێک کە وشک دەبێت، جووتیارێک بەرهەمی ڕەنجی ساڵانی لەدەست دەدات. ڕێگایەک کە دەبڕدرێت، دەرفەتی هاتوچۆ و بازرگانی کەم دەبێتەوە. بەم شێوەیە، شار وردەوردە لاواز دەکرێت؛ تا گەنجەکەی چارەی خۆی لە ڕۆیشتندا ببینێت.
ڕووخانی بەعس دەبوو کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنێت و دەرگایەکی تازە بە ڕووی خانەقیندا بکاتەوە، بەڵام شارەکە هێشتا بە جۆر و شێوازێکی دیکە ڕووبەڕووی پەڕاوێزخستن دەبێتەوە؛ بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، نیگەرانیی خەڵک لەسەر ناسنامە و داهاتووی شارەکەیان قووڵتر بووەتەوە.
خانەقین نابێت تەنها لە کاتی هەڵبژاردن یان گەرمەی ناکۆکییە سیاسییەکاندا بێتەوە یاد. ئەو خەڵکەی لەوێ دەژین، هەموو ڕۆژێک پێویستییان بە ئاو و کارەبا، قوتابخانە و نەخۆشخانە، کار و ئارامی هەیە. پاراستنی ناسنامەی شارەکەش لە ژیان و مافی خەڵکەکەی جیا نییە.
ڕاستە، ئەمانە هەمووی کراون و هێشتاش بەردەوامن، بەڵام خەیاڵیان خاوە. خانەقین، بە خەڵکە ڕەسەنەکەیەوە، بە گۆڕستانەکانییەوە، بە مەزار و گۆڕی شەهیدەکانییەوە، هەر دەمێنێت. پیلانەکانی دوژمنانیش، وەک پیلانەکانی پێشوو، دەشکێنرێن؛ چونکە ڕەگی ئەم شارە لە خاک و ڕۆحی لە دڵی خەڵکەکەیدا.
دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، هەر یەکە لە سنووری بەرپرسیارێتیی خۆیدا، دەبێت وەڵام بدەنەوە: بۆ خانەقین چییان کردووە و چی دەکەن؟ پێویستە بەهێزکردنەوەی منزرییە، پاراستنی ئەڵوەن، زیندووکردنەوەی باخ و کشتوکاڵ و ڕەخساندنی دەرفەتی کار، ببنە بەرنامەی دیار، بە کاتی جێبەجێکردن و لێپرسینەوە لە ئەنجامەکانیان. گەڕاندنەوەی پەیوەندیی شەمەندەفەریش شایستەی لێکۆڵینەوەیەکی جدییە.
وەفاداری بە خانەقین لەوەدا دەردەکەوێت کە خەڵکەکەی بتوانن لە شاری خۆیاندا بە سەربەرزی بژین و گەنجەکانی ناچار نەبن بۆ دۆزینەوەی داهاتوو، پشت لە زێدی خۆیان بکەن.
کاک شێردڵ وێنەیەکی بۆ ناردم؛ وێنەکەش پرسیارێکی خستە بەردەمم. ئەو منداڵەی جارێک لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەوە سەیری دنیای دەکرد، هێشتا لە ناو مندا ماوە. ئەمڕۆ ئارەزووی ئەوەیە منداڵانی خانەقین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و دڵنیابن لەوەی شارەکەیان جێگای ژیان و گەشەکردنە.
فیکەی ئەو شەمەندەفەرە کۆنە لە گوێمدا دەنگ دەداتەوە؛ ئەمجارە وەک بانگێک بۆ بەرپرسیارێتی. خانەقین مافی ئەوەی هەیە ڕابردووی بپارێزێت و ئەمڕۆی ئاوەدان بکاتەوە و داهاتووی بە دەستی خەڵکەکەی بنووسێتەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ناڤی پیلای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا
01:37 PM - 2026-10-09 -
كەشناسی: ئەگەری تاوەباران و بروسكە هەیە
10:31 AM - 2026-10-09 -
باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا: پشکنینی DNA بۆ 18 تەرم دەکرێت
03:25 PM - 2026-10-08 -
بەرهەمەكانی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەپێشانگای فرانكفۆرت نمایش دەكرێن
01:12 PM - 2026-10-08
ئەمانەش ببینە
کوردستان 05:43 PM - 2026-10-09 ژمارەیەك مامۆستای زانكۆی سلێمانی ناویان چووە ریزبەندیی 2%ی توێژەرانی جیهان
پارێزگاری حەسەكە داوای ئارامی دەكات و هۆشداری دەدات لە توندوتیژی
05:05 PM - 2026-10-09
نرخی نەوت دادەبەزێت
10:52 AM - 2026-10-09
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:04 AM - 2026-10-09
وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر بڕیاری هاوردەکردنی هێلکە و مریشک راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە
11:47 PM - 2026-10-08
زۆرترین خوێنراو
-
خانەقین؛ فیکەیەک لە ڕابردوو، پرسیارێک بۆ ئەمڕۆ
بیروڕا 02:24 PM - 2026-10-09 -
ناڤی پیلای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا
جیهان 01:37 PM - 2026-10-09 -
نرخی نەوت دادەبەزێت
ئابوری 10:52 AM - 2026-10-09 -
كەشناسی: ئەگەری تاوەباران و بروسكە هەیە
کوردستان 10:31 AM - 2026-10-09 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:04 AM - 2026-10-09 -
وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر بڕیاری هاوردەکردنی هێلکە و مریشک راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە
کوردستان 11:47 PM - 2026-10-08 -
سەرۆکوەزیرانی عیراق: بۆ دابینکردنی مووچە سێ بژاردەمان لەبەردەستدا بوو
عیراق 08:52 PM - 2026-10-08 -
جێگرى پارێزگارى سلێمانى: هەر بازرگانێک کاڵا گران بکات رووبەڕووى یاسا دەکرێتەوە
کوردستان 05:43 PM - 2026-10-08







دابەزێنە

