riklam

چاکسازیی ئابووری لە پرسیاری بوێرانەوە دەست پێدەکات

بیروڕا 11:02 AM - 2026-10-22
فەیسەڵ عەلی PUKMEDIA

فەیسەڵ عەلی

کە چاکسازیی ئابووری دەبێتە گەرمترین بابەتی رۆژ، لە فەزای گشتی دەنگی زۆر بەرز دەبنەوە. لێدوانی یەک لەدوای یەک، کۆنگرەی رۆژنامەوانی، داتای ئامادەکراو و بەڵێنی دووبارەکراوە بە داڕشتنی جیاواز. دیمەنەکە پڕ دەبێت لە وشە، تا ئەو رادەیەی وا دەردەکەوێت قسەکردنی زۆر لەسەر قەیرانەکان بووبێتە جێگرەوەی چارەسەرکردنی خودی قەیرانەکە.

بەڵام دەرئەنجام، ئابووری بەرامبەر کامێراکاندا ناگۆڕێت؛ بە لێدوان رێژەی بێکاری دانابەزێت؛ لەبەر ئەوەی بەرپرسێک کاتژمێرێک قسەی لەسەر کردووە بەهای دراو باشتر نابێت؛ و نرخ دانابەزێ هەر لەبەر ئەوەی راگەیەندراوێکی رەسمی بە "کاتی" وا دەڵێت. ئابووری سیستمێکی زیندووە، کە کاریگەریی بڕیار، سیاست، بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و متمانەی لەسەرە. لەبەر ئەوە چاکسازییەکەی، پێش هەموو شتێک، پێویستی بە شتێکە کە وتاری راگەیاندن تێدەپەڕێنێت: پێویستی بە ئاراستەکردنی پرسیاری بوێرانەیە.

پرسیاری بوێرانە، پرسیارێک نییە بۆ شەرمەزارکردنی بەرپرسێک یان یەکلاکردنەوەی حسابی سیاسی لەگەڵ حکومەتدا، ئامانجیشی تۆمارکردنی هەڵوێستێکی سیاسیی کاتی نییە. پرسیاری بوێرانە ئەوەیە کە راستەوخۆ دەچێتە سەر ڕەگی کێشەکە، ئەگەرچی وەڵامەکەش بەئازار بێت، یان کەموکوڕییەک دەربخات کە ساڵانێکە کەڵەکە بووە، یان بەرپرسیارێتییەک بخاتە سەر شانی بڕیاربدەر کە نەکرێت دوابخرێت.

لەبری ئەوەی تەنیا بپرسین: قەبارەی خەرجییەکان گەیشتووەتە چەند؟ لەوانەیە پێویست بێت بپرسین: ئەم خەرجییانە بۆ کوێ دەچن؟ و چییان لێ دەکەوێتەوە؟

لەبری ئەوەی تەنیا بڵێین بودجەی گشتی زیادی کردووە، دەبێت بپرسین: ئایا لەگەڵیدا توانای بەرهەمهێنانی ئابووری زیادی کردووە؟ و ئایا توانای هاووڵاتی لە بەرەنگاربوونی تێچووەکانی ژیانی باشتر بووە؟

لەبری ئاهەنگێڕان بە زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەرانی ناو دامەزراوەکانی حکومەت، رەنگە پرسیارە گرنگەکە ئەمە بێت: ئایا ئێمە هەلی کاری راستەقینە دروست دەکەین، یان لەرڕێگەی گەورەکردنی جەستەی حکومەتەوە کێشە ئابوورییەکە دوا دەخەین؟

ئەم پرسیارانە رەنگە ئاسوودەکەر نەبن، بەڵام پێویستن.

چاکسازیی ئابووریی راستەقینە لەوێوە دەست پێدەکات کە دەستبەرداری مامەڵەکردن لەگەڵ نیشانەکاندا بین وەک ئەوەی کێشە سەرەکییەکە بن. بەرزبوونەوەی نرخ، بێکاری، لاوازیی وەبەرهێنان، دابەزینی توانای کڕین، کورتهێنانی دارایی، و پشتبەستنی زۆر بە یەک سەرچاوە یان یەک کەرت؛ هەموو ئەمانە نیشانەی نەخۆشیی قووڵترن. ئەگەر تەنیا خەریکی چارەسەری نیشانەکان بین، رەنگە بۆ ماوەیەک سەرکەوتوو بین لە هێورکردنەوەی شەقام، بەڵام کێشەکە بە شێوازێکی گەورەتر دەگەڕێتەوە.

لەبەر ئەوە، یەکەم هەنگاو لە رێگەی چاکسازیدا دانپێدانانە بەوەی کە بەشێک لەو سیاسەتانەی پێیان راهاتبووین رەنگە چیتر بەکەڵک نەیەن. ئەمەش رەنگە سەختترین هەنگاو بێت، چونکە دامەزراوە و حکومەتەکان، وەک تاکەکەسان، مەیلیان بەرەو بەرگریکردن لە بڕیارەکانی پێشوویان هەیە، تەنانەت کاتێک ئەزموون دەیسەلمێنێت کە ئامانجە دیاریکراوەکانی نەپێکاوە.
بەڵام ئابووری چاوپۆشی ناکات.

داتاکان ناتوانن راستییەکان بشارنەوە.

ئەگەر پڕۆژەیەک ساڵانێک پارەی گشتی بەهەدەر بدات و قازانجی چاوەڕوانکراو نەهێنێت، دەبێت پرسیارەکە روون بێت: بۆبەردەوامە؟ ئەگەر دامەزراوەیەکی حکومی بەشێکی گەورەی بودجە خەرج بکات بەبێ بەرهەمەکەی لەگەڵ قەبارەی خەرجییەکەدا هاوتا بێت، ئایا کێشەکە لە کەمیی داراییە یان لە شێوازی بەڕێوەبردن؟ و ئەگەر کەرتگەلێکی ئابووری هەبن کە توانای دروستکردنی هەلی کار و جووڵاندنی بازاڕیان هەبێت، بۆ ژینگەی گونجاویان بۆ گەشەکردن پێنادرێت؟

ئاراستەکردنی ئەم جۆرە پرسیارانە مانای هێرشکردنە سەر حکومەت نییە، بەڵکو مانای بەرگریکردنە لە حکومەت و دامەزراوەکانی و پارەی هاووڵاتیانی.

حکومەتی بەهێز ئەو حکومەتە نییە کە پرسیاری لێ ناکرێت، بەڵکو ئەو حکومەتەیە کە دەتوانێت گوێ لە پرسیارە قورسەکان بگرێت و وەڵامی روونیان بۆ بپێشێت.

لێرەڕا گرنگیی ڕاگەیاندن دەردەکەوێت. راگەیاندنی ئابووری، تەنها گواستنەوەی لێدوانە رەسمییەکان یان بڵاوکردنەوەی ژمارەکان نییە، بەڵکو دەبێ بەدوای پشتی ئامار و ژمارە و بڵاوکراوەکان بگەڕێت. کاتێک حکومەت دەڵێت خەرجیی وەبەرهێنان زیادی کردووە، دەبێت راگەیاندن بپرسێت: چ پڕۆژەیەک جێبەجێ کراوە؟ رێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە چەند؟ چی بەرهەم هێناوە؟ چەند هەلی کاری دروست کردووە؟ و قازانجی ئابوورییەکەی چی بووە؟

کاتێک لایەنە پەیوەندیدارەکان وەبەرهێنانی نوێ رایدەگەیەنن، دەبێت پرسیارەکە ئەمە بێت: ئەم وەبەرهێنانانە لەکوێن؟ قەبارەی راستەقینەیان چەندە؟ چەندیان چوونه‌تە قۆناغی جێبەجێکردنەوە؟ و ئەو ئاستەنگانە چیین کە رووبەڕووی وەبەرهێنەران دەبنەوە؟

ئەم پرسیارانە نەیارانە نین. ئەمەنە پرسیاری ئابووریی ئاسایین لە هەر دەوڵەتێکدا کە بیەوێت بزانێت سەرچاوە دارایی و مرۆیی و مادییەکانی بۆ کوێ دەچن و بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.

کێشەکە ئەوەیە زۆرجار ژاوەژاوی راگەیاندن هەستێکی سادە بە مرۆڤ دەبەخشێت کە جووڵەیەکی گەورە هەیە. گوێمان لە دانوستانەکان دەبێت، لێدوانەکان دەبیستین و سەردێڕەکان دەخوێنینەوە، لەبەر ئەوە وا بیر دەکەینەوە کە شتێک دەگۆڕێت. بەڵام چاکسازی بە قەبارەی دەنگەدەنگی دەوروبەری ناپێورێت، بەڵکو بەو ئەنجامانە دەپێورێت کە لە ژیانی خەڵکدا دەردەکەون.

ئایا دەستکەوتنی کار ئاسانتر بووە؟
ئایا دامەزراندنی پڕۆژە رەوانتر بووە؟
ئایا تێچووی ئەنجامدانی کار کەم بووەتەوە؟
ئایا ئاستی خزمەتگوزارییەکان باشتر بووە؟
ئایا ئابووری هەمەجۆرتر بووە؟
ئایا کەرتی تایبەت توانیویەتی گەشە بکات و کێبڕکێ بکات؟
ئایا بودجە کەمتر پشت بە یەک سەرچاوەی داهات دەبەستێت؟

ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەبێت لە ناوەندی گفتوگۆکاندا هەبن.

ئابووری هەمیشە پێویستی بە بڕیارێکی زەبەلاح نییە، هێندەی پێویستی بە زنجیرەیەک لە بڕیاری دروست و کەڵەکەبوو هەیە. چاکسازی لە سیستمی باج، باشکردنی ژینگەی وەبەرهێنان، کەمکردنەوەی رۆتین، بەرەنگاربوونەوەی بەهەدەردان، پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی، پشتیوانیکردنی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان، باشکردنی ژێرخان، و بەستنەوەی خەرجیی گشتی بە ئەنجامەکانەوە؛ هەموویان هەنگاون کە رەنگە بە جیا سادە دیار بن، بەڵام کاتێک کۆدەبنەوە دەتوانن سروشتی تەواوی ئابووری بگوڕن.

لە هەمووشی گرنگتر، چاکسازی پێویستی بە متمانەیە.

وەبەرهێنەر تەنیا بەدوای لێخۆشبوونەکاندا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای یاسایەکی روون و جێگیردا دەگەڕێت. هاووڵاتی تەنیا زیادکردنی کاتیی داهاتەکەی ناویێت، بەڵکو ئابوورییەکی دەوێت کە دەرفەتی راستەقینەی کارکردن و باشکردنی ئاستی بژێویی پێ ببەخشێت. گەنجانیش ئەوەندەی پێویستیان بە بازاڕێکە کە بتوانێت ئاواتەکانیان بگرێتەخۆ، پێویستیان بە بەڵێنی نوێ نییە.
متمانە بە وتار دروست نابێت، بەڵکو بە روونی و بەردەوامی دروست دەبێت.

لەمەشەوە، پرسیاری بوێرانە نابێت تەنیا ئاراستەی حکومەت بکرێت. دەبێت وەک کۆمەڵگەش لە خۆمان بپرسین: ئێمە چیمان لە ئابووری دەوێت؟ ئایا حکومەتێکمان دەوێت کە زیاتر خەرج بکات، یان حکومەتێک کە زیاتر بەرهەم بهێنێت؟ ئایا دامەزراندنی حکومیی زیاترمان دەوێت، یان ئابوورییەکی بەتوانامان دەوێت بۆ دروستکردنی هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا؟ ئایا پشتیوانیی کاتیی نرخمان دەوێت، یان دەمانەوێت چارەسەری ئەو هۆکارانە بکەین کە وادەکەن لە بنەڕەتدا نرخ بەرز ببنەوە؟

ئەم پرسیارانە رەنگە بەرەو وەڵامێکمان ببات کە هەموان رازی نەکات، بەڵام رەنگە بەرەو چاکسازیی راستەقینەشمان ببات.

چاکسازیی ئابووری نە جەنگێکی راگەیاندنە کە ئەو لایەنەی دەنگی بەرزترە تێیدا بباتەوە، و نە هەڵمەتێکی پەیوەندییە گشتییەکانە کە ئامانجی باشکردنی وێنەی حکومەت یان دامەزراوەیەک بێت. بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنە و پێویستی بە دەستنیشانکردنی راشکاوانە، بڕیاری بوێرانە و توانای دانپێدانان بە هەڵەکان و راستکردنەوەیان هەیە.

لەبەر ئەوە، رەنگە کاتی ئەوە هاتبێت پێناسەی گفتوگۆی ئابووری بکەینەوە.

لەبری ئەوەی بپرسین: کێ چی گوت؟، با بپرسین: چی بە راستی گۆڕا؟

لەبری ئەوەی سەرقاڵی ژمارەی کۆنگرە و لێدوانەکان بین، با بەدواداچوون بۆ ژمارەی پڕۆژە تەواوبووەکان، ژمارەی دەرفەتی کاری رەخسێندراو، زیادبوونی قەبارەی بەرهەمهێنا، وەبەرهێنانی بەدیهاتوو و ئەو بەهەدەردانە بکهین کە کەمبووەتەوە.

چونکە ئابووری پێویستی بە دەنگەدەنگ نییە ئەوەندەی پێویستی بە راستییە.
ڕاستیش لە پرسیارێکەوە دەست پێدەکات.
پێدەچێت پرسیارەکە سادە بێت، بەڵام هەندێک جار دەرگا لەسەر دۆسیەیەکی تەواو دەکاتەوە.

پێدەچێت پرسیارەکە بێزارکەر بێت، بەڵام کێشەیەک ئاشکرا دەکات کە زۆرینەی خۆی لێ بە دوور دەگرێت.
پێدەچێت پرسیارەکە سەخت بێت، بەڵام لە کۆتاییدا بەسوودترە لە هەزار وتاری جوان.

لەبەر ئەوە، چاکسازیی ئابووری ئەو کات دەست پێناکات کە زۆر قسە دەکەین، بەڵکو کاتێک دەست پێدەکات کە بوێریی ئەوەمان هەبێت زیاتر بپرسین.
کاتێکیش پرسیارە بوێرانەکان دەبنە بەشێک لە کەلتووری حکومەت و کۆمەڵگە و راگەیاندن، شاردنەوەی کەموکوڕی سەخت دەبێت و دۆزینەوەی ئاسانتر دەبێت، لە دوای ئەوەش گەشتی چاکسازی لە شوێنی راستەقینەی خۆیەوە دەست پێ دەکات.

نەتەوەکان بەوە بەرەو پێش ناچن کە هەڵە ناکەن، بەڵکو بەوە بەرەو پێش دەچن کە بوێریی ئەوەیان هەیە بپرسن: لەکوی هەڵەمان کرد؟ بۆ؟ و دەبێت ئێستا چی بکەین؟
رێک لەم پرسیارەشەوە، چاکسازی دەست پێدەکات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket