riklam

دیدار و کۆنفرانسەکان لە نێوان دروستکردنی وێنە و بەرهەمهێنانی کاریگەریدا

بیروڕا 09:07 PM - 2026-10-15
فەیسەڵ عەلی PUKMEDIA

فەیسەڵ عەلی

دیدار و کۆنفرانسە سیاسی، ئابووری و رۆشنبیرییەکان بوونەتە دیاردەیەکی دووبارەبووەوەی دیمەنی دامەزراوەیی و ئەکادیمیی هەرێمی کوردستان. ساڵانە دامەزراوە حکومی و ئەهلییەکان، زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە رایدەگەیەنن، کە کۆنفرانس، سیمینار و دیدار رێکدەخەن تێیدا باس لە کێشەکانی گەشەپێدان، وەبەرهێنان، حوکمڕانیی باش، و وەرچەرخانە سیاسی و رۆشنبیرییەکان دەکەن، هەروەها کەسایەتیی ئەکادیمی، سیاسی و راگەیاندنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی رادەکێشن. زۆربەی جار ئەم چالاکییانە رووماڵێکی راگەیاندنی بەرفراوانیان بۆ دەکرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ جووڵەی هزری، کرانەوەی دامەزراوەیی و ئامادەیی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێشکەش دەکرێن.

بەڵام دووبارەبوونه‌وه‌ی ئەم چالاکییانە پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت، کە لە ژمارە و قەبارەی بەشدارییەکەی تێدەپەڕێت: دوای تەواوبوونی دانیشتنەکانی ئەم چالاکیانە، چ کاریگەرییەک بەجێدەهێڵن؟ تا چەند ئەو پارە، سەرچاوە مرۆیی و لۆجستییانەی بۆیان تەرخانکراون، بەشداری چارەسەرکردنی کێشە راستەقینەکانی کۆمەڵگە دەکەن؟ ئایا ئێمە لە بەردەم دامەزراوەیەکداین کە زانست دەکەنە ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری، یاخود بەرامبەر شێوازێک لە چالاکی دامەزراوەییداین، کە تێیدا خودی چالاکییەکە دەبێتە ئامانج، و سەرکەوتنی بەستراوەتەوە بە رێکخستنی باش و چڕیی رووماڵی راگەیاندن، نەک بەو ئەنجامانەی کە دەهێنرێنە ئاراوە و دەپێورێن؟

ئەم پرسیارانە ئامانجیان کەمکردنەوەی بەهای دیالۆگی زانستی یان کرانەوەی رۆشنبیری و سیاسی نییە، بەڵکو هەوڵدەدەن پرسیار لە پەیوەندی نێوان خەرجیی گشتی یان دامەزراوەیی، بەرهەمهێنانی زانیاری و بەدەستهێنانی قازانجی کۆمەڵایەتی بکەن؛ ئەم پەیوەندییە یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکانی حوکمدان لەسەر کاریگەریی دامەزراوە هاوچەرخەکان.

یەکەم: لە بەرهەمهێنانی زانیارییەوە بۆ بەکارهێنانی بۆنەکان لە روانگەی کۆمەڵناسیی دامەزراوەییەوە، دەکرێت بڕوانرێتە زۆربوونی دیدارەکان، وەک بەشێک لە هەوڵی دامەزراوەکان بۆ بەهێزکردنی شەرعییەتی خۆیان و دەرخستنی ئامادەیییان لە کەرتی گشتیدا. دامەزراوە تەنها بە ئەنجامدانی ئەرکە سەرەکییەکانی ناوەستێت، بەڵکو سورە لەسەر دەرخستنی توانای خۆی لە دەستپێشخەری، رێکخستن و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەکتەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆنفرانسەکان دەبنە ئامرازێک بۆ دروستکردنی وێنەیەکی ئەرێنیی دامەزراوەیی، سەلماندنی زیندوویی، کاریگەری و توانای هاوشانیبوون لەگەڵ کێشە هاوچەرخەکاندا.

کێشەکە لە خودی ئەم رەهەندە هێماییەدا نییە؛ چونکە وێنەی دامەزراوەیی توخمێکی گرنگە لە بنیاتنانی متمانە و شەراکەت و وەبەرهێناندا. بەڵام کێشەکە کاتێک دەستپێدەکات کە وێنەکە لە ئەنجامدان و کارکردن جیا دەبێتەوە،رێکخستنی چالاکییەکە دەبێتە جێگرەوەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کە بۆی بەستراوە.

لەوانەیە دیدارێکی ئابووری دەربارەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و راکێشانی وەبەرهێنان رێکبخرێت، پاشان بەبێ ئەوەی توێژینەوەیەکی پراکتیکی، پلانی کار، یان میکانیزمێک بۆ پێداچوونەوەی رێکارە پەیوەندیدارەکانی کۆتایی پێدێت. لەوانەیە کۆنفرانسێکی سیاسی باس لە چاکسازیی دامەزراوەیی و بەشداری کۆمەڵایەتی بکات، لە کاتێکدا راسپاردەکانی نابنە پێشنیازی کرداری یان بەرنامەی جێبەجێکراو. هەروەها لەوانەیە سیمینارێکی رۆشنبیری باس لە ئاڵنگارییەکانی ناسنامە، زمان و کەلەپوور بکات، بەبێ ئەوەی پڕۆژەیەکی بەردەوام بۆ پاراستنی بیرەوەری رۆشنبیری یان پاڵپشتیکردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەرهەمبهێنێت.

لە کۆتاییدا، کێشەکە مەرج نییە لە لاوازیی گفتوگۆکەدا بێت، بەڵکو نەبوونی ئەو پردەیە کە گفتوگۆکە لە بواری گوتارەوە بەرەو بواری کرداری دەگوێزێتەوە. بەم شێوەیە چالاکییەکە لە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی زانیارییەوە دەگۆڕێت بۆ بۆنەیەکی بەکاربەری (استهلاکی)؛ بەجۆرێک بیرۆکەکان دەخرێنەڕوو، وێنە دەگیرێت، بڕوانامە دابەش دەکرێت و هەواڵەکانی بڵاودەکرێنەوە، پاشان دیمەنە دامەزراوەییەکە بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی پێشووی خۆی.

دووەم: ئابووریی چالاکییەکان و تێچووی دەرەفتە لەدەستچووەکان.

ئەم دیاردەیە گرنگییەکی زیاتر پەیدا دەکات، کاتێک لە روانگەی ئابووریی هەموەکی و چەمکی (تێچووی دەرفەتی بەدیل)ەوە سەیری دەکەین. هەر بڕە پارەیەک کە لە چالاکییەکی دیاریکراودا خەرج دەکرێت، هی سەرچاوەیەکە کە بە هەمان بڕ بۆ دابینکردنی بودجەی چالاکییەکی تر بەردەست نییە. هەڵسەنگاندنی ژیرانەی ئابووری تەنها لە پرسیارکردن لە تێچووی دیدارەکە ناوەستێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ پرسیارکردن لەوەی کە چی دەست دەکەوت، ئەگەر هەمان سەرچاوە ئاراستەی جێگرەوەکانی تر بكرابایە.

تێچووی رێکخستنی دیدارەکان خەرجیی هۆڵەکان، میوانداری، گەشت، حەوانەوە، بەرهەمهێنانی راگەیاندن، چاپەمەنی، تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان دەگرێتەوە، جگە لەو کاتەی کە بەرپرسان، توێژەران و فەرمانبەران بۆ ئامادەکاری و بەشداریکردن تەرخانی دەکەن. ئەم تێچووانە دەکرێت بە شێوەیەکی بەرچاو لە چالاکییەکەوە بۆ چالاکییەکی تر جیاواز بن، لەبەر ئەوە دروست نییە وا دابنرێت کە هەموو کۆنفرانسەکان تێچوونیان زۆرە یان بێسوودن. بەڵام دووبارەبوونەوەی خەرجکردن بەبێ هەڵسەنگاندنی شێلگیرانە بۆ دەرئەنجامەکان، پرسیاری رەوا دەبارەی کارایی تەرخانکردنی سەرچاوەکان دەورووژێنێت.

لە ژینگەیەکدا کە پێویستی بە باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستی، پاڵپشتیکردنی گەنجان، چارەسەرکردنی بێکاری و بەهێزکردنی ژێرخانی رۆشنبیری هەیە، دەبێت خەرجییە دامەزراوەییەکان بکەونە بەر بەراوردکارییەکی بابەتییانە لە نێوان تێچوو و سوودە چاوەڕوانکراوەکانیاندا. دابینکردنی بودجە بۆ پرۆژەیەکی توێژینەوەی درێژخایەن، یان تاقیگەیەکی زانکۆ، یان بەرنامەیەکی راهێنانی پیشەیی، یان دەستپێشخەرییەکی رۆشنبیری بەردەوام، دەکرێت کاریگەریی زیاتر بێت لە کۆنفرانسێکی بەرفراوان کە میوانێکی زۆری هەیە، ئەگەر ئامانجەکانی سنووردار بن و هیچ پلانێک بۆ بەدواداچوونی دەرئەنجامەکانی نەبێت.

ئەمە بەو مانایە نییە، کە خەرجی کۆنفرانسەکان بە شێوەیەکی رەها تەرفیهی بێ پاساو بن؛ هەندێکیان دەکرێت بەهایەکی زانستی، دیپلۆماسی، یان ئابوورییان هەبێت، کە تێچووی راستەوخۆیان تێدەپەڕێنن. بەڵام سەلماندنی ئەم بەهایە پێویستی بە بەڵگە هەیە، نەک تەنها بە ژمارەی میوانەکان، قەبارەی رووماڵی راگەیاندن، یان ئاستی پرۆتۆکۆلی بەشداربووان بپێورێن.
پرسیارە یەکلاکەرەوەکە لێرەدا ئەوە نییە: چەندمان لە کۆنفرانسەدا خەرج کردووە؟ بەڵکو ئەوەیە: بەرامبەر بەم خەرجییە چ بەهایەک بەرهەمهێنراوە، دەستبەرداری چ جێگرەوەیەک بووین، ئایا ئەنجامەکە شایەنی ئەوە بوو ئەو پارە زۆرەی بۆ تەرخان بكرێت؟

سێیەم: راگەیاندن و دروستکردنی سەرکەوتنی دامەزراوەیی
راگەیاندن یەکێک لەو هۆکارانەیە کە دەکرێت بەشداری دیاری لە بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیەدا هەبێت. کۆنفرانسەکان ماددەیەکی ئامادە بۆ روومالکردن دابین دەکەن: دەستپێکی فەرمی، وتارەکان، وێنەی بەکۆمەڵ، چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکان و ناونیشانێک کە دەستەواژەکانی چاکسازی، گەشەپێدان، کرانەوە و دیالۆگ لەخۆدەگرێت. بە بەراورد، تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم توخمانە تا رادەیەک ئاسانە، لە کاتێکدا پێوانی کاریگەریی راستەقینەی چالاکییەکە پێویستی بە کات، بەدواداچوون و شیکردنەوە هەیە.

لێرەدا پارادۆکسێکی گرنگ دەردەکەوێت: لەوانەیە سەرکەوتنی راگەیاندن خێرا و دیار بێت، لە کاتێکدا سەرکەوتنی گەشەپێدان هێواش و ئاڵۆز دەمێنێتەوە. لەوانەیە چالاکییەک سه‌رنجی زۆری راگەیاندن رابکێشێت سەرەڕای سنوورداریی ئەنجامە کردارییەکانی، لە کاتێکدا توێژینەوەیەکی زانستی تۆکمە یان دەستپێشخەرییەکی سەرکەوتووی کۆمەڵایەتی سەرەڕای کاریگەرییە بەردەوامەکەی، هەمان سەرنج راناکێشێت.

لەمەوە هاندەری دامەزراوەیی دروست دەبێت، کە دەکرێت هەندێک لایەن هان بدات بۆ هەڵبژاردنی ئەو چالاکییانەی وێنە و هەواڵی ئاسان بۆ ئاڵوگۆڕکردن بەرهەمدێنن، لە بری وەبەرهێنان لە هەندێک بوار کە کەمتر دیارن و پێوانیان قورسترە، وەک بەدواداچوونی توێژینەوەیی، هەڵسەنگاندنی رێکارەکان، بنیاتنانی بنکەی زانیاری و گەشەپێدانی بەرنامە جێبەجێکارییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناکرێ مامەڵە لەگەڵ راگەیاندن وەک تەنها هۆکاری کێشەکە بکرێت؛ بەڵکو دەتوانێ  رۆڵێکی چاودێریی ئەرێنیش بگێڕێت، لەڕێی پرسیارکردن لە تێچووی چالاکییەکان، دەرئەنجامەکانیان و ئاستی جێبەجێکردنی راسپاردەکانیان.

ئەوەی پێویستە، گوێزانەوەیە لە راگەیاندنێکەوە کە تەنها  رووداوەکە تۆمار دەکات، بۆ راگەیاندنێک کە بەدوادچوون بۆ ئەوەی دوای چالاکییەکە روودەدات دەکات، بەراوردی نێوان بەڵێن و دەرئەنجامەکان دەکات، هەمان کات بۆ رەخنە و هەڵسەنگاندن تەرخان دەکات کە بۆ دەستپێک و وتارەکان تەرخانی دەکات.

چوارەم: زانکۆکان لە نێوان پەیامی زانستی و لۆجیکی خۆدەرخستندا
بەشداریی زانکۆکان لەم دیاردەیەدا شایەنی سەرنجی تایبەتە، چونکە دامەزراوەی زانکۆ تەنها لایەنێکی رێکخەری چالاکییەکان نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکە پێشبینی لێ دەکرێت ئەركی بەرهەمهێنانی زانیاری، گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستی، پێگەیاندنی کادر و خزمەتکردنی کۆمەڵگە بگرێتە ئەستۆ.

شتێکی سروشتییە کە زانکۆکان کۆنفرانسی زانستی رێکبخەن، میوانداری توێژەران و شارەزایان بکهن، دەرگا بۆ دیالۆگی نێوان پسپۆڕییەکان و رۆشنبیرییەکان بکەنەوە. دەکرێ ئەم چالاکییانە بۆ گەشەپێدانی توێژینەوە و بنیاتنانی تۆڕی هاوکاری زانستی پێویست بن. بەڵام بەهایان دادەبەزێت کاتێک ژمارەی کۆنفرانسەکان دەبێتە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ پێشکەوتنی ئەکادیمی، بەبێ رەچاوکردنی کوالیتی توێژینەوە زانستییەکان، ئاستی هەڵسەنگاندن، یان پەیوەندی توێژینەوەکان بە کێشە ناوخۆییەکانەوە، یان ئەگەری سوودوەرگرتن لێیان لە پەروەردە و سیاسەتە گشتییەکاندا.

پێوەری ئەکادیمی بە ژمارەی ئەو وشانە ناپێورێت کە لەسەر سەکۆکە گوتراون، بەڵکو بەو بڕە زانیارییە بڕواپێکراوە دەپێورێت کە زیادی کردووە، بەو پرسیارە نوێیانەی کە کردوویەتییەوە و بەوەی بەشداری کردووە لە گەشەپێدانی توێژینەوە یان راهێناندا. ئەو کۆنفرانسەی کە دەرئەنجامەکانی لە دەرکردنی کتێبێک یان راسپاردەی گشتی تێنەپەڕێت، کە دەکرێت بەهایەکی بەڵگەنامەیی هەبێت، بەڵام مەرج نییە کاریگەرییەکی دامەزراوەیی یان کۆمەڵایەتیی بەرچاو بەدەستبهێنێت.

لێرەوە، بەرپرسیارێتی زانکۆکان وادەخوازێت چالاکییەکان بە پڕۆژەی توێژینەوەی دواتر ببەستنەوە،   قوتابیان و توێژەرە گەنجەکان بەشادری پێبکەن، بڵاوکردنەوەی توێژینەوە زانستییەکان بەپێی پێوەری روون بێت و دەرئەنجامەکان بۆ رای گشتی بڵاوبکرێنەوە، هەروەها بنیاتنانی شەراکەت بێت تا زانیاری بەرهەمهێنراو لە چارەسەرکردنی کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان لە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێن.

پێنجەم: چۆن دیدارەکان بکرێنە ئامرازی گۆڕانکاری؟
رەخنەگرتن لەم دیاردەیە بەبێ پێشکەشکردنی جێگرەوەی کرداری نادروستە. ئەوەی داواکراوە هەڵوەرینی کۆنفرانسەکان یان سنووردارکردنی دیالۆگ نییە، بەڵکو دووبارە پێناسەکردنەوەی سەرکەوتنیانە و دانانیەتی لە ناو سیاسەتێکی دامەزراوەیی کە لەسەر بنەمای دەرئەنجام و لێپرسینەوە وەستابێت.

یەکەم: دەبێت هەر چالاکییەک بە دیاریکردنی کێشەیەکی روون و ئامانجی پێوراو دەستپێبکات، لەگەڵ روونکردنەوەی هۆکاری پێویستی رێکخستنی، ئەو لایەنانەی لێی سوودمەند دەبن و ئەو بەها زێدەی کە لێی چاوەروان دەکرێت، بەراورد بە ئامرازەکانی تری وەک توێژینەوەی پسپۆڕی، کۆبوونەوەی تەکنیکی، یان راوێژکاری ڕاستەوخۆ بەدەستی بهێنێت.

دووەم: پێویستە خەمڵاندنی دارایی روون بۆ چالاکییەکە بڵاوبکرێتەوە، کە گونجاو بێت لەگەڵ سروشتی دامەزراوەکە و ئەو یاسایانەی بۆی دەگەڕێتەوە، لەگەڵ بەردەستکردنی زانیاری پەیوەندیدار بە سەرچاوەی دابینکردنی بودجە و بوارەکانی خەرجکردن کە لە کوێدا گونجاو بێت. شەفافیەت بە مانای گومانکردن لە نیەت پاکی نییە، بەڵکو رێگە بە کۆمەڵگە دەدات لەسەر بنەمای زانیاری بڕیارەکان هەڵبەسەنگێنێت.

سێیەم: بەرپرسیارێتی لایەنی رێکخەر نابێت بە کۆتاهاتنی دانیشتنی کۆتایی تەواو بێت. بەڵکو دەبێت لایەنێکی بەرپرس بۆ بەدوادچوونی راسپاردەکان دیاری بکرێت، خشتەیەکی کاتی بۆ جێبەجێکردنیان، ئاماژەپێدەرەکان بۆ پێوانی پێشکەوتن و دواتر بە ڕاپۆرتێک چی جێبەجێکراوە و چی ڕێگری لێکراوە و هۆکارەکانی چی بوون روونی بکاتەوە.

چوارەم: دەکرێت دوای شەش مانگ یان ساڵێک هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بەپێی سروشتی چالاکییەکە، بۆ پێوانی کاریگەرییەکەی لە سیاسەتەکان، راهێنانەکان، توێژینەوەی زانستی، یان شەراکەتە دامەزراوەییەکان. نابێت هەڵسەنگاندن تەنها لەسەر ژمارەی بەشداربووان یان بڵاوکراوە میدیاییەکان بێت، بەڵکو دەبێت ئەنجامە راستەقینەکان بگرێتەوە، دەریش بکەوێت کە هەندێک چالاکی ئامانجەکانیان بەدەست نەهێناوە.

پێنجەم: گرنگە تۆمارێکی دامەزراوەیی بۆ کۆنفرانسەکان و دەرئەنجامەکانیان بنیات بنرێت، بە شێوازێک کە رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەمان بابەتەکان بەبێ پاساو بکات، و رێگە بدات سوود لە ئەزموونەکانی پێشوو وەربگیرێت. هەروەها دەبێت هانی هاوکاری نێوان دامەزراوەکان بدرێت بۆ کەمکردنەوەی دووبارەبوونەوە و ئاراستەکردنی بەشێکی گونجاوی بودجە بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییە دەستهاتووەکانی ناو کۆنفرانسەکان، لە بری بەهەدەردانی سەرچاوەکان لە قۆناغی ڕێکخستندا تەنها.

لە کۆتاییدا، دەبێت پێداچوونەوە بە کەلتووری دامەزراوەییدا بكرێت کە سەرکەوتن دەبەستێتەوە بە چڕی چالاکی و دەرکەوتنی، و جێگرەوەی بکات بە کەلتوورێک کە پێگەی دامەزراوەیی دەبەستێتەوە بە دەستکەوت، بەردەوامی، و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان.

دەرئەنجام
دیاردەی کۆڕ و دیداری سیاسی، ئابووری و رۆشنبیرییەکان لە هەرێمی کوردستان شایەنی توێژینەوەیەکی رەخنەیی جدییە، نەک لەوەی دیاردەیەکی خراپە، بەڵکو بەرفراوانبوونی و دووبارەبوونەوەی وا دەکات پێویست بە پرسیارکردن بکات، لەسەر پەیوەندی نێوان ئەوان و ئامانجە سەرەکییەکانی گەشەپێدان، هەروەها لە ئاستی هاوسەنگی نێوان خەرجکردن لە دروستکردنی چالاکییەک و وەبەرهێنان لە ئەنجامەکانیدا.

کێشەکە لەوەدا نییە، کە نوخبەکان کۆببنەوە یان بیرۆکە ئاڵوگۆڕ بکەن، هەروەها لەوەشدا نییە کە دامەزراوەکان ئامادەیی راگەیاندنیان هەبێت، بەڵکو کێشەکە لە ئەگەری گۆڕانی ئەم چالاکییانەیە بۆ جێگرەوەیەکی هێمایی بۆ دەستکەوت، بەجۆرێک رێکخستنی کۆنفرانسەکە دەبێتە بەڵگەی سەرکەوتن پێش ئەوەی کاریگەرییەکەی لە واقیعدا تاقیبکرێتەوە. کاتێک چالاکییەکان دووبارە دەبنەوە بەبێ بەدواداچوون یان هەڵسەنگاندن، دەکرێت کاریگەریی جووڵە دروست بکەن بەبێ ئەوەی کاریگەرییەکەی بگاتە دەرەوەی هۆڵەکانی کۆنفرانسەکە.

گەشەپێدان، بە ژمارەی ئەو کۆنفرانسانە ناپێورێت کە دامەزراوەکان رێکی دەخەن، بەڵکو بە توانایان لە گۆڕینی زانیاری بۆ بڕیار، بڕیار بۆ بەرنامە، بەرنامە بۆ دەرئەنجامێک کە هاووڵاتی هەستی پێبکات. هەروەها بەهای زانکۆ بە ژمارەی ئەو سەکۆیانە دیاری ناکرێت کە میواندارییان دەکات، بەڵکو بەوەی لە زانیاری رەسەن بەرهەمی دێنێت  و ئەوەی بەشداری تێدا دەکات لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا.

لەوانەیە گرنگترین پێوەر بۆ دادوەرییکردنی هەر دیدارێک پرسیارێکی سادە بێت: دوای تەواوبوونی ئەم دیدارە چ شتێک لە واقیعدا جیاواز بووەوە؟ ئەگەر لایەنی رێکخەر وەڵامێکی روون و پشتڕاستکراوەی بە بەڵگەی پێنەبێت، ئەوا سەرکەوتنی بۆنەکە، هەرچەندە شۆخ و شەنگ بێت و رووماڵی راگەیاندنی بەرفراوان بێت، بە سەرکەوتنی بەڕێوەبردنی چالاکییەکە دەمێنێتەوە، نەک بە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی لە پێناویدا دامەزراوە.

لێرەوە، هەرێمی کوردستان پیویستی بە زیادبوونی دیدار و کۆنفرانسەکان نییە، بەقەد ئەوەی بە کاریگەریی دامەزراوەییە؛ بە زۆرکردنی سەکۆکان نییە، بەڵکو بۆ بنیاتنانی پردە لە نێوان هزر و کاردا،  لە نێوان خەرجی و دەرئەنجام، لە نێوان وێنەی راگەیاندن و دەستکەوتی بەرچاودا هەیە. تەنها لەو کاتەدا کۆنفرانسەکان دەتوانن سنوورەکانی بۆنە تێپەڕێن، کە ببنە ئامرازی راستەقینە بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری، گەشەپێدانی سیاسەتەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket