riklam

له‌ساڵیادی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی شاخ دا

کوردستان 09:17 AM - 2026-10-01
هونەرمەندی گەورەی كورد حەمە جەزا PUKMEDIA

هونەرمەندی گەورەی كورد حەمە جەزا

كوردستان

ئەمڕۆ 1ی 10ی 2026 ، 16 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین و هونەرمەندی گەورەی كورد حەمە جەزادا تێدەپەڕێت.

‎ئەو دەریایەكی بێسنوور بوو لە مەقام و ئەوین، ئاسمانێكی  قوڵ بوو لە شیعری خۆشەویستی  وتاڵی تەمەن ، تاڤگەیەك بوو لە سروودی نیشتیمانی ویاخی بوون ،ڕووبارێك  مۆسیقای سەرهەڵگرتوو بوو بە ناو زنجیرە تراژیدیای جەستەی  گەلەكەیدا  شۆڕ دەبوەوە، نەرمە بارانی گۆرانی و مۆسیقای  هەر چوار وەرزی ساڵ بوو، پر  بوو لە نیگاری  سروشتی جوانی و بەهاری پر لە ئەمەكی یادەوەری رۆمانسیەتی  شەهیدان و خاك و پێشمەرگە ،كێوی هەڵوێستێك بوو تا  هەتایە  لەبن نەدەهات ، لە كانێسكانی بڵێسەی  خۆپیشاندان و راپەرینی  شاردا  لە دایك بوو، لە سەر شەقام و كۆلانەكانی  سلێمانی دا  باڵای كرد ،  بوو بە حەمەجەزا.

‎ ‎پێشمەرگەیەك ساڵانێك لە گەڵ تاوێرەكانی قەندیلدا چۆڕاوێك ئاوی كانیاوی تاڤگە سازگارەكانی ئەوێ و هێزێك لە باوەڕلە تێشوەكەیدا بوو ، 

‎سروودو مەقامەكانی ئەو هەڵوێستی پر لە بوركانی خەبات بوو، وەك  پەڵە هەورەكان دەگەیشتە  هەموو بستێكی نیشتیمان ، دەیان كەسیان كرد بە رێكخستنە  نهێنییەكانی  شار ،چەكیان كردە  شانی  سەدان گەنج و  روویان كردە چیاكان .ئەڵقەی نارنجۆكی دەستی پێشمەرگەكانی كوردستان بوون، لە سەر شەقام و ناو كۆڵان و گەرەكەكانی شاردا  ڕووبەڕووی  داگیر كەران   دەتەقینەوە ، مەقامەكانی  ئەو چرای بیری  نوێی   بەندییەكان بوو ، ژوورە  تاریك و شێدارەكانی  زیندانی  رووناك  دەكردەوە ،سوێی ئازارو ئەشكەنجەیانی  دەكرد بە رۆحی  ورەو هەناسەی  بەردەوامی كۆڵنەدان و شۆرش، ‎پێشمەرەگەیەك هەموو ساڵانی جوانی تەمەنی و هەرزەكاری لە نێوان تاشە بەردەكانی قەندیل و لە ژێر ڕەحمی ئاگرینی فڕۆكەكانی دوژمن بە سەر برد، هونەرمەندێك ئاوازەكانی، هاوارەكانی ، سرودەكانی ، قەڵغانی پۆڵاینی پێشمەرگە و دوێنێی شاخ بوو، ئەو كاتێك دەیچریكاند بە گوێی قەندیلدا كوردستان بە دەمییەوە پێ دەكەنی ، ئەو كاتێك گۆرانی بۆ پێشمەرگە دەگوت مە‌رگ لە كوچەو كۆڵانەكانی ئەم وڵاتەدا خۆی مەڵاس دابوو، حەمە جەزا شۆڕشگێڕێك كە لە گەڵ سات بە ساتی گوزەركردن بە ناو نەهامەتیەكاندا بۆ كوردستان زیاتر بە جۆش دەبوو ، ئەو لە ماوەی دوو شۆڕشدا نەیزانی چۆكدادان چیە ، ساتێك لە ناخەوە تامی شكستی نەكرد ، ئەمڕۆ ساڵیادی ئەو پێشمەرگە ، ئەو هونەرمەندەیە كە بۆ یەكجاری سلێمانی وكوردستانی  بە جێهێشت.

‎حەمە جەزا عەلی" لە 3ی 2ی 1949، لەشاری سلێمانی چاوی پوشكووتووه. هونەرمەند حەمەجەزا هەر لە منداڵییەوه ئارەزووی هونەر و سترانی كردووه. زۆرینەی بنەمەڵەكەیان به كەسانی دەنگخۆش دەناسرێن و ژمارەیەكی زۆریان وەك "ئەژدەر وەهبی"، "بەرهەم حەسەن" و هتد ناوبانگێكیان لەناو هونەری كوردیدا پەیدا كردووه.

‎لە تەمەنی 19 ساڵیدا ژیانی هاوسەری پێكەوە ناوەو خاوەنی 6 منداڵە (2 كوڕ و 4 كچ).

‎لەساڵی 1969دا "حەمە جەزا" دەبێته ئەندامی "تیپی هونەر و وێژەی كوردی" و لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆیدا وەك "عوسمان عەلی"، "سەلاح مەجید"، "حەمەی نێرگز" و هتد بەشدای چەندان ئاهەنگی موزیكی دەكات.

‎بۆ یەكەمجار لەساڵی 1970دا بەرەوو شاری هەولێر دەڕوات و له ئاهەنگی 16ی ئابدا بەشداری دەكات، هەروەك خۆی له یادگارییەكانیدا دەگێڕێتەوه. دواتر بەتەواوەتی له هەولێر نیشتەجێ دەبێت و بەهۆی خۆشی دەنگییەوه ژمارەیەكی زۆر له دۆست و هاوەڵانی بۆ پەیدا دەبێت و بەتەواوەتی لەنێو هونەرمەندان و ڕۆشنبیراندا دەناسرێت.

‎یەكەمین بەرهەمی تۆماركراوی لەساڵی 1971دا بەناوی "بیبی خانم" بڵاودەكاتەوه، كه له سلێمانی لەگەڵ چەند ئەندامێكی "تیپی مۆزیكی باواجی كۆیه" تۆماری دەكات.

‎ساڵی 1977 بەرهەمێكی دیكەی بەناوی "ئیشق و ئازدای" هۆنراوەی "هێمن موكریانی" و بەژەنینی ئامێری عود لەلایەن "ڕزگار خۆشناو" بڵاودەكاتەوه. ئەم بەرهەمه نوێیەش ناوبانگێكی باش به "حەمه جەزا" دروست دەكات و لەماوەی تەنها دوو ڕۆژدا لەسەرتاسەری كوردستاندا بڵاو دەبێتەوه.

‎لەساڵی 1977دا دوو ستران لەگەڵ "تیپی مۆزیكی هەولێر"دا تۆمار دەكات و لەساڵی 1978دا "حەمه جەزا" چوار سترانی دیكەی لەگەڵ هەمان تیپدا بڵاو دەكاتەوه. لەساڵی 1980دا دوو سترانی دیكە لەگەڵ "تیپی مۆزیكی هەولێر" بەئەنجام دەگەێنێت.

‎"حەمه جەزا" زۆرینەی بەرهەمه بەپێزەكان لەگەڵ هونەرمەندی عودژەن "ڕزگار خۆشناو" بەئەنجام گەیاندووه.

‎دوای بە ئەنجام گەیاندنی بەرهەمی "ئیشق و ئازدای" هونەرمەند "حەمە جەزا" لەساڵی 1977دا "شەنگەبێری" تۆمار دەكات و لەساڵی 1978یشدا "بووكی ئازادی و جوانی ناو چیا" بەئەنجام دەگەێنێت. هەر هەمان ساڵ "ناڵەی جودایی" مامۆستای هێمن " گلەیی له كەس ناكەم" ئاوێتەی هونەری كوردی دەكات.

‎سەرجەم ستران تۆماركراوەكانی "حەمه جەزا" 212 دەبن، بێجگه له بەشداربوون لە سەتان ئاهەنگ و مێهرەگان و ئاهەنگی تایبەت.

‎پاش بێزارییەكی زۆر و هەراسانكردن و ڕاوەدوونان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوه "حەمه جەزا" له 23ی 5ی 1981، شاری هەولێر بەجێدەهێڵێت و بەرەوو شاخ دەڕوات. سەرەڕای سەختی ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی هونەرمەندی ناوبراو له هونەر دوورنەكەوتەوه و چالاكی خۆی لەگەڵ "تیپی مۆزیكی شەهید كارزان" درێژ پێدا و كۆمەڵێك له سروودی نشتیمانی بۆ پێشمەرگە و خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان تۆماركرد.

‎پاش ڕاپەڕینی بەهاری 1991 "حەمە جەزا" له 3ی 10ی 1991 یەكەمین ئاهەنگی له "یانەی مامۆستایان" لەگەڵ "تیپی هونەری هەولێر" لەشاری هەولێر سازكرد.

‎"حەمه جەزا" 1990 لەگەڵ خانەوادەكەی بەرەوو وڵاتی دانیمارك ڕۆیشتن و لەو وڵاته گیرسانەوە ، زۆرجار سەردانی كوردستانی دەكردەوه و بەشداری چالاكی هونەری دەكرد. له دوای 2000ەوه چەندان ئاهەنگی له هەولێر، سلێمانی، كەركوك، ڕۆژهەڵاتی كوردستان سازداوه و بە‌شداری دەیان بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنی كردووه.

‎2007 "حەمه جەزا" دووچاری شێرپەنجەی پەنكریاس دەبێتەوه و به مەبەستی چارەسەری پزیشكی سەردانی ئەمەریكا و زۆر شوێنی دیكه دەكات، بەڵام ڕۆر دوای ڕۆژ تەمەنی له كورتی ئەدا و خەونەكانی كاڵ دەبوونەوه و ژیانی بەرەو لێژەی گڵۆڵەبوون دەچوو.

‎"حەمه جەزا" لەپاڵ دەنگه سازگارییەكەی، خەریكی نووسینی هۆنراوەش بوو و دیوانێكی گەورەی بە چاپ گەیاندووه و له لاپەڕەی 239دا، كه له شاری "هێرلیو له دانیمارك له 2008.11.10 لەسەر نەخۆشییەكەی دەنووسێت: "بۆكرۆزی دێ له سینەم، قرچەی سوتانی جگەرمه ئەتاسێنی هەناسە و دڵ زۆر لەسەرخۆ نەرمه نەرمه هێدی هێدی گڕ ئەسێنێ، ئازار وا گەیشته جەستەم، دەزانم دەردم گران، من دەردەداری شێرپەنجە، مەرگم نزیكه و لێم حاڵی، دەوایەك بۆ سەرەتانم، تا ئەو كاتەی چاولێك ئەنیم، بەهێوای خۆشی ژیانم."

‎له 2009.10.26 "وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان" لە شارە دێرینەكەی كوردان، شارە خۆشەویستەكەی "حەمەجەزا"ی هونەرمەند، كە تەمەنێكی زۆری لەوێ بەسەربردبوو، لە "هۆڵی پێشەوا"ی هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە هونەرمەند و پێشمەرگە "حەمەجەزا".

‎لەسەعات 1:50 ی ڕۆژی هەینی 1-10-2010 دڵه گەورەكەی له لێدان كەوتوو و بەیەكجاری ماڵئاوایی له ژیان كرد. هەر هەمان ڕۆژ له كاژاوەیەكی پڕ شكۆی شایستەدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بنەماڵە و كەسوكار و دۆستان و هاوڕێیانی هونەرمەند لە گردی سەیوان لە سلێمانی تەرمەكەی بەخاك سپێردرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket