riklam

قوباد تاڵەبانی 12 پاسی کارەبایی بۆ زانکۆی کۆیە دابین دەکات

کوردستان 08:13 PM - 2026-09-29
زانکۆی کۆیە راگەیاندنی زانکۆی کۆیە

زانکۆی کۆیە

 لە هەنگاوێکی نوێ و گرنگدا بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی دەستپێشخەریی (زانکۆی سەوز) زانکۆی کۆیە، بۆ دابینکردنی 12 پاسی کارەبایی، لەگەڵ کۆمپانیایەکی وڵاتی چین ڕێککەوتن، کە لەچوارچێوەی بەڵێنێکی قوباد تاڵەبانی-دایە.

ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە (2023-2027) و دەستپێشخەریی (زانکۆی سەوز)دێت، کە لە رۆژی 16ی ئایاری 2024 لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە رەسمیی ڕاگەیەندرا، کەتێیدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ گواستنەوەی کارەبایی لە زانکۆی کۆیە دەربڕی و بەڵێنی دابینکردنی 12 پاسی کارەبایی بە زانکۆکەدا، بەم جۆرە ڕێککەوتنەکەی وڵاتی چین دەبێتە هەنگاوێکی کرداریی بۆ بەدیهێنانی ئەو بەڵێنە و چەسپاندنی دیدگای ستراتیژیی زانکۆ.

 رێککەوتنی دابینکردنی پاسەکان لەسەر ئەرکی قوباد تاڵەبانی، لە میانی سەردانی وەفدێکی باڵا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆی کۆیە بۆ کۆماری میللیی چین هاتە ئاراوە، دوای بەسەرکردنەوەی چەندین کۆمپانیای تایبەتمەند لە بواری گواستنەوەی کارەبایی و تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار و هەڵسەنگاندنی وردی پێوەرە تەکنیکییەکان، کۆمپانیایەکی چینی بۆ دابینکردنی پاسەکان دەستنیشان کرا.

ئەم 12 پاسە کارەبایییە دەبنە بڕبڕەی پشتی پڕۆگرامی گواستنەوەی خاوێن لە زانکۆ، بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنیی باو، کەمکردنەوەی گازە دەردراوەکان لەناو کەمپەس و دابینکردنی گواستنەوەیەکی تەندروست و دۆستی ژینگە بۆ خوێندکار، مامۆستا، فەرمانبەر، میوانان و گەشتە پەروەردەییە ژینگەییەکان.

گواستنەوەی پاک یەکێکە لە کردارە سەرەکییەکانی دەستپێشخەریی زانکۆی سەوز، لەپاڵ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە، بەڕێوەبردنی ئاو، پاشەڕۆکۆکردنەوە (ڕیسایکلکردن)، فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی، پەروەردەی ژینگەیی و توێژینەوەی بەردەوام. 

لە ڕێگەی کارپێکردنی ئەم پاسە کارەبایییانەوە، زانکۆی کۆیە دەیەوێت کەمپەسەکەی بکاتە نموونەیەکی کرداری و «تاقیگەیەکی زیندوو» (Living Lab)، تا خوێندکاران، توێژەران و کۆمەڵگە لە نزیکەوە تەکنەلۆژیای بەردەوام بەرجەستە بکەن.

ئەم دەستکەوتە، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی بەردەوامی زانکۆی کۆیەیە بە جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیی پێنج ساڵە و چەسپاندنی پێگەی زانکۆ وەک ناوەندێکی پێشەنگ لە ڕوبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و گواستنەوە بەرەو داهاتوویەکی سەوزتر.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket