riklam

هەزاران منداڵی کەمپی سەرێ کانی لەخوێندن بێ بەشبوون

کوردستان 01:16 PM - 2026-09-25
کەمپی سەرێ کانی ANHA

کەمپی سەرێ کانی

کوردستان

ئازاری نزیکەی دوو هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپی سەری کانی لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر دەبێت، بەهۆی ئەوەی کاروانەکانی گەڕانەوە راگیراوە، داخستنی خوێندنگەی ناو کەمپەکەش هەزاران منداڵی لە خوێندن بێ بەش کردووە.

ئاژانسی هەواڵی هاوار لە زاری عەبدولڕەزاق محەمەد هاوسەرۆکی کەمپی سەرێ کانی بڵاویکردەوە:53 خێزانی کەمپەکە کە نزیکەی 300 کەس بوون، لە کاروانی یەکەمدا گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان، لەکاتێکدا کاروانی دووەم 677 خێزانی تێدابوو، واتە نزیکەی 4 هەزار و 527 کەس.

راشیگەیاند: لەئێستادا نزیکەی دوو هەزار خێزان لەناو کەمپەکەدا ماون، لەگەڵ خستنەگەڕی کاروانەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامیی گەڕانەوەشیان، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە خوێندنگەکانی ناو کەمپەکانی داخست و بەوهۆیەشەوە هەزاران منداڵ لە خوێندن بێ بەشبوون، سەرەڕای ئەوەی گەڕانەوەی ئاوارەکان ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کاروانی سێیەم دیارینەکراوە یان ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕاگرتنی کاروانەکە نەدراوە.

هاوسەرۆکی کەمپی سەرێ کانی، ئاماژەی بەوەشکرد، داخستنی خوێندنگەکان لە گرفتە هەرە بەرچاوەکانی بەردەم ئاوارەکانە، کە هەزاران منداڵ و خوێندکار لە خوێندن بێبەش دەکات، هاوکات کەمبوونەوەی ئەو یارمەتییانەی کە ڕێکخراوە مرۆییەکان پێشکەش بە دانیشتوانی کەمپەکەی دەکەن ئاڵۆزتر دەبێت، دۆخی ئاوارەکان خراپتردەکات.

راشیگەیاند: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە بەرپرسن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەست بە کاروانەکان بکەنەوە و پێش هاتنی زستان گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ ناوچەکانیان خێراتر بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیاربوو کاروانەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەردەوام بن، بەڵام هێشتا وادەی کاروانی سێیەم دیاری نەکراوە.

گەڕانەوەی ئاوارەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 29ی مانگی یەکدا دێت کە لە نێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئیمزاکرابوو، کە بڕگەکانی پەیوەست بە گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پەنابەران بۆ ناوچە سەرەتاییەکانیان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لەو ناوچانەی ڕێککەوتنەکە دەیگرێتەوە، لەخۆگرتبوو.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket