riklam

دەنگۆی گیان لەدەستدانی گەنجەكانی ئیدارەی راپەڕین رەتدەكرێتەوە

کوردستان 12:59 PM - 2026-09-23
ئەبوبەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا PUKMEDIA

ئەبوبەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا

كوردستان

سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا، دەنگۆی گیان لەدەستدانی گەنجەكانی ئیدارەی راپەڕین لە رێگای ئەوروپا رەتدەكاتەوەو داوای راگرتنی كۆچی مەترسیدار و نایاسایی لەڕێگای لیبیاو تونس دەكات.

ئەبوبەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا، ئەمڕۆ 23ی 9ی 2026، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: ئێمە لەهەر رووداوێكی ژێرئاوكەوتندا پشت بەسەرچاوەی دروست دەبەستین و پێویستە شوێن و كاتی رووداوەكە دیاریی بكرێت، بۆیە دەنگۆی گیان لەدەستدانی گەنجەكانی ئیدارەی راپەڕینی لە رێگای ئەوروپا رەتدەكەینەوەو داوا لەمیدیاكاران و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین كە هەواڵی ناڕاست و پشتڕاست نەكراوە بڵاونەكەنەوە، چونكە ئەم دەنگۆیانە دۆخی دەرونی سەرجەم ئەو خانەوادانە تێكدەدات كە گەنجەكانیان لەو رێگایەن.

راشیگەیاند: راستە 10 گەنج لە شەوی 13 لەسەر 14ی 3 ی 2026،  11 گەنج لە 5ی 8ی 2026 و سێ گەنجی دیكەش لە 27ی 8ی 2026 ەوە كە سەرجەمیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینن و لەڕێگای ئەوروپان، پەیوەندیان لەگەڵ خانەوادەكانیان نەماوەو بێسەروشوێنن، بەڵام ناكرێت حەوت كەس كە گیانیان لەدەستداوەو وێنەی تەرمەكانیان بڵاوكراوەتەوە سەرجەمیان خەڵكی راپەڕین بن.

ئاماژەی بەوەشكرد: وەك كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا، لەگەڵ كەسوكاری ئەو گەنجانە لەسەر هێڵین و پەیوەندیمان بە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دەرەوەی عیراق، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە كردووەو تاوەكو ئێستا پشتڕاست نەكراوەتەوە كە ئەو تەرمانە تەرمی گەنجەكانی راپەڕین بن.

ئەبوبەكر عەلی، ئەوەشی خستەڕوو: تەنها لەساڵی رابردوودا 388 گەنجی هەرێمی كوردستان كە زۆربەیان خەڵكی راپەڕینن بەهەوڵی كۆمەڵەكەمان و لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ كوردستان.

وتیشی: داوا لەدەزگا ئەمنییەكان دەكەین فشار بخەنە سەركەسوكاری گەنجان و رێگانەدەن چیتر گەنجی كورد بەڕێگای لیبیاو تونس كە بەڕێگای مەرگ ناسراوە روو لەوڵاتانی ئەوروپا بكەن، هاوكات داوای لە حكومەتی هەرێم، وەزارەتی دەرەوەی عیراق، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد بەهانای كەسوكاری ئەو گەنجانەوە بێن.

ئەمەش لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكە دەنگۆی خنكانی 18 كۆچبەری كورد لە دەریای ناوەڕ‌است و لە كاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا بڵاوبووەتەوە.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket