riklam

بە ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسی و ئابوورییەکان؛ لوتکەی سلێمانی دەستیپێكرد

کوردستان 11:06 AM - 2026-09-17
لوتكەی سلێمانی PUKMEDIA

لوتكەی سلێمانی

سلێمانی

لەژێر دروشمی (ئاراستەكردنی سەرمایە بەرەو گەشەی بەردەوامی خانووبەرەو پیشەسازی)، لوتكەی سلێمانی 2026،  كە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی رێكخراوە، لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد.

ئەمڕۆ 17ی 9ی 2026، بەئامادەبوونی نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیران، سەرۆكی دەستەكانی وەبەرهێنان، لێژنەكانی پەرلەمان، و نوخبەیەكی باڵا لە سەركردەكانی كەرتی بانكی، خاوەنكاران و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، لوتكەی سلێمانی 2026، لەژێر دروشمی (ئاراستەكردنی سەرمایە بەرەو گەشەی بەردەوامی خانووبەرەو پیشەسازی)، لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و بە پاڵپشتی میدیایی دەزگای میدیایی كوردسات، لە هۆتیل گراند میلینیوم لە شاری سلێمانی دەستیپێكردو بڕیارە دوو رۆژ بەردەوام بێت و چەندین پانێڵی تێدا پێشكەش بكرێت.

سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت و هەمەجۆرکردنی ئابووریی وڵات دەکاتەوە

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان،  وتارێكی پێشكەش كردو رایگەیاند: ئەم لوتكەیە زۆر گرنگە بۆ یارمەتیدانی بەرپرسان و شارەزایان لە پێناو بڕیاردانی پێویست بۆ پەرەپێدانی ئابووری وڵات، هاوكات هاوكاریی كردنی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت و رێكخراوەكان بۆ نەخشەكێشان و داڕشتنی سیاسەتە دارایی و ئابوورییەكان زۆر گرنگە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیریی دارایی و ئابووری، بەتایبەت لەم دۆخەی كە عیراق و ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، كە كاركردنی هاوبەش پێویستییەكی زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی كاریگەریی گرژییەكانی ناوچەكە.

راشیگەیاند: ئێمە پشتگیری لەو هەوڵە یاساییانە دەكەین كە دەسەڵات بە كەرتی تایبەتی دەبەخشن، تاوەكو رۆڵێكی گەورەتر لە جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكاندا بگێڕن، لەگەڵ هەوڵەكانی دەوڵەت بۆ هاوكاری لەگەڵ كەرتی تایبەت و هەمەڕەنگ كردنی چالاكییە ئابوورییەكان و گۆڕینی توانا نیشتمانییەكان بۆ پڕۆژەی بەرهەمهێنەر، بە ئامانجی گەیشتن بە ئابوورییەكی هەمەجۆرترو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیان و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان.

سەرۆكی كۆماری عیراق ئەوەشی خستەڕوو: بەبێ تەواوكارییەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی بەردەوام، سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی تەواو نابێت، چونكە وڵاتەكەمان بە دەست كاریگەریی ململانێ ئاڵۆزەكانی ناوچەكەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەبێت كار بكەین لەپێناو پاراستن و جێگیركردنی سیاسەتی نیشتمانی و دوورخستنەوەی وڵات لە كاریگەریی ئەم گرژییانە.
سەرۆكی هەرێم: نابێت ناكۆكییە سیاسییەكان رێگربن لەبەردەم پڕۆسەی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە

هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كردو رایگەیاند: لوتكەی سلێمانی زۆر گرنگە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر داهاتووی ئابووریی هەرێمی كوردستان و عیراق، چونكە كەرتی تایبەت رۆڵێكی گەورەی لە پەرەپێدانی هەرێمی كوردستاندا هەیە و ئەركی ئێمەش دابینكردنی زەمینەیەكی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و كاركردنی كەرتی تایبەت.

وتیشی: كاتی ئەوە هاتووە ئابووریی وڵاتەكەمان لە ئابوورییەكی بەكاربەرەوە بگوازینەوە بۆ ئابوورییەكی بەرهەمهێن، لەسەرجەم كەرتەكانی گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازییەكاندا، هەرێمی كوردستان و عیراق تەواوكەری یەكترن، هێزی عیراق لە هێزی هەرێمی كوردستاندایە و هێزی هەرێمی كوردستانیش لە هێزی عیراقدایە.

روونیشیكردەوە: نابێت جیاوازییە سیاسییەكان رێگربن لەبەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوەدا، ئێمە دمانەوێت هاوكاریی عیراق بكەین و پێشوازیش دەكەین لەوەی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ناوچەكانی تری عیراق جێبەجێ بكەن و ئەمەش پێویستی بە پشتگیری و هاوكاریی حكومەتی فیدراڵی هەیە.

سەرۆكی هەرێم وتیشی: ناتوانین لە وەبەرهێنان بەردەوامبین ئەگەر سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیمان بۆ دابین نەبێت، سەقامگیریش پێویستی بە یاسا و پابەندبوونی هاوبەشە بە دەستوورەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر پەسندكردنی دەستووردا، لێرەدا دەبێت پرسیارێك بكەین كە ئایا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كراوە وەكو چۆن رێككەوتین لەسەری؟ بەداخەوە وەڵامەكە نەخێرە، بەداخەوە بڕگە و ماددەكانی دەستوور وەك خۆیان جێبەجێ نەكراون، دەستوور پارێزەر و دڵنیایی‌ بەخشی مافی سەرجەم عیراقییەكانە.

راشیگەیاند: ئێمە كاتێك داوای جێبەجێكردنی دەستوور دەكەین، داوای هیچ شتێك بۆ خۆمان لەسەر حیسابی پێكهاتەكانی تر ناكەین، بەڵكو دەمانەوێت ئەوەی لەم گرێبەستەدا هاتووە كە گەلی عیراق پەسندی كردووە جێبەجێ بكرێت، دەستوور پارێزەر و مسۆگەری مافی هەمووانە و ئێمە عیراقێكی لاوازی پارچەپارچەمان ناوێت، ئێمە عیراقێكی بەهێزمان دەوێت كە هەموومان تێیدا پەنا بۆ دەستوور بەرین، عیراقێك كە سەرجەم پێكهاتەكان تێیدا بە ئارامی و ئاسایش بژین لەگەڵ پاراستنی مافە یاسایی و دەستوورییەكانیان.

هاوكات سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بە پێویستی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیدا لەسەر بنەمای دەستوور و لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ كردو رایگەیاند: سەبارەت بە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش دەمانەوێت ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان چارەسەر بكرێن چونكە هاووڵاتیان دەیانەوێت كێشەكان چارەسەر ببن و سەقامگیریی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا بچەسپێت.

لەكۆتایی قسەكانیشدا رایگەیاند: سوپاسی تێڕوانینی برای بەڕێزو خۆشەویستم قوباد تاڵەبانی دەكەم بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی لەگەڵ دامەزراوەی ڤیژندا كردیان، ماوەیەكی دورودرێژ لەگەڵ قوباد تاڵەباینیدا لەحكومەتی هەرێم كارمان كردووەو وەك سەرمایەیەكی نیشتمانیی بۆ هەرێمی كوردستان و ئەم وڵاتە لێی دەڕوانم.


قوباد تاڵەبانی: سلێمانی بووەتە ناوەندێكی گرنگی داهێنان و پێشكەوتن

دواتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا ئاماژەی بە خۆشحاڵی خۆی كرد بە بەڕێوەچوونی ئەم لوتكەیە لە شاری سلێمانی و رایگەیاند: ئەم لوتكەیە زۆر گرنگە بۆ پشتگیریكردن و پەرەپێدانی كەرتی تایبەت لە عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، شاری سلێمانی گەشەسەندنی گەورەی لە كەرتەكانی كشتوكاڵی، پیشەسازی و گەشتیاریدا بەخۆوە بینیوە و هەڵگری ناسنامەی هونەر، فەرهەنگ و ئەدەب و پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستانە.

وتیشی: من زۆر خۆشحاڵم بە گەشەسەندنی فەرهەنگ، ئەدەب و هونەر لە سلێمانی لەگەڵ ئەو گەشەپێدانە ئابوورییەی كە تێیدا دەبینرێت، هەروەها سلێمانی گەشەسەندنێكی گەورە لە بواری تەكنەلۆجیادا بەخۆوە دەبینێت و ئێستا بووەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ داهێنان و پێشكەوتن.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو: كێشە ئابووری و داراییەكان تەنها لەڕێگەی حكومەتەوە چارەسەر نابن، بەڵكو پێویستیان بە كاركردنی بە كۆمەڵ و هاوكاریی هاوبەشی نێوان هەمووان هەیە، بۆیە لەڕێگەی ئەم لوتكەیەوە كار دەكەین بۆ بەهێزكردنی هاوكاری و هاوبەشی لە نێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا.
  
PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket