riklam

چوار سەرۆكایەتییەكەى عيراق: تەئکید لە ڕێكارەكانی لێپێچینەوە لەگەندەڵكاران دەكەینەوە

عیراق 09:40 PM - 2026-08-17
چوار سەرۆکایەتیەکەی عیراق ئاژانسەکان

چوار سەرۆکایەتیەکەی عیراق

ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، لە کۆشکی بەغداد، نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار میوانداری کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی کرد.

 لە کۆبوونەوەکەدا عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، و دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادە بوون و تێیدا بارودۆخی گشتی وڵات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.

ئامادەبووان جەختیان لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە وەزارییەکەی بەو شێوەیەی کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان بێت لە باشترکردنی بژێوی و خزمەتگوزارییەکان، و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵاتدا، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای دامەزراوەکانی دەوڵەت.

هەروەها کۆبوونەوەکە باسی لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی دۆخی ئابووری وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە
کەمبوونەوەی داهاتی وڵات بەهۆی پاشهاتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز.

 جەختیشکرایەوە لە سەر گرنگی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و پەرەپێدانی ئیدارەی دارایی، بۆ ئەوەی ئابووری عێراق توانای زیاتری هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستی هێشتنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا کرایەوە وەک بنەمایەک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەری یاسا، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

هەروەها جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ پاراستنی وڵات و دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان.

سەرۆکایەتییەکان دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی و پاراستنی ماڵی گشتی و لێپرسینەوە لەوانەی تێوەگلاون. 

هەروەها پڕۆژەیاسای پێشنیارکراوی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان تاوتوێ کرا و ئاماژە بە گرنگی تێپەڕاندنی ڕێکارە پێویستەکان درا بۆ گەڕاندنەوەی داراییە گشتییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی دەسپاکی.

ئامادەبووان ئاماژەیان بە گرنگی بەهێزکردنی ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بۆ پەلەکردن لە پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی لە ئەولەوییەتدان، بەتایبەت ئەو یاسایانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بژێوی و خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیانەوە هەیە.

هەروەها جەخت لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت کرایەوە بۆ یەکلاکردنەوە و تەواوکردنی کابینەی وزاری لە زووترین کاتدا، بە مەبەستی بەهێزکردنی کاری حکومەت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی و جێبەجێکردنی پلانە نیشتمانییەکان.

سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە، کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پێویستی کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان کردەوە، لە ڕێگەی پشتگیریکردنی دیالۆگ و دیپلۆماسی. دووبارەش هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق ڕاگەیەندرا لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هەر لایەنێک، یان کردنی عێراق بە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەو ئامانجەی سەروەری و ئاسایشی عێراق بپارێزرێت و گەلەکەی لە پاشهاتەکانی قەیرانەکان بەدوور بێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket