riklam

گرنگی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردی لە بەغداد

بیروڕا 10:09 PM - 2026-10-16
پۆڵای شەهید سیروان دێڕەشەیی

پۆڵای شەهید سیروان دێڕەشەیی

هێندەی گرنگیی ڕێککەوتنی بەرەی کوردستانی لە ساڵی ١٩٨٦، پێویستمان بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێزی کوردستانییە لە بەغداد.

کورد تاکە نەتەوەیە لە جیهاندا کە دەبێت بەردەوام لە خۆسازدان و ئامادەکاریدا بێت؛ نەک بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو و پێشەسازی، بەڵکو هەمیشە لە سەنگەردا بێت بۆ پاراستنی کیان و ناسنامەکەی، چونکە هەمیشە لەژێر هەڕەشەدایە.

ئەو قەڵەمەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کێشایەوە و کوردی پێ دابەش کرا، هەمان ئەو قەڵەمە بوو کە مافی کوردانی سووریای لە قاڵبی مەرکەزیەتدا دایەوە و پاساوی دا بە تورکیا کە کورد ناچار بە ڕێککەوتن بکات و ڕۆژهەڵاتیش لەناو پارچەیەکدا بکات بە چەند پارچەیەکی دیکەوە.

دوای سەد ساڵ، تاکە دەروازەی ژیان و ئازادی بۆ کوردی جیهان ئەم پارچەیەی باشوور بوو کە لە ڕێگەی دەستوورێکەوە ماف و ژیان و خاکەکەی پارێزرا و هاووڵاتییەکانی چیتر وەکو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا کرا. بەڵام چەند ساڵ جارێک داوای هەمواری ئەم دەستوورە دەکرێت، کە گیانی بە پەیکەری لەرزۆکی کوردەوە کرد و کردی بە ناوەندێک، تا لە بری بەخشینی ژیان و ئازادی، پرسیشی پێ بکرێت.

بەڵام وەکو کورد دەڵێت: «بەڕڕە لە تەنکییەوە ئەدڕێ»، هەمووکات نەیارانی کورد سوودیان لەو تەنکییە بینیوە و ویستویانە نەک بەڕەی ناکۆکیی کورد بدڕێنن، بەڵکو لەژێر پێیشی دەربێنن؛ کە هەموو کەس ئەوە دەزانێت، هەرگیز کورد بەرگەی بەرتەسککردنەوەی خاک و ژیان و ئازادییەکەی ناگرێت.

ساڵی ٢٠٠٥ کورد لەوپەڕی بەهێزیدا بوو؛ لە ڕووی سیاسی، ئابووری، و پێگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە دۆستەکانی ئەمەندە زۆر بوون تەنانەت هیچیان ویژدانیان ڕێگەی نەدەدا پێچەوانەی خواستی کورد بڕیار بدەن. بەو حاڵەیشەوە ئینجا لە کۆی ١٤٤ ماددە، بە هەوڵی سەرکردایەتیی ئەوسای کورد مافی کورد تەنها لە ٧ ماددەدا جێگیر کرا.

بەڵام ئایا لە ئێستادا، کە دۆخی کورد بەم حاڵەی ئێستایە ـ کە مەگەر بەس دوژمن ئاواتی بەردەوامی بۆ بخوازێت ـ دەتوانێت پڕۆژەی تایبەتی هەبێت بۆ هێشتنەوە و پاراستنی ئەو ماددانە و جێگیرکردنی ماددەی نوێ کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان؟ چونکە لە ئێستادا دۆستەکانی ئەوکاتی کورد نایشارنەوە کە لەگەڵ سیستەمی مەرکەزییەتن و ئەزموونی فیدراڵی بۆ عێراق بە سەرکەوتوو نازانن.

بۆیە لە ئێستادا، کە ساڵوەگەڕی گشتپرسییە لە عێراق، لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانە دەبێت ببێتە کاری لەپێشینەی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد:

١. پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە کوردییەکان لە بەغدا.
 ٢. پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ پرسی بودجەی هەرێم بە هاوبەشی لەنێوان وەفدی هەرێم و تیمی کورد لە بەغدا.
 ٣. پێکهێنانی لیژنەیەکی نیشتمانی کە پسپۆڕانی یاسایی و دەستووری لەخۆ بگرێت تا بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی کوردی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پڕۆژەی تایبەتی هەبێت بۆ هەر ئەگەرێکی هەمواری دەستوور؛ چونکە ئەگەر پلانمان نەبێت، دوور نییە لایەنی تر بۆ بەرژەوەندیی خۆی پلان دژمان بگێڕێت و بمانخاتە ناو چوارچێوەی پلانی خۆیەوە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket