riklam

یادێک لە جوامێرەکەی بامەڕنی

بیروڕا 02:01 PM - 2026-08-22
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

دکتۆر ئەحمەد بامەڕنی تێکۆشەری دێرینی رێکخستنەکانی یەکێتیی لە فەرەنسا و دەرەوەی وڵات . دیبلۆماتکاری کورد و یەکێتیی و خوێندکاری ژیری مەدرەسەی شێخی دیبلۆماتکارانی مەسەلەی کورد سەرۆک مام جەلال، باڵێۆزی عیراقی فیدراڵی پشتی کەوتنی رژێمی بەعس کە گەلەکەمانی سەرکوت دەکرد.
 
دکتۆر بامەڕنی لەگەڵ سەدان تێکۆشەر و چالاکی کوردستانی لە تاراوگە و هەزاران پێشمەرگە و شەهیدی گیانباز لە ناوەوەی وڵات خەباتێکی بێوچانیان کرد دژی ئەو رژێمە.

دواتر شوێن و رۆڵەکان گۆڕدرانەوە:

ئەو تێکۆشەرانەی خۆپیشاندانیان بەرامبەر سەفارەتی دیکتاتۆر دەکرد کە ستەمی دژی کورد و گەلانی عیراق بەرپا کردبوو، دوای روخانی رژێمەکە بوونە کارەکتەری لێهاتووی کەشی دیموکراسی وڵات.

سیستمی فیدرالی سەرۆکێکی کوردی کردە پارێزەری دەستووری تازە و تیمێکی دیبلۆماسی نوێ نوێنەرایەتی عیراقی دیموکراسی و فیدرالیان گرتە ئەستۆ کە کوردیشی تێدا بوو. ئەحمەد بامەڕنی یەک لەوان بوو کە لە پێشدا بووە بالیۆزی عیراق لە سوید.

بامەڕنی هەروا نووسەری کتێبی بەنرخ و پڕ زانیاری (لە بەهاری کورد منی پێشمەرگە گیان دەبەخشم)ە لەسەر ماجەرای کوردایەتی لە سەروەختی بەهاری راپەڕینی ١٩٩١ و کۆرەوی خەڵکی کوردستان کە بە بە زمانی فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە. وەرگێڕانە کوردییەکەی لە لایەن هەڤاڵ و هاوژینی دکتۆر نازەنین عوسمان کاری لەسەرکرا و کتێبخانەی کورەواری ئاوەدانکردەوە.

کاتی خۆی زنجیرە نووسینێکی سەرنجراکێشی بیرەوەری لە رۆژنامەی کوردستانی نووسیووە کە باسی پێشبینییەکانی مام جەلال دەکات لەسەروبەندی داگیرکردنی وڵاتی کوێت لە لایەن سەددام حسێنەوە. دکتۆر بامەڕنی بە وردی باسی کاردانەوە و سەرسامی ناوەندە سیاسیەکانی رۆژئاوا دەکات بەرامبەر بە شرۆڤە و روانگەکانی مام جەلال کە پێشەوەختە خوێندنەوەی بۆ رەفتارەکانی دیکتاتۆری تەڵەکەبازی بەغداد کردبوو.

ئەم زنجیرە نووسینە دواتر لەگەڵ چەندانی تر وەک بەرهەمی ناساندنی باڵێۆز بامەڕنی بڵاوکرانەوە.

دوای خزمەت و تێکۆشانێکی زۆر بۆ دۆزی رەوای گەلەکەمان. یادی بە خێر لە دەورانی نەگریسی پەتای کۆرۆنا ، لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لە کوردستان و لە بامەڕنی و لە دۆست و ئازیزانی کرد.

یادی هەمیشە زیندووە و خەباتی سیاسیی و دیبلۆماسی رێی داهاتووی میللەتەکەمان رووناکتر دەکاتەوە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket