riklam

هەر خۆی مامۆستای گێڕانەوەش بوو

بیروڕا 01:51 PM - 2026-08-19
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی مام جەلال گەڕانەوە بۆ جاران و نۆستالیژیای رابردوو نییە، بەڵكو چوون و هەنگاونانە بەرەو دواڕۆژی رووناكی یەكێتی و گەلەكەمان، چونكە لەو ئەدەبیاتەدا سەرۆك مام جەلال شیعر و شانامەی لەسەر رابردوو نەنوسیوە تا سۆزی رابردوومان لەلا بلاوێنێتەوە، بەڵكو مام جەلال بە باسی رابردووی خەبات و بگرە بە باسی رابردووی گەلەكەشمان مەبەستێتی بۆ داهاتوو هانمان بدات. شێوازی قسە و نووسین، گفتو و لەفزی بۆ جۆشدانی ئەمرۆ و سبەینێشمانە.

لەبەر ئەوە ئەدەبیاتی مام جەلال دەتوانێ و لە باریدایە تا پەنجا ساڵی تریش رێنوێنی خەبات و تێكۆشان بێت بۆ یەكێتیەكەی ئەمڕۆشمان. بۆ یەكێتییە سەرلەنوێ روو لە گەشەكردنەكەی دەورانی سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانیش.

لەم ماوەدا كە بۆ وردبوونەوە و دەوڵەمەندكردنی كۆر و باسەكانی كتێبی(ئەدەبیاتی مام، كلیلێك بۆ مام ناسی) ناوبەناو كتێب و نووسراوەكانی مام بەسەر دەكەمەوە، راستی هەمیشە دووپاتە دەبینمەوە كە مام جەلال هەموو مێژووی دەسپێكی خەباتی كوردایەتی پێشكەوتنخواز و یەكێتی نووسیووەتەوە. مام جەلال لەم گوتار و نووسینانەیدا وەك رێبەرایەتییەكەی بۆ یەكێتی و شۆڕشی نوێ، دەیسەلمێنێ لەم كایەشدا هەر خۆی مامۆستایە، هەر خۆی مامۆستای گێڕانەوەكانە.

ئەو پێش هەڤاڵەكانی لەو خەباتە دوور و درێژە، و لەگەڵیانیشدا، دەستپێشخەری كردووە لە باسكردنی مێژووی بەسەرهاتەكان. پێشقەدەمی ئازایەتی مام جەلال لە گێڕانەوە و لە لێكدانەوەی تانوپۆی رووداوەكاندا بێ نموونەیە و بە جورئەت و بە جەرگە. لەسەر هەمان ریتمی پێشتری سەركردایەتی بۆ یەكێتی و شۆرشی نوێ ئاوا سەركردایەتی گێڕانەوەكانیشی كردووە.

ئەگەر هەر كەسێك بۆ باسی نووسین و ئەزموون وەرگرتن سەر بەماڵی بەرهەمەكانی مام جەلالدا بكات، بۆی دەردەكەوێت جڵەوی ئەسڵی گێڕانەوەكان هەر لای خۆیەتی و ئەدەبیاتەكەی پڕ لە زانیاری و گێڕانەوەی وردە. راستێكەی نەیاری یەكێتی و نەیاری پڕۆژە ئازادیخوازەكەی ئەم رابەرە مەزنە، سەرەنجام دوای مام جەلال و یەكێتی كەوتوون. ئەسڵەن رەشنووس و شەڕە پشیلەی كتێبی ئەوان كاردانەوەیە و داكۆكی لاوازەكانە لە خۆیان و پاكانەیە لە بزری حیكایەتی سەروەری و رۆڵی كێماسیان لە ماجەرای كوردایەتی هاوچەرخدا.

ئێمە هەر ئەوەندەمان بەسە بچینەوە سەر سندوقەكانی یادەوەری یەكێتی و مینبەرەكانی كە ئەمڕۆ بەرهەمەكانی مام جەلالیان تێدایە. لەوەوە دەزانین مام جەلال، ئینجا خوێندكار و رەفیقەكانیشی لە شۆڕشی نوێ، لە چەندین كتێب و بەرهەمدا هەموو شتێكیان نووسیوەتەوە. جا وەك هەمیشە مام جەلال سەردەستەی كاروانی گوتنی راستییەكانە. لەوێش هەر خۆی مامۆستای گێڕانەوەیە. 

هەمیشە ناچارم ئەوەش بڵێم باسكردن لە كەلتوری مام جەلال هەر بۆ وەفاداری نییە بەرامبەری، كە ئەوەش واجبە، بەڵكو پێش هەموو شتێك لەبەر خۆمانە، بۆ ئەوەیە لە دواڕۆژی نزیكدا گورگ نەمانخوات.

كێش دەیەوێ دەتوانم ناوی كتێبەكانی وەبیر بێنمەوە و تەشویقی بكەم بیخوێنێتەوە، یان ئاماژەی ناونیشانی دامەزراوەكانی بۆ بنێرم كە ئەو بەرهەمانەی تێدایە:

-مینبەری سایتی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی
-مینبەری سایتی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال
-مینبەری سایتی بۆردی هۆشیاری لە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری
-مینبەری سایتی مەڵبەندی دیراساتی گشتی

گێڕانەوەكانی مام ئەسڵە و هی یار و نەیاری تر سەدا و دەنگدانەوەیەكی لاوازی راشكاوی و ئازایەتی ئەدەبیاتی یەكێتییە كە لەكاتی خۆی و دەستبەجێ هەمووی دركاندووە. ئەسڵەن مێژووی نووسین بۆ كوردایەتی و لەسەر مێژووی كوردایەتی پیشە و وەستایەتی مام جەلال و خوێندكارەكانی مەدرەسەی شۆڕشی نوێیە.

ئەم قسانە بۆ ئەوە نییە نەوەكانی ئەمڕۆمان پاڵی لێ بدەنەوە و ئیتر بە بیانوی واوە كەسمان چەواشەكارییەكانی ئەمڕۆی نەیاران و بێ ویژدانان قاو نەدەین و لەسەری نەنووسین، بەڵكو بۆ دەستنیشانكردنی ئەسڵی مەسەلەكەیە. كە یەكێتێكەمان وەكو پڕ لەسەروەری كردارییە ئاواش پڕ لەسەروەری گێڕانەوەشە، روونە كە ئەولەویەتی دوو دەیەی قۆناغی دوایی بۆ خاتری كورد و كوردستان و تەبایی بوو، بە پێی پرەنسیبی پەرۆشی بۆ یەكێتی ریزەكان و دان بەخۆداگرتن و سپاردنی راستییەكان بە مێژوو بوو و لەبەر ئەوەش بووە كە مام لە كاتی خۆی هەمووی گێڕاوەتەوە و دەتوانن بڕۆنەوە لای سەرچاوەكان.

گوتەزایەك هەیە كە هەمیشە لە فەزای شانازییەكانی یەكێتیدا باسی دەكرێ كە سەركردە دێرینەكانی یەكێتی پێش قەدەم بوون بۆ نەبەردی و بۆ شەهید بوون. بەڵام ڕاستێكەی ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ كتێبی باوكە دامەزرێنەرەكان و لەسەروی هەمووشیانەوە كتێبەكانی مام جەلال، دەزانین لەوێش هەر سەركردەكان پێش قەدەم بوون لە نەبەردی گێڕانەوە و نەبەزی شایەتی و ئازایەتی دەربڕینی راستییەكان. بێ سڵكردنەوە لە نەیارانی ناوخۆیی و لە دوژمنانی دەرەكی گەلەكەمان.

كەموكوڕی لە كەلتوری گێڕانەوەماندا نییە، كەموكوڕی لەوەیە خۆمان ناچینەوە سەری و بەسەری ناكەینەوە.

قووسووری لە كتێبەكانی دایك نییە. قوسووری لە خۆمانە، ئەگەر فەرامۆشی بكەین و بۆ قسەی ئەمڕۆمان و بۆ داكۆكی لە راستییەكان نەچینەوە سەر خەزینی بەرهەمەكان. قوسووری لە خۆمانە كە لە زڕەی زنجیری نووسینی نەیاران دڵمان دەلەرزێ و سەرەنجام جەڵەبی دەنووسین.

 PUKMEDIA  

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket