کاتێک جیهانی تێکۆشەرێک تاریک و بێدەنگ دەبێت
بیروڕا 11:37 AM - 2026-08-11
کاتێک تێکۆشەرێک، دوای دەیان ساڵ خەباتی سەختی شاخ و شار، تووشی نەخۆشیی پارکینسن دەبێت و وردە وردە جەستەی لە جووڵە، زمانی لە قسەکردن و هەستەکانی لە پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لاواز دەبن، ئایا ژیانی کۆتایی هاتووە؟ یان لە پشت ئەو دیوارە تاریک و بێدەنگەوە جیهانێکی تر دەست پێدەکات؟ جیهانێک کە بە چاو نابینرێت، بە گوێ نابیسترێت و بە وشە ناوترێت، بەڵام لە بیرەوەری و ویژداندا هێشتا زیندووە!
ئەو تێکۆشەرە رۆژێک بە هەنگاوە پتەوەکانی رێگا شاخاوییەکانی بڕیوە، شەوانی ساردی لەژێر ئاسمانی پڕئەستێرەدا بەسەر بردووە و لە شاردا، لەنێوان کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، دەنگی خۆی بەرز کردووەتەوە. ساڵانێک جەستەی سەنگەری بیر و باوەڕی بووە، بەڵام ئێستا هەمان ئەو جەستەیەی کە رۆژێک لەبەردەم سەختترین رێگا و مەترسییەکاندا نەدەلەرزی، بە دەستی نەخۆشییەوە دەلەرزێت.
ئەم لەرزینە شکستی تێکۆشەر نییە، بەڵکو نیشانەی شەڕێکی نوێیە، شەڕێک کە ئەمجارە نە لەسەر لووتکەی شاخە، نە لە کۆڵانەکانی شار و نە لە زیندان لەبەردەم دوژمنێکی دیاردا، بەڵکو لە ناو جەستەی خۆیدایە. دوژمنەکە بێدەنگە، بەڵام بەردەوامە، هەنگاوەکان قورس، دەستەکان لەرزۆک، دەنگ لاواز و جووڵە سنووردار دەکات، بەڵام ناتوانێت مێژوو، باوەڕ و شکۆی ساڵانی خەباتی بسڕێتەوە.
تەمەنی ئەو تێکۆشەرە تەنیا ژمارەیەک لە رۆژژمێردا نییە، کتێبخانەیەکە پڕ لە رۆژانی خەبات، شەوانی خەوزڕان، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی، دابڕان، سەرکەوتن و برین.
ئەو تەنیا بە جەستەی ئەمڕۆی ناژی، بە هەموو ئەو کاتانە دەژی کە لە ناخیدا کەڵەکە بوون. هەر چرچێکی رووخساری دێڕێکە لە چیرۆکی خەبات و هەر هەناسەیەکی لاپەڕەیەکە لە کتێبێک کە هێشتا لاپەرەکانی کۆتایی نەهاتووە.
کاتێک چاوی جەستە لە رووناکیی دەرەوە دوور دەکەوێتەوە، بیرەوەری دەبێتە چاو.
لە تاریکیی ژوورەکەدا، رەنگە رووخساری ئەوانەی لە دەوروبەرین بە روونی نەبینێت، بەڵام رووخساری هاوڕێیەکی شەهیدی خۆی لە دووریی دەیان ساڵەوە ببینێت. رەنگە دیوارەکانی ژوورەکە نەناسێتەوە، بەڵام هەر بەردێکی رێگای شاخ، هەر دارێکی کەناری کانی و هەر گوندێک کە شەوێکی تێدا بەسەر بردووە، لە نەخشەی بیرەوەرییدا روون بن.
رەنگە ئەمڕۆ هەنگاوەکانی نەتوانن بەرەو دەرگا بڕۆن، بەڵام رۆحی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شاخ، بۆ ئەو شەوانەی چرای کەپرەکان لە دوورەوە وەک ئەستێرە دەدرەوشانەوە، بۆ ئەو بەیانیانەی تیشکی خۆر بەسەر لووتکەکاندا دەڕژا و بۆ ئەو ساتانەی دەنگی هاوڕێیان هیوا و گەرمییان بە دڵی تاریکیی دەبەخشی.
ئەوە دژەواتایی بیرەوەرییە: هەندێک جار، کاتێک چاوی جەستە دادەخرێت، چاوی رۆح فراوانتر دەکرێتەوە.
کاتێک گوێ لە دەنگەکانی دەرەوە دوور دەکەوێتەوە، بێدەنگی بەتاڵ نابێت، پڕ دەبێت لە دەنگە کۆنەکان. دەنگی با لەنێوان دارەکانی شاخ، قوڵپەی کانی، هەنگاوی هاوڕێیان، گۆرانییەکی شۆڕشگێڕانە و کۆتا وشەی تێکۆشەرێکی کۆچکردوو، هەموویان لە ناخیدا دەنگدەدەنەوە. جیهانی دەرەوە رەنگە بێدەنگ بێت، بەڵام جیهانی ناوەوەی پڕە لە سروودی ژیان و خەبات.
دەنگی کاتژمێر نابیستێت، بەڵام هەنگاوی کات هەست پێدەکات. دەنگی لێدانی دەرگا ناگاتە گوێی، بەڵام بە گەرمای دەستێک دەزانێت هاوڕێیەک هاتووە. دەنگی خۆشەویستەکانی رەنگە بە روونی نەبیستێت، بەڵام کاتێک دەستی دەگرن، هەموو ئەو وشانەی پێویستی بە بیستنیان هەیە، لە گەرمای ئەو دەستەدا دەخوێنێتەوە.
کاتێک نەخۆشی پارکینسن دەنگ لاواز و قسەکردن قورس دەکات، جەستە دەبێتە زمان. چاو دەتوانێت بە فرمێسک قسە بکات، دەستێکی لەرزۆک دەتوانێت پەنجەی هاوڕێیەک بگرێت و هەناسەیەکی قورس دەتوانێت ئەوە بڵێت کە هەزاران وشە لە گوتنی دەوەستن. خامۆشیی نەبوونی قسە نییە، بەڵکو گۆڕانی زمانی قسەکردنە.
هەندێک واتا بە وشە بچووکدەبنەوە و هەندێک ئازار لە سنووری زمان گەورەترن. بۆیە ئەو تێکۆشەرەی ناتوانێت وەک جاران قسە بکات، رەنگە بە بێدەنگییەکەی زۆرتر لە ئێمە بڵێت. پێویستە فێری خوێندنەوەی ئەو بێدەنگییە بین، چونکە هەر خامۆشییەک بەتاڵ نییە، هەندێک خامۆشی کتێبێکە تەنیا بە دڵ دەخوێندرێتەوە، بەڵام پرسیاری قووڵتر ئەوەیە: ئەو تێکۆشەرە لە پشت ئەو رووخسارە خامۆشەوە چۆن بیردەکاتەوە؟
ئایا لەبیری ماوە یەکەم جار کەی بەرەو شاخ رۆیشت؟ ئایا ناوی ئەو هاوڕێیانەی لە نیوەی رێگا ماون، هێشتا لە ناخیدا دووبارە دەکاتەوە؟ ئایا لەنێوان خەو و بەئاگاییدا، خۆی لەو کۆبوونەوانەدا دەبینێتەوە کە بە دەنگێکی بەرز باسی ئازادی و نیشتمانی دەکرد؟
مرۆڤ پێش ئەوەی فێری زمان بێت، هەستی هەبووە، پێش ئەوەی ناوی دایک بزانێت، گەرمای باوەشی ناسیوە. بۆیە کاتێک زمان و دەنگ و وێنە لێی دووردەکەونەوە، رۆح دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم زمانی خۆی کە هەستە. گەرمای دەستێک دەبێتە وشە، بۆنی نان دەبێتە بیرەوەری، هەناسەی کەسێکی نزیک دەبێتە دڵنیایی و ماچێک لەسەر ناوچەوان دەبێتە وتارێکی تەواو لە خۆشەویستی و وەفاداری.
لە کۆتا وەرزی ژیاندا، کات واتایەکی تر وەردەگرێت. لە گەنجیدا تێکۆشەر بەرەو داهاتوو دەڕوات، بەڵام لە پیریدا رابردوو فراوانتر دەبێتەوە. کات چیتر رێگایەکی راست نییە، بەڵکو بازنەیەکە. بۆنی خاک، گۆرانییەک، یان دەستێکی ناسراو دەتوانێت لە ساتێکدا ئەو لە جێگەی نەخۆشییەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی شاخ و خەبات.
لەو گەشتەدا شەهیدەکان زیندوو دەبنەوە، دوورەکان نزیک دەبن و ئەو شوێنانەی گۆڕاون، لە نەخشەی رۆحدا هەروا وەک خۆیان دەمێننەوە. رەنگە جەستەی لەسەر تەختێک بێت، بەڵام رۆحی لەسەر رێگایەکی شاخاویی دەڕوات، لەژێر دارێکدا دادەنیشێت و لەگەڵ هاوڕێیەکی کۆچکردوو باسی خەونە تەواونەکراوەکان دەکات.
مەترسیی راستەقینە بۆ ئەو تێکۆشەرە تەنیا نەخۆشی پارکینسن، لاوازی و خامۆشی نەبوو، بەڵکو تەنیایی بوو. ئەوەی رۆحی زیاتر لە تاریکیدا دەهێشتەوەوە، نەبوونی کەسێک بوو دەستی بگرێت. ئەوەی بێدەنگیی قورستر دەکرد، لاوازیی گوێ نەبوو، نەبوونی دڵێک بوو کە هەستی پێ بکات. ئەوەی خامۆشی دەکردە زیندان، نەبوونی وشە نەبوو، نەبوونی کەسێک بوو بێدەنگییەکەی بخوێنێتەوە.
زۆرجار بە هەڵە وا دەزانین ئەو کەسەی ناتوانێت وەڵامبداتەوە، تێناگات. لەبەردەمیدا لەسەری قسە دەکەین، نە لەگەڵی، لە جیاتی ئەو بڕیار دەدەین و هەستەکانی پشتگوێ دەخەین، بەڵام نەتوانینی دەربڕین بەڵگەی نەبوونی ئاگایی نییە. لەپشت ئەو رووخسارە خامۆشەوە، جیهانێکی فراوان لە بیرەوەری، خەون، ترس، هیوا و چاوەڕوانی هەیە.
نەخۆشی ناتوانێت مێژووی تێکۆشەر بسڕێتەوە. ئەگەر ئەمڕۆ دەستەکانی دەلەرزن، ئەو دەستانە رۆژێک ئاڵایان هەڵگرتووە، ئەگەر هەنگاوەکانی قورس بوون، ئەو پێیانە رێگا سەختەکانی شاخ و شاریان بڕیوە، ئەگەر دەنگی لاواز بووە، ئەو دەنگە رۆژێک بێدەنگیی ترسی شکاندووە. بۆیە نابێت وەک بارێک لەسەر شان، بەڵکو وەک لاپەڕەیەکی زیندووی مێژوو سەیری بکرێت. مافی ئەوەی هەیە بە رێزەوە لێی بڕوانرێت، بە نەرمی دەستی بگیرێت، بە ناوی خۆیەوە بانگ بکرێت و هەست بکات هێشتا بەشێکی زیندووی خێزان، هاوڕێیان و نیشتمانە.
لەوانەیە چاوەکانی تاریک، گوێی بێدەنگ، زمانی خامۆش و جەستەی لەرزۆک بووبێت، بەڵام تا بیرەوەری هەبێت، رۆحی پەنجەرەی خۆی هەیە. تا دەستێکی خۆشەویست دەستی بگرێت، تەنیا نییە. تا دڵی لێبدات، ژیان، تەنانەت لە تاریکی و بێدەنگیشدا، هێشتا چیرۆکێکی تەواونەکراوە.
لە کۆتاییدا: ئەم وێنە و دەربڕینە جەرگبڕ و پڕحەسرەتانە، پێشکەشە بە رۆحی پاکی دوو سمبولی خەبات و دوو هاوڕێی شارە نازدارەکەم خانەقین، جەبار فەرمان و عەلی شامار... یادیان هەمیشە لە دڵ و بیرماندا زیندوو بێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
شەیبانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاوە
05:44 PM - 2026-08-23 -
عیراق زیندانییە بیانییەکان رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان دەکاتەوە
02:20 PM - 2026-08-23 -
ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی چەند پڕۆژەیاسایەك دەكات
11:59 AM - 2026-08-23 -
هاوخەمییەكان بۆ كۆچی دوایی فەیزوڵا حەمەڕەش
11:58 AM - 2026-08-23
زۆرترین خوێنراو
-
هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 7 دابەش دەكرێت
کوردستان 04:38 PM - 2026-08-23 -
عیراق زیندانییە بیانییەکان رەوانەی وڵاتەکانی خۆیان دەکاتەوە
عیراق 02:20 PM - 2026-08-23 -
جوتیارە كوردەكە: تانە لەبڕیارەكەی دادگای كەركوك دەدەین
کوردستان 01:38 PM - 2026-08-23 -
لیستی مووچەو تەرازووی پێداچوونەوە رادەستی دارایی عیراق كرا
کوردستان 12:28 PM - 2026-08-23 -
ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی چەند پڕۆژەیاسایەك دەكات
عیراق 11:59 AM - 2026-08-23 -
هاوخەمییەكان بۆ كۆچی دوایی فەیزوڵا حەمەڕەش
پرسەنامە 11:58 AM - 2026-08-23 -
بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی یەكەمین بانكی جینی رووەكیی لەسلێمانی دەكرێتەوە
کوردستان 11:13 AM - 2026-08-23 -
لەنێوان عەشق، سیاسەت و بیرەوەریدا
بیروڕا 10:17 AM - 2026-08-23




دابەزێنە

