شێخ جەعفەر شێخ مستەفا خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بەستافی درامای گەردەلوول کرد

کوردستان 03:57 PM - 2026-10-03
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و ستافی درامای گەردەلوول تایبەت

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و ستافی درامای گەردەلوول

ئەمڕۆ3ی10ی2026، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا،لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەهۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن، خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستا جەلیل زەنگەنە دەرهێنەری ناسراوی کورد و بەشێک لە ستافی زنجیرە درامای گەردەلوول کرد.

لەو رێوڕەسمەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان مامۆستا جوامێر و مامۆستا جەلال شێخ کەریم و جوتیار نوری ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە وتەیەکدا، ستایشی رۆڵی دیاری مامۆستا جەلیل زەنگەنە و هونەرمەندانی بەشداربوو لە زنجیرە درامای گەردەلول کرد کە لەڕێی دراماوە بەشێک لە مێژووی پرشنگداری گەلی کوردستان و شۆڕشی نوێییان خستووەتە بەردیدەی نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردەواری، تا هەمیشە لەبیریان بێت کە کورد بە چ قوربانی و ئازار و مەینەتییەک توانیویەتی بەشێکی گرنگ لە مافە زەوتکراوەکانی لە باشوری کوردستان بەدەستبهێنێت.

هاوکات، ئاماژەی بە رۆڵی بەرچاوی هونەر کرد لە پێشخستنی میللەتان و بەدیهێنانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بەپێویستیشی زانی هەمیشە پاڵپشتی لە هونەرمەندان بکرێت.

پاشان، مامۆستا جەلیل زەنگەنە بەناوی ستافەکەیەوە سوپاسی هەڤاڵ شێخ جەعفەر-ی کرد کە هەردەم لە خەمی هونەر و هونەرمەندانادایە و بەردەوام پشیوانیان لێدەکات و بەڵێنی دووپاتکردەوە کە بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی هونەری کوردی و درێژەدان بە بەشەکانی تری درامای گەردەلوول.

لەکۆتایی رێوڕەسمەکەشدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ئەنجومەن، خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکەش بە هونەرمەندان کرد.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە