جوگرافیای ململانێ، سنوورەکان و داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان
بیروڕا 01:35 PM - 2026-11-23
PUKMEDIA
دکتۆر بێستون محمد
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕێگەی سەرچاوەکان و ڕاپۆرتە میدیاییەکانەوە سەبارەت بە پەیامە توندەکانی ئەم دواییانەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بڵاوکراونەتەوە، پێدەچێت پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جارێکی دیکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و چارەنووسسازدابن. لە ناوەڕۆکی ئەم فشارانەدا باس لە گەڕاندنەوەی هەرێم بۆ سنووری پێش ساڵی ٢٠٠٣ و گەڕانەوە بۆ هێڵی سەوز دەکرێت؛ ئەو سنوورە دیفاکتۆیەی کە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ هاتە ئاراوە و دواتر لە ماددەی ٥٣.أی یاسای کارگێڕیی کاتیی ٢٠٠٤ و ماددەی ١٤٣ی دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراقدا جێگیر کرا، سەرەڕای ئەوەی هیچ نەخشەیەکی فەرمی و یەکلاکەرەوەی بۆ دیاری نەکراوە.
بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠٢٢، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٦,٨٦٢ کیلۆمەتر چوارگۆشە بەڕێوە دەبات، کە بەشێکی ئەم ڕووبەرە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠ی ئازاری ٢٠٠٣دا لەودیو هێڵی سەوز و بەرەو هێڵی تریگەر فراوان بوو و دواتر لە ململانێکانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ و پاشان دوای هێرشی داعش لە ٢٠١٤ و ڕووداوەکانی ٢٠١٧ گۆڕانکاری بەسەردا هات.
لەڕووی ڕەخنەیی و لۆجیکییەوە، بەستنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ و هەڕەشە میدیاییەکان و لێدوانی بەشێک لە پەرلەمانتار و دەسەڵاتدارانی عێراق بە سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، دۆخێکی ئاڵۆز دەخولقێنێت، بەتایبەت کە ماددەی ١٤٠ی دەستوور ڕێکارە یاساییەکانی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دیاری کردبوو کە وادەی کۆتایی جێبەجێکردنی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ بوو و جێبەجێ نەکرا.
لە ڕووی ئابووری و وزەوە، مەترسیی ئەم مەرجانە زۆر هەستیارتر دەردەکەون کاتێک بە ژمارە و داتای بەرهەمهێنان لێکدەدرێنەوە، چونکە بەشێکی زۆری کێڵگەکانی نەوت و غاز لەو ناوچانەدان کە دەکەونە دەرەوەی سنووری یەکەمی هێڵی سەوز. بۆ نموونە، ئەگەر لە کۆی ٩١٠ ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتیی بەرهەمهاتوو، تەنها ٧٠ ملیۆن پێ سێجا لەم دیو هێڵی سەوزەوە ( کێڵگەی حەسیرە) بێت، ئەوا نزیکەی ٨٤٠ ملیۆن پێ سێجا دەکەوێتە ئەودیوەوە؛ واتە ئەگەر ئەو بڕەی تر لە دەست بدرێت، بەرهەمی غاز بە ڕێژەی نزیکەی ٩٢.٣١% کەم دەکات و تەنها نزیکەی ٧.٦٩% دەمێنێتەوە.
هەروەها ئەگەر بەرهەمی نەوتی هەرێم لە باشترین و ئاساییترین حاڵەتدا نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل بێت لە ڕۆژێکدا و کێڵگەکانی نەوت و غازی وەک خورمەڵە (کە توانای بەرهەمهێنانی ١٢٠ بۆ ١٦٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا) و شێخان (کە توانای ٣٥ بۆ ٤٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا) لەگەڵ سوفەییە و کۆرمۆر لە دەستی حکومەتی هەرێم دەربهێنرێن، ئەوا تەنها لە ڕێگەی خورمەڵە و شێخانەوە نزیکەی ١٥٥ بۆ ٢٠٥ هەزار بەرمیل لە کۆی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلە کەم دەبێتەوە، کە دەکاتە کەمبوونەوەی بەرهەم بە ڕێژەی نزیکەی ٣٨.٧٥% بۆ ٥١.٢٥%، و تەنها نزیکەی ١٩٥ بۆ ٢٤٥ هەزار بەرمیل (بەبێ هەژمارکردنی کاریگەریی سوفەییە و کۆرمۆر و کێڵگەکانی تر) دەمێنێتەوە.
سەرباری ئەمەش، زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەغدا مەرجی ڕادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی هەناردەکراو و تەنانەت ئەو نەوتەشی کە بە قاچاخ براوە داناوە پێش ناردنی "تاکە دینارێک" لە بودجەی ٢٠٢٧، هاوکات بەغدا پشت بە ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی و بەکرێگرتنی مانگی دەستکرد (سەتەلایت) دەبەستێت بۆ ڕووپێوکردن و چاودێریکردنی مەیدانیی تەواوی جوگرافیای عێراق و ئاشکراکردنی هەر جوڵەیەکی قاچاخچێتیی نەوت یان هەر کاڵایەکی دیکە.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ زانیارییەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی سەرجەم دەروازە و سنوورە دەرەکییەکان و کێڵگەکان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و هێزە فیدراڵییەکانەوە (بە پشتیوانیی وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا، ئێران و سوریا)، لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت لایەنی ئەمریکی داوای لە بەغدا کردووە هێرش و گەمارۆ بەکارنەهێنێت و پەنا بۆ گفتوگۆ ببات. لەگەڵ ئەمانەشدا، بەکارهێنانی دۆسیەی وزە، بودجە و سنوورەکان وەک کارتی فشار لەبری چارەسەری دەستووری و ڕێککەوتنی هاوبەش لەسەر بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت و غاز، مەترسیی قووڵکردنەوەی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی لێ دەکەوێتەوە و پێویستی بە دیالۆگێکی نیشتمانیی واقیعی هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی گشتی.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

