ئــــــــــاودز

بیروڕا 11:30 AM - 2026-11-23
کاروان ئەنوەر PUKMEDIA

کاروان ئەنوەر

هەزاران جووتیار و باخەوانی كورد لەسەر ئاو و شەڕی (نۆراو ـ نۆرەئاوـ نۆبەئاو-سەرەئاو) بەدەستی ناسیاو و برا و ئامۆزا و خەڵكی هەمان گوند كوژراون و دەیان كێشەی خێزان و بنەماڵە و خێڵ و هۆز و گوندانە و ناوچانە و سنوورانە... لەسەر ئاو قەوماون، رەنگ بێت هەندێكیان چارەسەر كرابن و هەندێكیان بە ئاڵۆزیی مابنەوە و بەشێكیشیان تا ئێستا چەخماخەی كێشەكە و پەنجەكان لەسەر پەلەپیتكەكان بن، چەكی بەكارهاتوو لەشەڕی ئاودزیندا (خاكەناس، تەور، تەوراس، تەورزێن، هەورێن، پاچ، بەرد، دار، تێڵا، شوڵك، كوتەك، كەرەمتوو، قیمەكێش، شەن، سێلك، قانگڵە، گۆچان-گۆپاڵ، سیرۆكۆ، كێرد، بەفرماڵ، بێڵ، چەقۆ، قەڵەمبر، قەمە، حەربە، چەكی ئاگریی بچووك و ناوەند و هەندێك جار چەكی قورس وەك نارنجۆك وRBG) بوون... راستە ئاو شادەماری ژیانە (وجعلنا من الما‌‌‌ء كل شيء حي- سورة الأنبیاء) بەڵام ئەمە بیانوو نییە بۆ ئەوەی لەسەر سەعاتێك نۆبەتی ئاو، برا لەقەو تەقە لە برای خۆی بكات، لەكاتێكدا زۆربەی ئاو و سامانی سروشتی كوردستان هەر لەكۆنەوە دزراوە و دەدزرێت، هەزاران مەتر سێجا لە ئاوی كوردستان لە سنوورەكانەوە دادەبڕێن، لەكاتێكدا ناتوانین یەك مەتر سێجا لە ئاوی كوردستان بگرینەوە.

كورد واتەنی (ئاو و ئاوەدانی)، بەڵام كە ژمارەی دانیشتووان زیاتر دەبێت، بە تایبەت لە باشووردا، كێشەكە قەبە دەبێت و پەیوەست دەبێت بە ئەمنی هەرێمی و نیشتەجێی و بۆمبێكی ئامادەكراو دەبێت بۆ پاشەڕۆژێكی نزیك... سەرم لە مەسەلەیەك دەرناچێت: بۆچی بنیاتنانی شارە گەورەكانی كوردستان و زۆربەی شارۆچكەكانیش لەبری ئەوەی لەسەر رووبار دروست كرابن، وەك ئەوەی لەهەموو دنیادا باوە، كەچی كورد هەمیشە شارەكانی لە بناری شاخ و چیا و بەری پێدەشتەكاندا دروست كردووە، چونكە وەك سەنگەرێك بیری لە شار كردووەتەوە نەك وەك كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێی مرۆڤ و مرۆڤەكان، كە بەراوردی شارەكانی كوردستان دەكەین بە وڵاتی عیراق، بەدەگمەن پارێزگایەك دەبینین لەسەر رووباری دیجلە یان فورات نەبن، یان لە لێواریاندا نەبن، بۆیە وشكەڵانی و سروشتی بیابانیی كاری لە ئەمنی خۆراك و ئاوی ئەو شارانەی عیراق نەكردووە و هەمیشە كارتێكی براوەیان بەدەستەوەیە، لە ئەوروپا و ئەفریقا و سەرجەم وڵاتانی تر هەمدیسان شارەكانیان لەسەر رووبار و رۆخی دەریاچەكان بنیاتناوە تا ئابڵۆقەی دوژمن و وشكەساڵی و بێبارانی و بەبیابان بوون كاریان تێنەكات!. كەچی كوردی داماو لەبری ئەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەر رووباری تانجەرۆ و سیروان دروست بكات، هەستاوە لە بناری چیاكانی گۆیژە و شنروێ‌ دروستی كردوون، دهۆكیش هەروەها، هەولێریش لەناو قەڵاو دەوروبەری قەڵاوە بووەتە شار، كەواتە لەئێستاوە تا داهاتوویەكی نزیك ئەم كارتی فشارە لەسەرشانی نەوەكانی داهاتوومان بەردەوام دەبێت و كێشەكەیان لە كێشەی ئەمڕۆی ئێمە زۆر زیاتر و گەورەتر دەبێت، چونكە ئێستا وا خەریكە (با و تیشكی خۆر) دەبنە شوێنگرەوەی سوتەمەنی و وزە، بەڵام ئەی خەڵكی ئەم شارانە بەچی خۆیان بشۆن، مەلە بكەن؟ لەكاتێكدا لەم سەرزەمینەدا، شار هەیە 25 تا 30 ملیۆن مرۆڤ تێیدا دەژین كەچی كێشەی ئاویان نییە.

من بزانم كورد لە مێژە هەستی بەم مەترسییە كردووە، بە بەڵگەی ئەوەی ئەگەر برینێكی جەستەی زۆر سەخت بێت و تووشی هەوكردن هاتبێت، دەڵێت ئەو برینە (ئاودز) ی كردووە، كەچی بیری لە چارەسەرێك بۆ خۆی نەكردووەتەوە. ئەگەر ئاوەكەی دزرا برینەكەی چی بەسەردێت؟ یان كورد لەجیاتی ئەوەی بڵێت: لە تێنوێتیدا مرد... دەڵێت لە تینوێتیدا خنكا.. سەیرە وشەی خنكان بۆ بێئاویی بەكاردەهێنێت، لە كاتێكدا خنكان لە ناو ئاودایە نەك لە بێ ئاویدا، ئەمەش مەتەڵێكی ترە!!

ئەمانە هەموو مەتەڵی ئاوین، ناشزانین چی بڵێین و چی بكەین و چۆن وەڵامی نەوەكانی داهاتوو بدەینەوە؟؟؟ تەنها ئەوەندە نەبێت بڵێین:
 ئەمەش لەسێگۆشەی خڕ دەچێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە