پسپۆڕێكی ئابووری: كه‌مبوونه‌وه‌ی متمانه‌ به‌دۆلار نرخی زێڕ به‌رزده‌كاته‌وه‌

کوردستان 11:04 AM - 2025-09-20
د.لاڤه‌ ئاراس د.لاڤه‌ ئاراس

د.لاڤه‌ ئاراس

ئابووری

رۆژ به‌ رۆژ نرخی زێڕ‌ به‌رزترده‌بێته‌وه‌ و پسپۆڕ‌ێكی ئابوریش ده‌ڵێت: بانكه‌ ناوه‌ندییه‌ گه‌وره‌كان بڕ‌ێكی زۆر له‌ زێڕ‌ ده‌كڕ‌ن، به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ دۆلاری ئه‌مریكی و ئابووری ئه‌مریكا، هاوكات پێشبینی ده‌كرێت نرخی هه‌ر ئۆنسه‌یه‌ك زێڕ‌ تا (5000) دۆلار بڕ‌وات.

د.لاڤه‌ ئاراس پسپۆڕ له‌بواری ئابوری گشتی و راگری په‌یمانگای ئه‌زمه‌ڕ‌ه‌، به‌ وێبسایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: نهێنی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ به‌درێژایی سێ ساڵی رابردوو و تا ئه‌و ئاسته‌ی گه‌یشته‌ زیاتر له‌ (3600) دۆلار بۆ هه‌ر ئۆنسه‌یه‌ك له‌ زێڕ‌، جیهانی توشی پرسیار كردووه‌ و یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان كڕ‌ینی بڕ‌ێكی زۆری زێڕ‌ه‌ له‌ لایه‌ن بانكه‌ ناوه‌ندییه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی دوای سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر رووسیا، كه‌ بانكه‌ ناوه‌ندییه‌ گه‌وره‌كان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی جه‌نگی نێوان ئۆكرانیا و رووسیا، زیاتر له‌ (115) ملیۆن ئۆنسه‌ زێڕ‌یان كڕ‌یوه‌، به‌جۆرێك ده‌كرێت بڵێین یه‌ده‌گی زێڕ‌ی ئه‌م بانكه‌ ناوه‌ندیانه‌ زیاتره‌، له‌به‌های قه‌واڵه‌كانیان له‌خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكی، ئه‌م بارودۆخه‌ش كه‌ به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ دۆلاری ئه‌مریكی و ئابووری ئه‌مریكا دروستبووه‌، له‌ماوه‌ی (29)ساڵی رابردوودا رووی نه‌داوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: قه‌یرانه‌ جیۆسیاسییه‌كان و دابه‌شبوونی جیهانی و ده‌ركه‌وتنی ته‌كه‌تولاتی وه‌ك (BRICS) و نزیك بوونه‌وه‌ی هند و چین و رووسیا و به‌ڕ‌ازیل و جنوبی ئه‌فریقا، كه‌ نزیكه‌ی چاره‌كێكی ئابووری جیهان پێكده‌هێنن و ره‌نگدانه‌وه‌یان ده‌بێت له‌سه‌ر بڕ‌یاره‌ ئابووری و سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ئابوری جیهان.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌: پێشبینییه‌كان و دابه‌زینی رێژه‌ی سوود له‌ لایه‌ن فیدراڵی ئه‌مریكاوه‌، بوه‌ته‌ هۆكاری پێشبینی كردنی به‌رده‌وامی بانكه‌كان بۆ زیاتر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ‌ به‌ڕ‌اده‌یه‌ك كه‌ پێشبینی ده‌كرێت، نرخی هه‌ر ئۆنسه‌یه‌ك زێڕ‌ تا (5000$) بڕ‌وات له‌كاتی به‌رزبوونه‌وه‌شی مه‌ترسی له‌سه‌ر راستگۆی بانكی فیدڕ‌اڵی به‌هۆی فشاری سیاسی به‌تایبه‌ت له‌ لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌.

د.لاڤه‌ ئاراس راشیگه‌یاند: زێڕ‌ به‌هۆی بڕ‌ه‌ سنورداره‌كه‌ی له‌جیهان و به‌رده‌وامی خواست له‌سه‌ری له‌بواره‌ جیاوازه‌كان و له‌شێوازی (ئۆنسه‌ و سه‌بائیك و جوانكاری) به‌تایبه‌تیش له‌بارودۆخی ئێستا بوه‌ته‌ یه‌ده‌گێكی ستراتیجی گرنگ بۆ ته‌واوی جیهان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخه‌كه‌ی دروستكردوه‌و به‌رزی كردوه‌ته‌وه‌.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە