بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک لە چوارەمین پارێزگای هەرێمەوە دەستپێدەکات

کوردستان 05:15 PM - 2025-05-08
فۆرمى ئەلکترۆنى خۆراک واع

فۆرمى ئەلکترۆنى خۆراک

هەڵەبجە

پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراکی لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکرد و پارێزگاری شارەکەش دەڵێت:"هاووڵاتیان لەماڵەوە دەتوانن کارەکان جێبەجێ بکەن".

ئەمڕۆ 8ى5ى 2025 نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" هەڵمەتی بە ئەلکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک لە پارێزگاکە، دیارییەکە و بەبۆنەی بوون بە 19 هەمین پارێزگای عیراق و چوارەمین پارێزگای هەرێم پرۆسەکە تێیدا دەستپیدەکات".

" هاووڵاتیانی پارێزگاكە دەتوانن لە رێگەی ئەپێكی تایبەت بە سیستمەكەوە لەماڵەوە رێکارەکان تەواو بکەن و سەرجەم داواکارییەکان پڕبكەنەوە" نوخشە ناسح وایوت.

پارێزگاری هەڵەبجە داوای لە حکومەتی عیراق و هەرێم کردووە، کۆمەڵێک فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی دیکە لە پارێزگاکە بکەنەوە بۆئەوەی مۆرکی بەپارێزگابوون بەتەواوی بە دیاربکەوێت و کارئاسانی بۆسەرجەم کاروباری هاووڵاتیان بکرێت.

لە پارێزگاى هەڵەبجەوە دەست بە پرۆسەکە دەکرێت


هەڵمەتی بەئەلکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک لە عیراق لەماوەی رابردوودا چووە بواری جێبەجێکردنەوە و وەک یەکەم پارێزگای هەرێمیش لە هەڵەبجەوە دەست بە پرۆسەکە کراوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم پارێزگاکان بگرێتەوە.

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم و د.ئەیمەن محەمەد بەڕێوەبەری داتاو زانیاریی وەزارەتی بازرگانی عیراق و وەفدێكی یاوەری سەردانی پارێزگاکەیان کرد و لەگەڵ پارێزگار دەستپێکردنی پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراکیان روونکردەوە .

ئەیمەن محەمەد  بەڕێوەبەری داتا و زانیاریی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت:"وەک رێزێک بۆ هەڵەبجە و پێگەکەی لە ئەو پارێزگایەوە دەست بە پرۆسەکە دەکەین، کە سێ قۆناغە و پرۆسەکە لە پارێزگای هەڵەبجە مانگێک دەخایەنێت".

کێن ئەوانەى پسوڵەى خۆراکیان رادەگیرێت؟

نەوزاد شێخ کامیل  بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم داواى لە هاونیشتمانییان کرد لە پرۆسەکە بەشداربن و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە، بۆیە وتی:  "ئەوەی بەشداری ئەپەکە نەبێت ئەوا لە ئایندەدا پسوڵەى خۆراکی رادەگیرێت تاوەکو ئەوکاتە پسوڵەکەی دەکرێتە ئەلیکترۆنى".

 

نزیکەی سێ ساڵە سەرجەم مامەڵەکانی پەیوەست بە پسوڵەى بەشەخۆراک، وەک زیادکردنی ئەندامی نوێی خێزان و گواستنەوە و سەرجەم رێکارەکانی دیکە راگیرابوون، ئەوەش بەهۆی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەى بەشەخۆراکەوە، کە ئێستا لەسەرتاسەری عیراق دەستیپێکردووە.

ژمارەى خێزانەکان لە پسوڵەى خۆراکدا:
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 859 هەزار و 617 خێزان دەبێت ناو و زانیارییەکانیان بە ئەلیکترۆنی لەرێگەی ئەپی سەر مۆبایلەکانیانەوە تۆماربکەن.

ژمارەى ئەو خێزانانەى لە سلێمانى و هەڵەبجەن

لەو ژمارەیەش 537 هەزار و 434 خێزان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن، 494 هەزار و 480 خێزان لەپارێزگای هەولێر، 272 هەزار و 703 خێزانیش لەپارێزگای دهۆکن.

بەگوێرەی دوایین راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی عێراق، تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان زیاتر لە 20 ملیۆن هاوڵاتی لەرێگەی ئەپێکی ئەلیکترۆنییەوە زانیارییەکانی سەر فۆڕمی بەشەخۆراکیان نوێکردووەتەوە.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە