قوباد تاڵەبانی: یەکێتی بەوەفا دەبێت بۆ خەڵکی راپەڕین

کوردستان 05:04 PM - 2024-10-21
قوباد تاڵەبانی و خەڵکی راپەڕین راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی و خەڵکی راپەڕین

قوباد تاڵەبانی راپەرین

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بەرپرسی بازنەی راپەڕین لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە دوای بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە رانییە لەگەڵ بەرپرسی بازنەکان و تیمەکانی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢١ی ١٠ بەڕێوەچووو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی دانیشتوانی دەڤەری راپەڕین و ئەندامانی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی و کادیران و جەماوەری یەکێتی لە سنوورەکە کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە هەڵبژاردندا تۆماریان کرد و جارێکیتر دەڤەری راپەڕینیان سەوزپۆش کردەوە.

 

راشیگەیاند، دانیشتوانی بە شەرەفی دەڤەری راپەڕین بەم پشتگیرییە گەورەیان لە یەکێتی، سەری یەکێتییان بەرز کردەوە و جارێکی دیکە یەکێتییان قەرزاری خۆیان کردەوە. وتیشی هەرگیز جارێکی دیکە یەکێتی کەمتەرخەم نابێت بەرامبەر جەماوەرە دڵسۆزەکەی و خواست و ئیرادەی جەماوەری یەکێتی هەمان خواست و سیاسەتی یەکێتی دەبێت.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی دانیشتوانی دەڤەری راپەڕینی دڵنیا کردەوە و رایگەیاند وەکچۆن ئێوە لە دەنگداندا راستگۆ و بەوەفا بوون بەرامبەرمان، یەکێتیش لە دوای هەڵبژاردن راستگۆ و بەوەفا دەبێت لەگەڵتان و کارێك ناکەین رۆژێک لە رۆژان لە دەنگدان و پشتگیریکردنی یەکێتی پەشیمان ببنەوە.

 

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، داوای لە ئەندامانی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی کرد کە سارد نەبنەوە و لە ئێستاوە خۆتان ئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چونکە یەکێتی چاوی لە سەرکەوتنێکی گەورەترە.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە