دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن

کوردستان 02:02 PM - 2024-04-19
روداوی تەقینەوەکە دژەتیرۆر

روداوی تەقینەوەکە

دژەتیرۆر

دژەتیرۆر و ئاسایش لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە شەهیدای سەرچنار دەکەن و ڕایدەگەیەنن: "دواین ئەنجام و ڕاست و دروستی روداوەکە بڵاودەکرێتەوە".

 

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپیەکی بۆ وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA نێردراوە ڕایگەیاندوە: "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی شەهیدانی سەرچناری شاری سلێمانی بەردەوامە و دوایین ئەنجامی لێکۆڵێنەوە و دروستیی ڕووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاودەکرێتەوە".

 

هاوکات هەر لەسەر ئەو رووداوە دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ PUKMEDIA نێردراوە رایگەیاندوە: "پاش ئەوەی ڕۆژی ٢٠٢٤/٤/١٩ سەعات ١٢ لەگەڕەکی شەهیدانی سەرچنار، ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک روویدا و هیچ زیانیکی گیانی لێ نەکەوتەوە و دەست بەجێ لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستیپێکردووە، لەئێستادا هێزەکانی ئاسایش لە شوێنی ڕووداوەکەن بەمەبەستی بەدوادوچوون و لێکۆڵینەوە".

 

عەتا سەراوی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەڵێت: "بەمەبەستی میوانداری هاتوینەتە سلێمانی و پاش ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکەمان و چونمان بۆ خواردنگەیەک، دەنگێکی بەرز هات و دوکەڵ بەرز بۆوە، کەبینیمان ئۆتۆمبێلەکەمان بوو تەقیبوەوە".

 

وتیشی: "خۆشبەختانە ئێمە سەلامەتین و زیانی گیانیمان نەبووە، بەڵام بەداخەوە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان زیانی بەرکەوتوە کەلەنزیک ئۆتۆمبێلەکەی ئێمەوە وەستابوون".

 

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە