دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەستیپێكرد

کوردستان 07:04 AM - 2023-12-18
پرۆسەی دەنگدان PUKMEDIA

پرۆسەی دەنگدان

عيراق هەڵبژاردن

سەعات 07:00 ی بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە 18-12-2023، دەنگدانی گشتی لە 15 پارێزگاكەی عیراق بەڕێوەدەچێت و تا سەعات 06:00 ی ئێوارە پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە 15 ملیۆن دەنگدەری گشتی بەشداری دەنگدان دەكەن

 

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق، 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەری گشتی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەكەن و سەرجەم ئامادەكارییەكانیش بۆ ئەو مەبەستە تەواو كراون.

 

لە ناوچە جێناكۆكەكان زیاتر لە چوار ملیۆن دەنگدەر بەشداری دەنگدان دەكەن

 

بەپێی داتاو زانیارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق و دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە دەست PUKMEDIA كەوتووە، ژمارەی دەنگدەرانی ناوچە جێناكۆكەكان بریتییە لە 4 ملیۆن و 378 هەزار و 282 دەنگدەر كە دەكاتە نزیكەی یەك لەسەر سێی دەنگدەرانی گشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كە ژمارەیان زیاتر لە 15 ملیۆن دەنگدەرە.

 

نزیكەی 8 هەزار ناوەند و 39 هەزار وێستگە بۆ دەنگدەران ئامادەكراون

 

نزيكەی 8 هەزار ناوەند و 39 هەزار وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدەران ئامادەكراون، بەمەش 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر بە گشتی و تایبەت و راگوێزراوەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەكەن و 7 هەزار و 766 ناوەند و 38 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدەران ئامادەكراوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی شەممە 16-12-2023، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوەچوو و راگوێزراو و هێزە ئەمنییەكان دەنگیان دا، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنیش ملیۆنێك و 2 هەزار و 393 دەنگدەری تایبەت و 48 هەزار و 260 راگوێزراو مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوو.

بەپێی ئەو ئامارانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە، لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا، 134 لیست بەشداری هەڵبژاردن دەكەن كە 39 هاوپەیمانی و 29 حزب و 66 كاندیدی سەربەخۆن، كە نزیكەی 40 رۆژ بانگەشە بۆ لیست و كاندیدەكانیان بەردەوامبوو، رۆژی هەینیش بەشێوەیەكی رەسمی لەلایەن كۆمسیۆنەوە بانگەشە راگیرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە