شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ: تەنها یەكێتی دەتوانێت داكۆكی لە كەركوك بكات

کوردستان 06:43 PM - 2023-11-29
سەردانی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ كۆمیتەی شۆڕیجە لە كەركوك  PUKMEDIA

سەردانی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ كۆمیتەی شۆڕیجە لە كەركوك

كەركوك هەڵبژاردن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

رۆژی چوار شەممە ٢٩/١١/٢٠٢٣ شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ سەردانی كۆمیتەی شۆڕیجەی لە كەركوك كرد و لەگەڵ كادیران و جەماوەری سنوورەكە كۆبووەوە.

لە وتەیەكیدا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ هانی سەرجەم كەركوكییەكانی دا بەشداربن لە هەڵبژاردن و دەنگ بدەن بە كاندیدانی یەكێتی لە لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە.

شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: "بۆ كەركوكییەكان دەرفەتێكی زێڕین هاتووەتەپێش تا بە دەنگەكانیان كوردستانیبوونی كەركوك بسەلمێننەوە و شارەكە رزگاربكەن لەو ئیدارەیەی ئێستا كە دانیشتووانە رەسەنەكەی كەركوكی پەڕاوێزخستووە".

"بە گەڕانەوە بۆ مێژوو رۆژگارە سەختەكان و لەپێناو ئایندەیەكی روون بۆ هەمووتان دەنگ بدەن بەیەكێتی و تەنها یەكێتی و هاوپەیمانێتییەكەی دەتوانن نوێنەری راستەقینەی كەركوكییەكان بن و داكۆكیتان لێ بكەن" شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لە میانی وتەكەیدا وایوت.

 

شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بازاڕی شۆڕیجەی بەسەر كردەوە

هەمان رۆژ لە سەردانە مەیدانییەكەیدا بۆ كەركوك، بە هاوڕێیەتی ژمارەیەك لە هەڤاڵانی سەركردایەتی و كاندیدانی لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ سەردانی بازاڕی شۆڕیجەی كرد و  نزیكەوە لە دۆخی كاسبكارانی بازاڕەكەی پرسی و هانیدان بەرۆحی كوردانەوە بەشداری دەنگدان بكەن و دەنگ بە كاندیدانی یەكێتیی بدەن.

شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەڵێت: "ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە كەركوك هەیە تەنها بەدەنگی ئێوە و نوێنەرەكانی یەكێتی دەگۆڕێت" و وتیشی: "ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییە هەموو پێكەوە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و كوردستانییەتی كەركوك بسەلمێننەوە و ئیدارەی شارەكەتان بخەنەوە خزمەتی خۆتان".

 

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ وەرزشکارانی کەرکوک کۆدەبێتەوە

لەلایەکی دیکەشەوە هەمان رۆژ بە مەبەستی پاڵپشتی و پشتیوانی لە کاندیدانی یەکێتیی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی و سەرۆکی لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانی کەرکووک هێزو ئیرادەمانە لەگەڵ وەرزشکارانی شارەکە کۆبووەوە.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بەگرنگیەوە باسی لە رۆڵی وەرزش کردو دووپاتی کردەوە کە هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوان و پاڵپشتی وەرزشوانان بووە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ داوای لە وەرزشوانان کرد وەک سەرجەم چین و توێژەکانی تر پشتیوانی سەرخستنی کاندیدانی هاوپەیمانی کەرکووک هێزو ئیرادەمانە بن و بە دەنگەکانیان کوردستانی بوونی کەرکووک بسەلمێننەوەو نوێنەرە راستەقینەکانی خۆیان بنێرنە ئەنجومەنی پارێزگا.

PUKMEDIAٍٍ

ئەمانەش ببینە