سەرۆككۆمار: ئەرمەنییە عیراقییەكان بەشدارن لەبوونیادنانی شارستانییەتی وڵات
عیراق 12:47 PM - 2023-11-23
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار
سەرۆككۆماری عیراق و قەداسەتی كاریكینی دووەم باتریاركی باڵای كاسۆلیكی ئەرمەنییەكان
لە پەڕاوێزی سەردانە رەسمییەكەیدا بۆ كۆماری ئەرمینیا، سەرۆك كۆمار د. لەتیف جەمال رەشید، سەردانی كورسی پیرۆزی دایكە ئیچمیادزینی كرد و لەگەڵ قەداسەتی كاریكینی دووەم باتریاركی باڵای كاسۆلیكی گشت ئەرمەنییەكان كۆبووەوە.
لە سەرەتای دیدارەكەدا، كە رۆژی 22-11-2023 ئەنجامیدا، باس لە سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئەرمینیا لەسەرئاستی حكومی و جەماوەری كرا، كە لەوبارەیەوە سەرۆككۆمار باسی لە رۆڵی مێژوویی ئەرمەنییە عیراقییەكان لە بونیادنانی كلتوری و زانستی و ئابوری و بەشداریكردنیان لە شارستانییەت و كلتوری وڵاتدا كرد، ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمەڵگەی عیراقی بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بەپەرۆشن بۆ مانەوەی ئەرمەنییەكان لە عیراق و گەڕانەوەی كۆچبەران و ئاوارەكانیان بۆ ناوچەكانیان بە شێوەیەك كە ژیانێكی ئازاد و شكۆداریان بۆ دەستەبەر بكرێت.
هەروەها سەرۆككۆمار رونیكردەوە: "كە عیراقییەكان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە هاوسۆزن لەگەڵ ئەرمەنییەكان لەوەی بەسەریانهاتووە لە سەركوتكردن و چەوساندنەوە و جینۆسایدكردنیان، بەوپێیەی لە سەردەمی رەشی دیكتاتۆریەتدا دوچاری هەمان شێوازی دڕندەیی بوونەتەوە وەك ئەنفال و بۆردومانی هەڵەبجە و وشككردنی زۆنگاوەكان و روبەڕوبوونەوەی راپەڕین لە باشور".
سەرۆككۆمار ئاماژەی بە سەردانی ئەمدواییەی بۆ رۆما و دیداری لەگەڵ قەداسەتی پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان و دەرئەنجامی وتووێژەكانی كرد لەپێناو چەسپاندنی بنەماكانی برایەتی و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەكان و كاركردن لەسەر پتەوكردنی بنەماكانی دیالۆگ و هاریكاری و كاری پێكەوەیی نێوان گەلان.
لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆككۆمار بانگهێشتی قەداسەتی كاریكینی دووەمی كرد بۆ سەردانیكردنی عیراق و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ رۆڵەكانی تایفەی ئەرمەنی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و هاریكاری لەنێوان هەردوو گەلی عیراقی و ئەرمەنی.
لەلای خۆیەوە، قەداسەتی كاریكینی دووەم پاتریاركی باڵای كاسۆلیكی سەرجەم ئەرمەنییەكان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی سەرۆك كۆمار بۆ ئەرمینیا دەربڕی و ستایشی هەوڵەكانی كرد بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دۆستانەییەكان و هاریكاری نێوان هەردوو وڵاتی دۆست.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
لە جیهاندا نرخى نەوت نزمدەبێتەوە
09:15 AM - 2026-11-24 -
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23



.webp)


.webp)
دابەزێنە

