یەکێتی بەشداری کۆنگرەی ژنانی ( الاصالة و المعاصرة) لە مەغریب دەکات

کوردستان 12:23 PM - 2023-05-21
فریاڵ عەبدوڵلا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت

فریاڵ عەبدوڵلا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکیتی وەک یەکەم ژن لەعیراق و بەنوێنەرایەتی یەکێتی بەشداری کۆنگرەی رێکخراوی ژنانی حزبی ( الاصالة و المعاصرة) دەکات، وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکۆنگرەکەدا دەخوێنێتەوە، کە ١٠٠٠ ئەندامی ژن تێیدا بەشدار بوون.

فریاڵ عەبدوڵلا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند:"خۆشحاڵم وەک یەکەم ژن لەعیراق بەنوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیم لە کۆنگرەی رێکخراوی ژنانی حزبی ( الاصالة و المعاصرة) لە مەغریب، بەناونیشانی ( پەرەپێدانی تواناکانی ژنان بنەمای بەرەوپێشچوون و یەکسانییە) لەسەر بانگهێشتنامەی خۆیان بەشداربم و وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بخوێنمەوە".

" لەوتارەکەمدا باسی گرنگی ڕۆڵی ژنانی کوردم لەمێژووی خەباتی سیاسی کوردستاندا کرد و ئەو تاوانانەم خستەڕوو کەبەرامبەر بەژنان کراوە، بەتایبەت زیندەبەچاڵکردنی ژنان و منداڵانی کورد لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عیراق و فڕاندنی هەزاران کچی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە پاشان کڕین و فرۆشتن پێیانەوە و هەروەها داوام لەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد هاوکارمانبن لەدۆزینەوەی ئەو کچانە و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو خێزان و کەسوکارییان" فریاڵ عەبدوڵلا وایوت.

وتیشی:" رێکخراوی ژنانی حزبی ( الاصالة و المعاصرة) زۆر خۆشحاڵبوو بە بەشداریکردنی ئێمە، هەم وەک یەکێتی و هەم وەک ژنە کوردێکیش، هەروەها بەڵێنیاندا پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵتر بکەین لەپێناو خزمەتی زیاتر بەدۆزی ژنان".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی راشیگەیاند:"لەکۆتایدا پیرۆزبایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان گەیاندە رێکخراوەکە و بەڵێنمان پێدان هاوکار و پشتیوانیان بین لەکارەکانیان".

رێکخراوی ژنانی حزبی ( الاصالة و المعاصرة)ی مەغریبی رۆڵی گرنگیان بینیوە لەدەرکردنی چەندین یاسا وەک یاسای خێزان لەبەرژەوەندی ژنان و دەستەبەرکردنی ٪٣٠ کورسی کۆتا لەو وڵاتە بۆ ژنان، هەروەها توانیویانە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان رێکخراوە جیهانییەکانی ژناندا دروستبکەن و لەپێناو خستنەڕووی توانای ژنان لەسەرجەم بوارەکاندا، ئەو رێکخراوە لەلایەن خودی مەلیکی مەغریبەوە پشتیوانی دەکرێت.

 

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە