پرسی هەڵبژاردن جارێکی دیکە یەکێتی و پارتی کۆدەکاتەوە

کوردستان 04:23 PM - 2023-05-18
یەکێتی و پارتی PUKMEDIA

یەکێتی و پارتی

هەڵبژاردن یەکێتی پارتی

لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی سەبارەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، بڕیارە سبەینێ هەینی بۆ جارێکی دیکە دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی و مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی لە شاری ھەولێر  بۆ تاوتوێکردنی پرسی ھەڵبژاردن کۆببنەوە.

سەرۆکی پەڕلەمان بەشدارە

لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی بۆردی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی بە سایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:"کۆبوونەوەکەی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی و مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی بەئامادەبوونی د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگرەکەی لەپەڕلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

"کۆبوونەوەکە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی رابردوو دەبێت و گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر ئەو خاڵانەی کە تا ئێستا لەنێوان هەردوولادا ماوەتەوە و رێکەوتنی لەسەرنەکراوە بەتایبەت کورسی پێکهاتەکان" لەتیف نێروەیی وایوت

یەکێتی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی دەوێت

 

یەکیتی تەئکید لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەهەرێمی کوردستان دەکاتەوەو ئەو داواکارییانەشی لەهەمواری یاسای هەڵبژاردندا هەیەتی لەپێناو بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی دیموکراسیدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد:" یەکێتی ئومێدی وایە کۆبوونەوەکان بە دەرئەنجامی ئەرێنی کۆتاییان پێبێت و ھەرێمی کوردستان بەرەو ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دیموکراتی ھەنگاو بنێت".

نێروەیی راشیگەیاند:" ئەو داواکارییانەی یەکێتی لە هەموارکردنەوەی یاساکە هەیەتی سەرجەمیان لەبەرژەوەندی پرۆسەی دیموکراسی و خەڵکی هەرێمی کوردستانە و هیچ داواکارییەکی حزبی و شەخسی نییە".  

 

بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA کۆبوونەوەکەی نێوان دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی و مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی لەگەڵ ئەوەی بەبەشداری سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی دەبێت وەفدی یەکیتی لەلایەن رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەروەها وەفدی پارتیش لەلایەن رێبوار یەڵدا بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنەوە سەرۆکایەتی دەکریت.

 

ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە پێشتر یەکێتی و پارتی لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی.
رۆژی ١٦ـی ئەم مانگەش، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەسەر پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان  لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا.

 

PUKMEDIA 



ئەمانەش ببینە