پیرۆزباییەکان بۆ دەنگی گەلی کوردستان

کوردستان 03:35 PM - 2023-03-18
دەنگی گەلی کوردستان PUKMEDIA

دەنگی گەلی کوردستان

یەکێتی

لە 44 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستاندا پیرۆزباییەکان ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی ئەو ئێزگەیە دەکرێت.

دەقی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی..

هەڤاڵان بەڕێوەبەر و راگەیاندنکاران و کارمەندانی دەنگی گەلی  کوردستان .

لە یادی چل و چوار ساڵەی پەخشی ئێزگەکەدا ، وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە ئێوەی ماندونەناس و تێکۆشەرکە لەماوەی چەند ساڵی کارکردنتاندا هەروەک هەڤاڵەکانی سەرەتاوپێش خۆتاندا شەو و رۆژتان خستۆتە سەر یەک بۆ بەردەوامی لە کارکردن و گەیاندنی هەواڵ وپڕۆگرامی  هەق بێژی و راستی بەگوێگرانی ئێزگەکە .
لە رابردوودا ئێزگەکە چەندین قۆناغی سەختی بڕیوە وسەرەتاکەی لە نێو کۆڕی خەبات و شۆرشی بەرگریدا ،شانبەشانی پێشمەرگە رادیۆ دەنگی پەیامی یەکێتی وچالاکیەکانی شۆڕشی نوێ و گشت گەلی کوردستان و لەقۆناغێکیشدا دەنگی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و لە راپەرینی ساڵی 1991ی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیشدا داینەمۆی ئەو وەرچەرخانە و بەرەی کوردستانییش بوە ، هەر لەو قۆناغانەدا دەنگی گەلی کوردستان بۆتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری زۆربەى ئاژانس و کەناڵەجیهانیەکانیش.
بۆ کارکردنی ئێستای رادیۆ کە خاوەنی مێژوویەک لە هەگبەی پڕ  بەخشش و راست بێژی و هەست کردن بە لێپرسراوێتی نیشتمانی و نەتەوەییە،هیوادارین لەگەڵ کاروانی میدیایدا پەرەی زیاتر بەچۆنێتی کارکردنتان بدەن و هەنگاوەکانی گەشەپێدان و چاکسازی زیاتر بکەن، بەتایبەت لە رووی ئاراستە و تەکنیکی و هونەرییەوە تاکو لە پێشەنگی کەناڵەکاندا بۆ هەمیشە دەنگی گەلی کوردستان بن .
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان  بۆ دەخوازین .                           
مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

سەرۆك بافڵ: دەنگی گەلی كوردستان لە راپەڕیندا بزوێنەری شۆڕشگێڕان بوو 

بەڕێزان بەڕێوەبەر، رۆژنامەنووس و كارمەندانی دەنگی گەلی كوردستان

لە 44ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەنگی گەلی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرمتان لێدەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازی بە مێژووی درەوشاوەی دەنگی گەلی كوردستانەوە دەكات كە لە رۆژگاری سەختی خەباتدا وێستگەیەكی گرنگی جۆشدانەوەی گیانی كوردایەتی بوو و لە سەروەختی راپەڕینیشیدا، بزوێنەری شۆڕشگێڕان بوو لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و سەرفرازی.

هیوادارم هەڵگر و پارێزەری ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەبن و لە ساڵی نوێی كاركردنتاندا هاوشانی بەرەوپێشچوونە میدیاییەكان، ئەركەكانتان بەجێبهێنن و ئێمەش پشتیوانتان دەبین.

دڵسۆزتان 
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



دەقی پیرۆزبایی كۆسرەت رەسوڵ بۆ ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان


بەڕێزان: بەڕێوەبەرو كارمەندانی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان

(٤٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان لەئێوەو سەرجەم رۆژنامەنووس و میدیاكارانی ئێزگەكە پیرۆز دەكەم، ئومێد دەكەم لەگەڵ پێشكەوتنەكانی بواری میدیا بەردەوام بن و سەركەوتوو بن.

ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان خاوەن مێژوویەكی پڕشنگدارەو لە ئەوێ رۆژێی خەباتی شاخ ببووە دەنگی شۆڕش و سەرجەم گەلی كوردستان، پەیامەكانی بزوێنەری رۆحی شۆڕشگێڕی و وتارەكانی لووتكەی ئەدەبی مقاوەمەت بوون، بۆ گەلی كوردستان وێستگەی بەرگری كردن و بەرەنگار بوونەوە بوو دژی زوڵم و ستەمی بەعس. لە راپەریندا، ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان مینبەری سەرەكی و تاكە كەناڵی پەیوەندی نێوان هێزی پێشمەرگەو رێكخستنە نهێنییەكان و خەڵكی كوردستان بوو.

دوای (٤٤) ساڵ لە دەست پێكردنی یەكەم پەخشی، سەرەڕای پێشكەوتنەكانی بواری میدیاو راگەیاندن، هێشتاش ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان وەك كەناڵێكی میدیایی سەنگین و خاوەن رابردوویەكی گەش جێی ئومێدە، هیواخوازم لە پێشكەوتنی بەردەوامدا بن و بتوانن ئەم مێژووە پڕ سەروەرییە بە نەمری و زیندوویی بهێڵنەوەو پەرەی زیاتر بە كارەكانتان بدەن.

دووبارە پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەكەم و سڵاوی تایبەتی خۆم دەنێرم بۆ هەموو ئەو میدیاكارو رۆژنامەنووسانەی رۆژێك لە رۆژان لەم ئێزگەیە كاریان كردووە، بە تایبەت قارەمانانی خەباتی شاخ.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

دەقی پیرۆزبایی قوباد تاڵەبانی بۆ ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان 

بەرێوەبەر و کارمەندان و میدیاکارانی دەنگی گەلى کوردستان 

بەبۆنەى یادی 44 ساڵەى دامەزراندنی ئێزگەى دەنگی گەلى کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیواى پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم. 
ئەم ئێزگە گرنگەى سەردەمانێک دەنگی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە و نەبەردییەکانی رۆڵە گیانفیداکانی کوردستانی دەدا بەگوێى جەماوەرى خۆڕاگردا، مایەى شانازییە کەئێستا لەگەڵ سەردەمەکەدا خۆى گۆڕیوە و نوێبوونەوەى کردۆتە کردار.
بۆ ساڵی نوێى تەمەنی دەنگی گەلى کوردستان بەرەوپێشچوونی زیاتر لەبوارى میدیا، جۆراوجۆریی لەبەرنامە و بابەتەکانی، داهێنان و نوێگەرى زیاتر لەکۆی کارەکانی ئەم سەکۆ میدیاییە گرنگە دەخوازم. 

قوباد تاڵەبانی 
سەرپەرشتیارى مەکتەبى سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

 

دەقی پیرۆزبایی خاتوو گەلاوێژ بۆ ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان

بەڕێزان بەڕێوەبەر و كارمەندان و تەكنیككارانی ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان (ئێزگەكە)

بەبۆنەی یادی 44 ساڵەی دەستپێكردنی پەخشی ڕادیۆكەتانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم و جوانترین چەپكەگوڵی ئەم دەمەوبەهارەتان پێشكەش دەكەم.

دەنگی گەلی كوردستان مێژوویەكی پڕ لە سەروەریی بۆ خۆی و كارمەندەكانی و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان تۆماركردووە كە ڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك و كاروانە پڕ لە سەروەرییەكەی ڕاگەیاندنی گەلەكەمانەوە.

ئێزگەكەی ئێوە ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی (دەنگی گەلی كوردستان)، بۆیە پێویستە ئەو ناو و لۆگۆیە بپارێزن و وەك ڕابوردوو لە داهاتوویشدا دەنگی گەلی كوردستان بن.

ئەوێ‌ ڕۆژێ‌ كە چالاكییەكانی مەفرەزە و كەرت و تیپ-ەكان بە خوێندنەوەیەكی حەماسخوڵقێن و لە لووتكەی چیا سەركەشەكانەوە ئاوێتەی ژیانی جووتیار و ڕەنجدەرانی بیروبازووی گوند و شارەكان دەبوون و لەگەڵ وتارە ئاگریینەكاندا گیانی خەباتی پێشمەرگایەتییان دەبزواند، ئێزگەكە بووبووە بەشێك لە ژیانی خەڵك تا ئەوكاتەی بانگی ڕاپەڕینی دا و بانگەشەی زەماوەندی بڵاوكردەوە.

ئەركی ئێستاتان لە وتاری حەماسیدا نەماوە، ئێستا دەبێت پەیامتان لەخزمەتی هەموو چین و توێژەكاندا بێت و ڕۆبچنە ناو قووڵایی خەم و كێشەكانی جەماوەر و هۆشیارییەكی كوردانە و زانستییانە بدەنە گوێگرەكانتان، بەتایبەت كە پەخشەكەتان تەنیا لە ڕادیۆوە نییە و ماڵپەری ئینتەرنێت و پەیجەكانی سۆشیال میدیایش بوونەتە پێویستیی سەردەم و ئێوەیش سەردەمییانە بەڕێوەیدەبەن.

لەم یادەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئێزگە و میدیای كوردی نەویدەكەین و سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو كەسانەی لەڕێی ئێزگەكەوە خزمەتیان كردووە. دەستی ئێوەی ماندوونەناس دەگوشین و ئومێدی سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم، هیوادارم لەگەڵ میدیاكانی دیكەی یەكێتی و كوردستاندا پەیامی كوردایەتی و برایەتی و پێكەوەژیان بگەیەنن بە هەموو لایەك... هەمیشە سەركەوتوو بن.

    گەلاوێژ

 

دەقی پیرۆزبایی لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن..

 

هەڤاڵ و برا كاك دڵبەند مستەفا
بەڕێوبەری گشتی دەنگی گەلی كوردستان (ئێزگەكە)
خوشك و برایانی دەنگی گەلی كوردستان
یادی (44) ساڵەی دەستپێكی پەخشی (ئێزگەكە)، ئێزگەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانتان لێ پیرۆز بێت. لە ئێوە و لە هەموو تێكۆشەرانی دێرینی ئەم كاروانە دوور و درێژەی تەمەنی هاوشانی تەمەنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانە، پیرۆز بێت، كاری ستافی نوێ درێژەپێدانی ئەم شانازییەی یەكێتی و میدیای كوردستانییە، بە تەكنیكی نوێ و هەناسەی گەنجانەوە. واتا هەمان پەیام، بەڵام بۆ سەردەمێكی نوێ.
ئومێد دەكەم پێكەوە لەگەڵ كەناڵەكانی تر بەشێك بن لە بەرنامەی پوختكردنەوە و ڕێكخستنەوەی راگەیاندنەكەمان كە هەندێكمان جێبەجێ كردووە و هێشتا ماویەتی.
 (44) جار پیرۆزتان بێت.

ستران عەبدوڵڵا
لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە