شەڕڤان کۆبانێ و 8 هەڤاڵی تری لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا شەهیدبوون

کوردستان 07:30 PM - 2023-03-17
وەهاب ‌هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و شەهید فەرماندە شەرڤان كۆبانێ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر

وەهاب ‌هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و شەهید فەرماندە شەرڤان كۆبانێ

دژەتیرۆر

وەهاب ‌هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر بۆ شەهید بوونی فەرماندە شەرڤان كۆبانێ پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "شەهید بوونی فەرماندە (شەرڤان كۆبانێ) و هەڤاڵانی خەمباری كردووین، شەهید شەڕڤان و یەكینەكانی دژەتیرۆر لە ڕۆژئاوای كوردستان، بە درێژایی ساڵانی جەنگ لەگەڵ چەتەكانی داعش دەیان نەبەردیان تۆمار كرد، شەرەفمەندین كە توانیومانە لە بەشێكی زۆری ئەو نەبەردیانە هاوبەش بین".

دەقی پەیامەكە:

هەواڵی شەهید بوونی فەرماندە (شەرڤان كۆبانێ) و 8 هەڤاڵیی لە دڵەوە خەمباری كردووین، كە لە ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی دوو هەلیكۆپتەر لە ناوچەی چەمانكێ شەهیدبوون.

شەهید شەڕڤان و یەكینەكانی دژەتیرۆر لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە سەرەتای جەنگی ڕووبەڕووبونەوەی چەتەكانی داعش و بە درێژایی ساڵانی جەنگ، ڕۆڵێكی قارەمانانەیان بینی، توانیان ببنە سەرە ڕمی جەنگە زەمینییەكان و دەیان نەبەردی تۆمار بكەن.

شەرەفمەندین كە توانیومانە لە بەشێكی زۆری ئەو نەبەردیانە هاوبەش بین و هێزەكانی دژەتیرۆر لەپاڵ یەكینەكانی دژەتیرۆری ڕۆژئاوا، بەشداربن لە ڕووخاندنی كۆتا بنكەی و بارەگای چەتەكانی داعش لە باغۆز، كە ئەمە هەر ئەو ئامانجە بوو، كە یەكینەكانی دژەتیرۆری لە ڕۆژئاوا لەپێناودا دروستبوو.

سەرەخۆشی لە خۆم و گەلەكەمان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكەم، دڵنیام گەلی كورد هێندەی ڕۆڵەی قارەمان هەیە، كە دەتوانن شوێنی فەرماندە شەڕڤان و هەڤاڵەكانی پڕبكەنەوە و درێژە بە ڕێی خەبات و بەرخودانی ئەوان هەر زوو پڕبكەنەوە.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ تەواوی شەهیدانمان نەوی دەكەین، و دڵنیای دەدەین كاروانی ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆر و پارێزگاری لە خاكەكەمان سەدان قوربانی دەوێت.

وەهاب ‌هەڵەبجەیی
بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە