کۆتایی رۆمانسییەت مانیفێستۆیەک بۆ نان و نیشتمان
بیروڕا 04:55 PM - 2026-11-07
یەکەم: ئەو ساتەوەختەی وشەکان دەمامک دەپۆشن
هەموو کودەتایەک پێش دەستبردن بۆ دەسەڵات، دەست بۆ زمان دەبات.
وشە پیرۆزەکان لە ناوەڕۆکە ڕەسەنەکەی خۆیان دادەماڵێت و دەیانکاتە دەمامک، وەک: یاسا،
دیموکراسی، کوردایەتی. چواری نۆڤەمبەر ئەم سێ وشەیە لەناو هۆڵی پەرلەماندا دووبارە
وترانەوە، بەڵام خاوەن دەنگە ڕاستەقینەکەی وشەکان، لەوێ نەبوون. یاسا بەبێ ڕەزامەندیی
پارچەکانی وڵات دەبێتە شتێک یان ئامێرێکی هەژماری، دیموکراسی بەبێ هاوبەشی دەبێتە
ئامرازی زاڵبوون، کوردایەتی بەبێ خەڵک دەبێتە یادگارییەکی پشت شووشەی مۆزەخانەکان.
کودەتای سەردەمی نوێ بێدەنگتر دێت، ڕێکپۆش بە ڕستەی یاساییەوە
دەردەکەوێت، بە کۆکردنەوەی ژمارەی ئەو دەستانەی لە جێگەی پەیمانی دڵەکان
بەرزکراونەتەوە. لەم ساتەدا گورزی یەکەم لەو گرێبەستە نەنووسراوە دەدرێت هەرێمی
کوردستانی بەپێوە هێشتۆتەوە، هیچ پارچەیەکی ئەم خاکە نابێت هەست بە میوانبوون بکات
لەناو ماڵی خۆیدا. پرسیاری ڕاستەقینە لێرەدا لەسەر ماناکان دەوەستێت، کێ مافی دیاریکردنی
پێناسەی یاسای هەیە، لە ساتەوەختێکدا هەمان دەست یاسا دەنووسێ، دەسەڵات بەڕێوەدەبا
و خۆیشی دەبێتە دادوەری پرسەکان؟ لەم بازنەیەدا یاسا دەبێتە ئاوێنەیەکی شکاو، هەر
چاوێک تێیبڕوانێت، تەنها وێنە شێواوەکەی خۆی دەبینێت.
دووەم: سەدەیەک لە زەمەنی داهاتوودا
نزیکەی سەدەیەک دەبێت کورد لە زەمەنی داهاتوودا دەژی. زمانی
سیاسیی ئێمە ڕێزمانێکی تایبەت بە خۆی داهێناوە، ئێستا هەمیشە قوربانیی داهاتووە و
ژیان هەمیشە دواخراوە بۆ ڕۆژێکی بێناوونیشان. لەم ڕێزمانەدا دایکێک نانی منداڵەکانی
نییە و گوێبیستی گۆرانیی نیشتمانە، گەنجێک ئاسۆی بەردەمی داخراوە و دروشمی گەورەی
بۆ هەڵدەواسرێت. ئەمە هەمان ئەو گوتارەیە ناومانناوە کوردایەتیی مۆزەخانەیی، ئاڵا
و سروود و وێنەی شەهیدان لە پشت شووشەکانەوە ڕیزدەکات و جەماوەریش وەک سەردانکەر دەهێڵێتەوە،
بینەرێکی بێدەسەڵات لە بەردەم مێژووی خۆیدا.
ئازاری هەرە قووڵی ئەم گوتارە لەوەدایە، خۆی بە خاوەنی
ڕاستەقینە ق ڕەسەنایەتی دەزانێ. هەموو ڕەخنەیەک دەکاتە خیانەت، پرسیارکردن لەبارەی
نانەوە دەکاتە بچووککردنەوەی خەون، لە هەمان کاتیشدا لە پشت ڕەمزەکانەوە بازرگانی
بە سامانی گەلەوە دەکات و بە ناوی ئەوانیشەوە دەدوێت. بۆیە لە پاڵ دوژمنی دەرەکیدا،
لەمپەرێکی گەورەتر لە بەردەم کوردبوون و کوردایەتی ڕاستەقینەدا وەستاوە، ئەویش هەمان
کوردایەتیی ساختەیە، ئەو کوردایەتییەی ڕۆحی لە کوردایەتی ڕەسەن داماڵی و جەستەی تەنها
بۆ نمایش هێشتۆتەوە. نیشتمان لەم گوتارەدا هەمیشە لە ئاسماندایە، بەرز و دوور و دەستپێڕانەگەیشتوو،
نانی نیشتمانیش لە زەویدایە، نزیک و دەستبەسەرکراو.
سێیەم: نان، یەکەمین شێوەی ئازادییە
لە ئەدەبیاتی ڕۆمانسیدا نان و ئازادی دوو جەمسەری دژبەیەکن،
یەکەمیان بۆ جەستەیە، دووەمیان بۆ ڕۆحە، بەرزە ڕۆح جەستەی لەبیردەچێت. بەڵام مرۆڤ
لە هەنگاوی یەکەمدا جەستەیە، پاشان دەبێتە پرسیار و خەون و ئیرادە. ئازادیی مرۆڤی
برسی هاوشێوەی دەرگەی کراوەی زیندانێکە بۆ دیلێکی بێهێزبووی بێتوانا لە ڕۆیشتن. بۆیە
نان پێش ئازادییە، لەبەر هۆکاری بوونی نان بە یەکەمین شێوەی ئازادی، ئازادی لە ترسی
سبەی، ئازادی لە منەت، ئازادی لە ملکەچی بۆ دەستبەخشەری مووچە و بڕەری لە هەر کاتێکی
ئارەزووکراودا.
لەم هەفتەیەدا دەنگدەرانی ئەمریکا، لەناو بەهێزترین دەوڵەتی
جیهاندا، ئەم ڕاستییەیان بە زمانی سندووقەکان نووسییەوە. شکۆی ئیمپراتۆری و دروشمی
گەورە نەیانتوانی جێگەی کیسەی نان و نرخی بەنزین و کرێی خانوو بگرنەوە، ترامپ وڵامی
خۆی لەناو چێشتخانەی ماڵەکانەوە وەرگرت. ئەگەر ئیمپراتۆرییەک بە هەموو سامانەکەیەوە
لە چێشتخانەوە بڕیار بدات، هەرێمێکی بچووک، بە ئاسمانێکی پڕ لە دووکەڵی جەنگی
دراوسێکان و بە نانێکی هەڵواسراو بە لیستێکی بەغداوە، بە چ ماف و چ ژیرییەک سیاسەت
لەسەر شیعرییەت بونیاد دەنێت؟
دەوروبەریشمان لە هیچ سەردەمێکدا بە شیعر سیاسەتییان نەکردووە.
ئەنقەرە و تاران و بەغدا و پایتەختەکانی کەنداو، هەر بەیانییەک نەخشەی بەرژەوەندیی
خۆیان دەکێشنەوە، هاوپەیمان دەگۆڕن و دوژمنی دوێنێ دەکەنە دۆستی ئەمڕۆ، بەبێ دەستبردن
بۆ ئاڵاکانیان. ئێمە ماوینەتەوە ڕۆمانسییەت وەک میراتێکی پیرۆز لە ئامێز دەگرین، لە
ساتی تەنگانەدا بە زمانی دڵ دەدوێین و دەوروبەریش بە زمانی بەرژەوەندی وڵاممان دەداتەوە.
چوارەم: بڕیاری پێنجی نۆڤەمبەر، واقیعبینی وەک بەرپرسیارێتی
لەم دۆخەدا بڕیاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەبێت لە ئاستێکی
قووڵتر لە ململانێی کورسی بخوێندرێتەوە. یەکێتی ڕێگەی نەدا ژمارە ببێتە جێگرەوەی ڕەزامەندی،
دەستی لە کورسییەکانی حکومەتێک هەڵگرت. سیاسەتی ڕۆمانسی دەیوت نا، نەکەی لەناو دەسەڵاتدا
بمێنەوە، با هەموو شتێک بسووتێت و ناونیشان بمێنێت. سیاسەتی واقیعبین دەڵێت، ناو بەبێ
ناوەڕۆک بارێکی گرانە بەسەر شانی خەڵکەوە، دەسەڵاتی بێتوانا لە خزمەتکردنی ژیان، ڕەوایەتیی
مانەوەی لەدەستدەدات. کشانەوە لێرەدا هەنگاوێکە بۆ نزیکبوونەوە، یەکێتی لە کورسی
دووردەکەوێتەوە و لە خەڵک نزیکدەبێتەوە.
لەم پەیامەدا سێ هێڵ دیارن، هەر سێکیان پایەی ئەم مانیفێستۆیەن.
هێڵی یەکەم هێڵی خوێنە، 'ناهێڵین یەکدڵۆپ خوێنی خەڵکی کوردستان بڕژێت'. لە وڵاتێکدا
یادەوەریی شەڕی براکوژی هێشتا برینێکی کراوەیە، ئەم ڕستەیە پێش بوونی بە بەڵێنێکی
سیاسی، پەیمانێکی ئەخلاقییە لەگەڵ گۆڕەکانی دوێنێ. هێڵی دووەم هێڵی نانە، بەکارهێنانی
هەموو هێز بۆ دابینکردنی پێداویستیی خەڵک، بەمەش سیاسەت دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەرکی
بنەڕەتیی خۆی، خۆبژێوی. هێڵی سێیەم هێڵی هاوسەنگییە، هەر پۆستێک تاکلایەنە لە هەولێر،
هاوتاکەی لە سلێمانی دادەنرێت. ئەم هێڵە وەک ئاوێنەیەک بەرەوڕووی هەر دەستێکی هەڵگری
خەیاڵی داگیرکردنی هەرێم بە تەنها، ڕادەگیرێت، هەرچییەک بکەیت، هەمان شت دەبینیتەوە.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بۆ ڕاستییەکی تاڵیش کرد، دواخستنی
دوو ساڵەی ئەم پرۆسەیە، مەترسیی لەسەر مانەوەی هەرێم دروستکردبوو. ئەمە چەقی هەموو
خوێندنەوەیەکی ڕاستینەیە، هەرێم خۆی لە مەترسیدایە، تاجی پارێزەری هەرێم بەستنەوەیەتی
بە ژیانی خەڵکەوە، داوێنی ئاڵا و ناو و کورسی لە ئاستیدا دادەمێنن.
پێنجەم: یەکێتی و گەڕانەوە بۆ ساتی لەدایکبوون
یەکێتی لەناو خۆڵەمێشی هەرەسێکدا لەدایکبوو. ئەو هەرەسە بەرهەمی
سیاسەتێک بوو، چارەنووسی گەلێکی گرێدابوو بە بەڵێنی بێگانە و بیری خێڵەکییەوە، یەک
ڕێککەوتنی نێوان دوو دەوڵەت، لە یەک شەودا ڕووخاندی. لەو ساتەوە یەکێتی وەک تێکست
و ڕەخنەیەکی زیندوو هاتە مەیدان، ڕەخنە لە سیاسەتی خێڵ، لە خستنە دەرەوەی خەڵک لە
بڕیار، لە ڕۆمانسییەتێکی خاوەن کۆتاییەکی هەمیشە کارەساتبار. بۆیە ئەمڕۆ، سات ساتی
واقیع بینییە، سەرۆک بافڵ جەختی لەوە کردوە، یەکێتی سازش لەسەر ئەو بنەما و بەهایە
ناکات و لە ڕێبازەکەی خۆی لانادات، دەگەڕێتەوە بۆ ساتی لەدایکبوونی خۆی، بۆ پرسیاری
یەکەمی، ئەو پرسیارەی چۆن جارێکی تر خەڵک نەکرێتە قوربانیی خەونی کەمینەیەک؟ هەمان
ئەو کەمینەیەی حزب و دامەزراوەکان وەک ئامرازی خزمەتکردنی هەژموونی خۆی دەبینێت، نەک
خەڵک و کوردستان؟
بوونی هەر هێزێکی سیاسی لە توانای وڵامدانەوەی پرسیاری سەردەمی
خۆیدایە. پرسیاری ئەم سەردەمە سادەیە، چۆن مرۆڤی کورد لێرە، لەم خاکەدا، بە شکۆوە
بژی؟ هەر وڵامێک لەم پرسیارە هەڵبێت، دروشمی جیهانی بێت یان مێژوویی، هەڵاتنە لە
بوونی خۆی. یەکێتی ئەمڕۆ بڕیاریداوە لە بەردەم ئەم پرسیارەدا بوەستێت، بەبێ دەمامک
و بەبێ هەڵاتن.
شەشەم: مانیفێستۆی نان و نیشتمان
نیشتمان پێش هەموو شتێک خوانی ماڵە و ئاڵا تەنها لە ساتێکدا
مانای هەیە، بەسەر ماڵێکەوە بەرزببێتەوە خوانی ئەو ماڵە بەتاڵ نەبێت. مووچەی فەرمانبەر،
دەرمانی نەخۆش، کارەبای ماڵ، هەلیکار، هەموویان بەندی یەکەمی نیشتمانپەروەرین، هیچ
ململانێیەکی حزبی مافی ئەوەی نییە بیانکاتە بارمتە.
هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەباتی پێکەوەیی پێشمەرگە و
خەڵکە، بەرهەمی تێکۆشانی پێکەوەیی هێز و لایەنە سیاسییەکانە، لەسەرووی هەموو
ئەمانەیشەوە بەرهەمی خوێنی ٢٦ هەزار شەهیدەکەی یەکێتییە، بەمانە هاتووەتە ئاراوە و
زاڵبوونی ئەوێک بەسەر ئەوانی دیکەدا هەڵیدەوەشێنێتەوە. هەر دامەزراوەیەک لە دەرەوەی
ئەم ڕێککەوتنە لەدایکببێت، لە ڕەوایەتیی نیشتمانی بێبەشە. دەرگەی گفتوگۆ هەمیشە
کراوەیە، بەو مەرجەی مێزی دیالۆگ مێزی هاوبەشەکان بێت، نەک خوانی خاوەنماڵ و میوان.
خوێن هێڵی سوورە، هەر هێزێک بەرامبەر خەڵکی خۆی بجووڵێنرێت،
هەموو قوربانییەکانی ئەم گەلە دەشکێنێت. پێشمەرگە سەرمایەی هەمووانە و دەبێت لە دەرەوەی
هەموو ململانێیەکی ناوخۆیی بمێنێتەوە. واقیعبینی بەرامبەر بەغدا
و دەوروبەر ئەوپەڕی ژیرییە، زمانی دەستوور و دادگە و بەرژەوەندیی هاوبەش، هەمیشە لە
زمانی خێڵ و دروشم بەرگە گرترە. هەرێمێکی بچووک لەنێوان هێزە گەورەکاندا بە توانای
گفتوگۆکردن دەژی، بە پاشکۆبوونی بۆ هەر تەوەرێک دەمرێت.
خزمەتگوزاری باشترین گوتاری نیشتمانییە. دەڤەرێک حوکمڕانییەکی
ڕوون و خزمەتگوزار بەخۆیەوە ببینێت، لە هەزار وتار باشتر بەرگری لە مانەوەی هەرێم
دەکات، هەر حزبێکیش لە شەفافییەت و ژمارەکانی داهات بترسێت، لە جەماوەری خۆیشی دەترسێت. ڕەوایەتی لە خەڵکەوە دێت و بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە. لە هەر ساتێکدا ڕێگەی
ڕێککەوتن دابخرێت، دوایین دادوەر دەنگی خەڵکە بەڵام لەناو سندووقێکی پاکدا، دوور لە
ترس و کڕینی ویژدان.
خەڵک چاوەڕێی هەنگاوە
سەردەمی ڕۆمانسییەت لە سیاسەتدا کۆتاییهات. ئەوەی ماوە سەنگی
بەرپرسیارێتییە، پەیامێک لە پێنجی نۆڤەمبەردا وترا، ئێستا پێویستی بە بوون بە ڕێڕەوێکە،
خەڵک لەسەری بڕوات. ئەم ڕێڕەوە دەبێت ئارام بێت وەک ئاو، سوور وەک هێڵی پارێزەری
خوێن، ڕوون وەک لیستی مووچەی گەیشتوو بە ماڵی هەموو فەرمانبەرێک.
خەڵکی کوردستان، لانیکەم هەموو ئەوانەی دژی تاكڕەوی و
قۆرخکاری و جیاکاریخوازی و ستەمی سەر ماف و ئازادییەکانن، چاویان لە هەنگاوەکانی یەکێتییە
و باوەڕیان بە پەیام و بەڵێنەکانی سەرۆکەکەیەتی، بۆ هێنانە خوارەوەی نیشتمان لە
ئاسمانەوە بۆ سەر خوانی ماڵەکان، هەروەها بۆ گەڕانەوەی مرۆڤی کورد لە زەمەنی
داهاتووەوە بۆ ئێستا، بۆ ئێرە، بۆ ژیان.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سەرۆككۆمار: نەینەوا نەهامەتییەكانی تیرۆری بەسەربەرزی تێپەڕاندو بە شكۆوە هەستایەوە
08:43 PM - 2026-11-22 -
سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆک وەزیران چەندین پرسی نیشتمانی تاوتوێ دەکەن
03:52 PM - 2026-11-22 -
عەبوودی: پاراستنی هێڵەکانی بۆری نەوت لەئەستۆی حکومەتدایە
11:14 AM - 2026-11-22 -
پشكی هەرێم لە بودجەی 2027 دیاری كراو بەغداد مەرجی هەیە
10:16 AM - 2026-11-22
زۆرترین خوێنراو
-
عەبودی: زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار و 781 ملیۆن دۆلار لە پارەی گەندەڵی گەڕێندراوەتەوە
عیراق 07:48 PM - 2026-11-22 -
لە قەڵاچوالان مەراسیمی یادی 50 ساڵەی شەهیدبوونی خاڵە شیهاب بەڕێوەچوو
کوردستان 05:55 PM - 2026-11-22 -
سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆک وەزیران چەندین پرسی نیشتمانی تاوتوێ دەکەن
عیراق 03:52 PM - 2026-11-22 -
عیراق مووچە بۆ توشبوانی شەکرە دەبڕێتەوە
عیراق 02:32 PM - 2026-11-22 -
بۆ دابەشکردنی نەوت سلێمانی دەکرێت بە 10 مەڵبەندەوە
کوردستان 11:51 AM - 2026-11-22 -
لیستی مووچەی مانگی 11 رەوانەی بەغداد كرا
کوردستان 11:34 AM - 2026-11-22 -
عەبوودی: پاراستنی هێڵەکانی بۆری نەوت لەئەستۆی حکومەتدایە
عیراق 11:14 AM - 2026-11-22 -
پشكی هەرێم لە بودجەی 2027 دیاری كراو بەغداد مەرجی هەیە
کوردستان 10:16 AM - 2026-11-22


.webp)

دابەزێنە

