riklam

ئەو شتە، دەستەواژەیەک بۆ گەمەیەکی نەخوازراو

بیروڕا 06:38 PM - 2026-11-06
لاڤین یوسف

لاڤین یوسف

لە زمانی کوردیدا وشەیەک هەیە کە ڕۆژانە سەدان جار بە زارماندا دێت و هەرگیز بیری لێ ناکەینەوە. (شت) ئەم وشە بچووکە، کە لە فەرهەنگدا تەنها بە (هەر بوونێک) لێکدەدرێتەوە، لە دەمی خەڵکدا ئەوەندە بار و ڕەنگی گرتووە کە دەکرێت بڵێین لە زۆربەی وشە گەورەکان قسەکەرترە.

لە ڕووی واتاوە، (شت) گشتیترین ناوی زمانە. کتێب شتە، پارە شتە، بیرۆکە و ڕووداویش شتن. بەڵام هەر ئەم گشتگیرییە وای لێکردووە کە خۆی هیچ ناسنامەیەکی نەبێت، وەک قاپێکی بەتاڵ وایە و قسەکەر هەرچی بیەوێت تێی دەکات. بۆیە واتای ڕاستەقینەی (شت) لە فەرهەنگدا نییە، بەڵکو لە ئاواز و بارودۆخدا واتاکانی دەگۆڕێت.

خەڵکی کورد بە درێژایی سەردەمان ئەم قاپە بەتاڵەیان بە چەندین شێوە پڕ کردووەتەوە. کاتێک دەڵێین (ئەو کەسە شتێکی ترە)، ستایشی دەکەین. کاتێک دەڵێین (ئەوە شت نییە)، بایەخی لێ دەسەنینەوە. (شتی وا نییە) حاشاکردنە، و (شت و مت) بە دووبارەکردنەوەیەکی گاڵتەئامێز، هەموو شتەکان دەخاتە یەک تەلیسەوە و فڕێیان دەدات. لەم دەربڕینانەدا دەبینین کە وشەیەکی بێلایەن چۆن دەتوانێت ببێتە ستایش، یان ڕەتکردنەوە، یان گاڵتەپێکردن.

(شت) هەروەها یەکێکە لە ئامرازە باوەکانی دەربڕینی بێزاری و قێز. کاتێک کەسێک چاوی بە خواردنێکی ناخۆش یان دیمەنێکی قێزەون دەکەوێت و دەڵێت (ئەمە چ شتێکە؟!) یان (ئەو شتە لەبەرچاوم لابە)، وشەکە دەبێتە هاوارێک و ڕووگرژییەک. لێرەدا قسەکەر ناوی ڕاستەقینەی بابەتەکە دەزانێت، بەڵام بێزارییەکەی ڕێگەی پێ نادات ناوی ببات، وەک ئەوەی ناوهێنانی ئەو بابەتە زمانی پیس بکات. بۆیە بە (شت) لە خۆی دووری دەخاتەوە و لە ڕیزی شتە ئاساییەکان دەریدەکات. ئەم بێزارییە بە ئاسانی لە بابەتەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە، کاتێک بە بابەتێک یان ڕووداوێک دەگوترێت (ئەو شتە) ئەوا وەک کەرەستەیەکی بێنرخ سەیر دەکرێت. ئاوازی دەنگ و ڕووگرژیی قسەکەریش لەم کاتانەدا بەشێکن لە واتاکە، چونکە هەمان وشە بە ئاوازێکی ئاسایی هیچ بێزارییەک هەڵناگرێت.

ئەم خۆلادانە لە ناوهێنان دەمێکە ڕووی دووەمیشی هەیە. کاتێک شتێک ناوێکی ڕوون و ناسراوی هەیە و قسەکەر بە مەبەست ئەو ناوە نابات و دەڵێت (ئەم شتە)، ئیتر مەبەستی شەرم نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەیە. ناونان لە زماندا جۆرێکە لە دانپێدانان، ئەوەی ناوی دەبەیت، بوونی پێ دەبەخشیت. کەواتە ناونەبردن، ئەو بوونە لێ دەسەنێتەوە. وەک ئەوەی قسەکەر بڵێت: من دەیبینم، بەڵام بە ناوی خۆیەوە ناینێم، چونکە شایستەی ئەو ناوە نییە.

جێناوی نیشانەی (ئەم و ئەو) یش لێرەدا بێکار نین. (ئەو شتە) دووری دەخاتە نێوان قسەکەر و بابەتەکەوە، و (ئەم شتە) هەرچەندە ئاماژە بە شتێکی نزیک دەکات، بەڵام بەو ئاوازەی کە پێی دەوترێت، وەک ئەوە وایە بە سەری پەنجە بیگریت و نەتەوێت دەستی لێ بدەیت.

بەم شێوەیە (شت) نیشانی دەدات کە زمانی کوردی چەندە بە هێمنی و وردی دەتوانێت هەڵوێست دەربڕێت. پێویست ناکات قسەکەر دەنگ هەڵبڕێت و ڕاستەوخۆ ناو ببات، بەڵکو (شت) ێک لە جێیدا دادەنێت. ئەوکاتە گوێگری کورد بە باشی تێدەگات کە ئەوەی ناوی نەبراوە، لە چاوی قسەکەردا شایەنی ناوبردن نەبووە. هەر بۆیە دەکرێت بڵێین (شت) ناوێکە بۆ ئەوەی نامانەوێت ناوی ببەین.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket