ئەو دەرگایانەی بۆمان دەکرانەوە
بیروڕا 11:00 AM - 2026-11-05
دەرگا لە مێژووی نیشتەجێبوونی مرۆڤدا، سنووری نێوان ماڵ و دنیای دەرەوە بووە، بۆ پاراستن داخراوە و بۆ پێشوازی کراوەتەوە. بە گۆڕانی سەردەم و شوێن، کەرەستە و شێوەکەشی گۆڕاوە، لە دار و بەردەوە تا ئاسن و شووشە، لە دەرگای سادەی ماڵەوە تا دەروازەی قەڵا و شار، بەڵام لە یادەوەریی خەڵکدا، بەهای دەرگا تەنیا بە کەرەستە و قەبارەکەی نەبووە، بەوەش بووە کە لە تەنگانەدا بۆ کێ کراوەتەوە و کێی لە مەترسی پاراستووە.
کاتێک بیر لە دەرگاکانی منداڵیم دەکەمەوە، دوو «قاپیی» لە جەلەوە دێنە بەرچاوم. یەکێکیان قاپیی حەوشەی نەفتەکە بوو، کە «نزڵ»ێکی تێدا بوو، نەوتفرۆشێک بە کرێی گرتبوو. ئەو دەرگایە هەمیشە کراوە بوو، تەنانەت شەوانیش تەنیا دەرگای ژوورەکان دادەخران. ئەوی دیکەیان قاپیی ماڵی میم پیرۆز بوو، کە جگە لە رۆژانی جەژن، هەمیشە داخراو بوو. منداڵیان نەبوو، هاوسەرەکەی لە تاریکەبازاڕ دوکانی میوە و سەوزەی هەبوو. میم پیرۆز بەردەوام رەشپۆش بوو، کەوای لەبەر دەکرد. چاوە «چەقڵە»کانی خێل و کز بوون و سوورمەی تێدەکردن. ناو هەردوو لەپی دەستی بە خەنە رەنگ دەکرد. لە جەژناندا دەرگای ماڵەکەیان دەکردەوە، نوقوڵ و چکلێتی بە منداڵانی گەڕەک دەبەخشی و دەیگوت:»لەو دنیا دەبم بە دایکتان»!
ئەو دوو دەرگایە تا ئێستاش لە یادمدا ماونەتەوە، یەکێکیان بەشێک بوو لە دیمەنی هەموو رۆژێکمان، ئەوی دیکەیان بە کرانەوەی، رەنگ و بۆنی جەژنی لەگەڵ خۆیدا دەهێنایەوە.
لە خەیاڵمدا، لە کەناری ئەڵوەن و لە بەرقاپیی باخی قەسرەکە لە بان جەلەوە، ئەم گفتوگۆیە لە نێوان خەلیل سەعیدی گەنج و خاڵۆ وەلی بەساڵاچوودا دەبیستم:
-خاڵۆ، ئەگەر قاپییەکەمان لێ نەکەنەوە، بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەگەڕێین؟
خاڵۆ وەلی زەردەخەنەیەک دەکات:- لە تەمەنی تۆدا منیش وام بیر دەکردەوە، بەڵام چوونە ژوورەوە بە بانگهێشت تامێکی تری هەیە.
-کام قاپییەت زیاتر لە یاد ماوە؟
-ئەوەی رۆژێک، کە برسی بووم، بۆم کرایەوە و خاوەنەکەی گوتی: «وەرە ژوورەوە، خۆت تێر بکە، پاشان قسە دەکەین.»
خەلیل دەستی لەسەر دیوارەکە لادەبات و بە نەرمی لە قاپییەکە دەدات.
کاک خەلیل سەعید، کە لەم خەیاڵەدا بە گەنجی دەیبینمەوە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، لە زیندانی ئەوین لە تاران، رۆحی فڕی بۆ ئاسمانی بەرین و بە ئازادیی شاد بووەوە.
کاتێک ئاوڕ لە رۆژگاری خەبات دەدەمەوە، لەگەڵ رووخساری هاوڕێکانم، ئەو دەرگایانەشم دێنەوە یاد کە بۆمان دەکرانەوە، دەرگای ماڵی ئەو خەڵکەی خۆیان ژیانێکی ئاسانیان نەبوو، بەڵام جێیەکیان بۆ ئێمە هەبوو. ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، زیاتر لە مانای ئەو دەرگاکردنەوەیە تێدەگەم. لەپشت هەر دەرگایەکەوە، دڵێک هەبوو کە متمانەی پێدەکردین و خێزانێک هەبوو کە مەترسییەکەی لەگەڵمان دابەش دەکرد.
ئەو خەڵکە هەموویان سیاسی نەبوون، هەموویان ئەندامی رێکخستن نەبوون. هەندێکیان رەنگە زۆریش لە وردەکاریی بەرنامە و بڕیارەکانیان نەزانیبێت، بەڵام دەیانزانی بۆچی روومان لە ماڵەکانیان دەکرد. هیوایان بە رۆژێک هەبوو کە منداڵەکانیان بەبێ ترس بژین و لە نیشتمانی خۆیاندا هەست بە بێکەسی نەکەن. بەشێکی هێزی ئێمە لەوێوە دەهات، لە ماڵە بچووکەکان و دڵە گەورەکانەوە.
ئێمە زۆرجار لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر دەچووین و بە رێگاکەماندا بەردەوام دەبووین، بەڵام خاوەن ماڵەکە هەر لەوێ دەمایەوە، بە ناونیشانێکی دیار، بە خێزان و منداڵ و ژیانێکەوە کە نەیدەتوانی بە ئاسانی هەڵیبگرێت و بیگوازێتەوە. مەترسی ئێمە بە دەرچوون لە دەرگاکە کۆتایی نەدەهات. ئەوەی بۆ ئێمە شوێنی پشوودانێکی کورت بوو، بۆ ئەوان ماڵ و حاڵی تەمەنیان بوو.
ئەوسا سەرقاڵی کار و رێگا و چارەنووسی هاوڕێکانمان بووین. رەنگە هەمیشە بە ئەندازەی پێویست بیرمان لەوە نەکردبێتەوە کە حەواندنەوەمان چ بارێک دەخاتە سەر شانی ئەو خێزانانە. ئەمڕۆ لە خۆم دەپرسم: ئەو دایکە چۆن شەوی بەسەر دەبرد؟ ئەو باوکە چۆن نیگەرانیی خۆی لە منداڵەکانی دەشارەوە؟ دوای رۆیشتنی ئێمە، ئەوان دەبوو بەیانییەکی تر، لەگەڵ هەموو ئەو نیگەرانییانەدا، ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن.
لە گێڕانەوەی مێژووی خەباتدا، ناوی سەرکردە و فەرماندە و هاوڕێیانی رێکخستن زۆر دێت. ئەمە سروشتییە، هەر یەکەیان رۆڵ و شوێنی خۆی هەبوو، بەڵام لەنێوان ئەو ناوانەدا، شوێنی خاوەن ماڵەکان زۆرجار بەتاڵە. لە بیرەوەرییەکانماندا دەڵێین: «گەیشتینە ماڵێک»، «شەوێک لە گوندێک ماینەوە»، «خێزانێک پەنای داین». پاشان گێڕانەوەکە بەردەوام دەبێت و ئەوان لەپشت ئەو چەند وشەیەوە دەمێننەوە. بەڵام ئەو «ماڵێک»ە خاوەنی هەبوو. ئەو «خێزانێک»ە ژیانی هەبوو، خەون و ترس و چاوەڕوانیی خۆی هەبوو. شایەنی ئەوەیە کەمێک لە گێڕانەوەکەماندا بوەستین و بپرسین: ئەوان کێ بوون؟ ژیانیان چۆن بەڕێوەدەبرد؟ بە چ سەختییەکدا تێپەڕین؟ دوای رۆیشتنی ئێمە چییان بەسەر هات؟ بەتایبەتی ژنانی ئەو ماڵانە، کە بەشێکی گەورەی ئەو بارەیان هەڵدەگرت، کەمتر دەنگیان لە مێژووە نووسراوەکانماندا بیستراوە. ئامادەکردنی نان و جێگای حەوانەوە، پاراستنی نهێنی و بەڕێوەبردنی ماڵێک لەناو نیگەرانی و مەترسیدا، هەمووی بەشێک بوو لەو پشتیوانییەی کە بەردەوامبوونی خەباتی ئێمەی ئاسانتر دەکرد. دەبێت ئەو بەشەی چیرۆکەکە لە زمانی خۆیانەوە ببیسترێت، بە وردەکارییەکانی ژیانی خۆیانەوە.
پێم وایە ئەرکێکمان هێشتا ماوە: کۆکردنەوەی یادەوەریی ئەو ماڵانەیە. ئەوانەی لە ژیاندا ماون، قسەیان تۆمار بکرێت، ئەوانەش کە کۆچیان کردووە، منداڵ و نزیکەکانیان یارمەتیمان بدەن چیرۆکەکانیان بپارێزین. ناوێک، وێنەیەک، نامەیەک، یان بیرەوەرییەکی کورت دەتوانێت بەشێک لەو رابردووە لە ونبوون بپارێزێت. هەر یەکێکمان ئەگەر یادەوەریی ئەو ماڵانە بنووسێتەوە کە پەنایان داوین، بەشێکی کەم باسکراوی مێژوومان روونتر دەبێتەوە.
بۆ یەکێتی، ئەو ماڵانە بەشێکن لە مێژووی گەشەکردن و رەگ داکوتانی لەناو خەڵکدا. پێویستە لە یادەوەرییەکانماندا جێگای شایستەیان هەبێت. منداڵ و نەوەکانیان مافی ئەوەیان هەیە بزانن دایک و باوک و داپیر و باپیرانیان چ رۆڵێکیان هەبووە، تەنانەت ئەگەر هیچ پلە و ناونیشانێکیان هەڵنەگرتبێت و هیچ وێنەیەکیشیان لە بۆنەکاندا هەڵنەواسرابێت. لەوانەیە ئەمڕۆ هەندێک لەو ماڵانە نەمابن، دەرگاکانیان گۆڕابن و خاوەنەکانیانیش کۆچی دواییان کردبێت، بەڵام لە یادەوەریی ئێمەدا هێشتا دەرگاکە کراوەیە، هێشتا ئەو هەستە دەمێنێت کە لە رۆژێکی سەختدا، کەسێک جێیەکی بۆ کردووینەتەوە.
هەزاران گوند و ماڵ لەم کوردستانەدا وێران و خاپوورکران، بەڵام دەرگای دڵی خەڵکەکەیان هەر بە کراوەیی مایەوە. ئێمە بەو دەرگایانەدا چووینە ژوورەوە، ئەوان پاراستیانین و خۆیان کردە قەڵغانی هیوای داهاتوویەکی رووناک.
با پێش ئەوەی تەمەن وردەکارییەکانمان لەیاد بەرێتەوە، ناویان بنووسینەوە. با لە گێڕانەوەی خەباتماندا، خاوەن ماڵەکانیش لەپشت دەرگاوە نەهێڵینەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سەرۆككۆمار: نەینەوا نەهامەتییەكانی تیرۆری بەسەربەرزی تێپەڕاندو بە شكۆوە هەستایەوە
08:43 PM - 2026-11-22 -
سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆک وەزیران چەندین پرسی نیشتمانی تاوتوێ دەکەن
03:52 PM - 2026-11-22 -
عەبوودی: پاراستنی هێڵەکانی بۆری نەوت لەئەستۆی حکومەتدایە
11:14 AM - 2026-11-22 -
پشكی هەرێم لە بودجەی 2027 دیاری كراو بەغداد مەرجی هەیە
10:16 AM - 2026-11-22
زۆرترین خوێنراو
-
عەبودی: زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار و 781 ملیۆن دۆلار لە پارەی گەندەڵی گەڕێندراوەتەوە
عیراق 07:48 PM - 2026-11-22 -
لە قەڵاچوالان مەراسیمی یادی 50 ساڵەی شەهیدبوونی خاڵە شیهاب بەڕێوەچوو
کوردستان 05:55 PM - 2026-11-22 -
سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆک وەزیران چەندین پرسی نیشتمانی تاوتوێ دەکەن
عیراق 03:52 PM - 2026-11-22 -
عیراق مووچە بۆ توشبوانی شەکرە دەبڕێتەوە
عیراق 02:32 PM - 2026-11-22 -
بۆ دابەشکردنی نەوت سلێمانی دەکرێت بە 10 مەڵبەندەوە
کوردستان 11:51 AM - 2026-11-22 -
لیستی مووچەی مانگی 11 رەوانەی بەغداد كرا
کوردستان 11:34 AM - 2026-11-22 -
عەبوودی: پاراستنی هێڵەکانی بۆری نەوت لەئەستۆی حکومەتدایە
عیراق 11:14 AM - 2026-11-22 -
پشكی هەرێم لە بودجەی 2027 دیاری كراو بەغداد مەرجی هەیە
کوردستان 10:16 AM - 2026-11-22




دابەزێنە

