ماڵی نەتەوەکان لە یارۆسلاڤڵ پردی پەیوەندییەکان لەگەڵ کورد پتەو دەکات

کوردستان 03:09 PM - 2026-11-21
وەفدی راگەیاندنی یەکێتی لە ماڵی نەتەوەکان تایبەت

وەفدی راگەیاندنی یەکێتی لە ماڵی نەتەوەکان

لە چوارچێوەی بەرنامەی چڕوپڕی سەردانی وەفدی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ روسیا، لە پارێزگای یارۆسلاڤڵ لەلایەن ماڵی نەتەوەکانەوە پێشوازیان لێکرا و مێژووی هەردوو نەتەوەی کورد و روسیا و خاڵە هاوبەشە کەلتوری و فەرهەنگییەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بوون.

د.سێرگێ تالانۆڤ سەرۆکی ماڵی نەتەوەکان، لەگەڵ خۆشحاڵی دەربڕین بە سەردان و کۆبوونەوەکە، دووپاتیکردەوە گەلان و نەتەوەکانی خۆرهەڵات، پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرین کۆیاندەکاتەوە و بنەماکانی ئاکار و بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی ناسنامەی پێکەوەبوونیانە.

د.سێرگی باسی لە ئەرکی ماڵی نەتەوەکان کرد هەم لە سەرتاسەری روسیا و هەم لە یارۆسلاڤڵ و چەقی کارکردنیانی روونکردەوە، کە بەهێزکردن و تۆکمەکردنی پێکەوەژیانی 192 نەتەوەی جۆراوجۆری روسیایە و گەلی کوردیش لەنێویاندا پێگەی بەهێزی لای ناوەندەکە و کۆمەڵگەی روسییش هەیە. هەروەها جەختیکردەوە، ئەرکی هەردوو لایە پەرە بە خاڵە هاوبەشەکان بدەن و خاڵە ئەرێنییەکانی پەیوەندییەکان پێشبخرێن و لەسەر بنەمایەکی بەهێز بەرەوپێشببرێن.

هاوکات، د.کاروان عەلی بەناوی وەفدی راگەیاندنی یەکێتی ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد وەک دەستپێکی کاری هاوبەشی هەردوو گەلی کورد و روسیا.
 دووپاتیشیکردەوە، جێی خۆیەتی پەرە بە پەیوەندییە کەلتوری و فەرهەنگی و ئەکادیمی و ئەدەبییەکان بدرێت و کارەکان بخرێنە خزمەت هەردوو گەلی روسیا و کوردستان.

هەر لە دیدارەکەدا کە بەئامادەبوونی د.سوارە شاکەلی و چەند خوێندکاری کورد بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی کورد، کوردستانی کردۆتە ماڵی هەموو نەتەوەکان و لە ساتە سەختەکانی رابردوودا باوەشی بۆ هەموو ئەو کەسانە کردۆتەوە، کە لێیان قەوماوە و پەنایان بۆ هێناوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە