حەمەی حەمەسەعید بۆ زانکۆی هەڵەبجە: شانازیتان پێوە دەکەم

کوردستان 09:53 PM - 2026-11-20
حەمەی حەمەسەعید PUKMEDIA

حەمەی حەمەسەعید

حەمەی حەمەسەعید پیرۆزبایی لە زانکۆی هەڵەبجە دەکات  بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ڕیزبەندیی دەزگای (تایمز)ـی بەریتانی بۆ توێژینەوە و رایدەگەیەنێت: وەکو ڕۆڵەیەکی ھەڵەبجە، بە ھەستێکی پڕ لە شانازییەوە، پیرۆزباییتان لێدەکەم.

حەمەی حەمەسەعید لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە و  ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران، پیرۆزبایی دەکات و دەنوسێت: وەکو ڕۆڵەیەکی ھەڵەبجە، بە ھەستێکی پڕ لە شانازییەوە، پیرۆزباییتان لێدەکەم بەبۆنەی بەدەستھێنانی پلەی یەکەمی ڕیزبەندیی دەزگای (تایمز)ـی بەریتانی بۆ توێژینەوە نێوانبوارییەکان لەنێو زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستاندا. 

دەشڵێت: ئەم دەسکەوتە زانستییە بەناوی ھەڵەبجەوە مایەی شانازییمانە، کە پێشتر ھەڵگری نازناوی قوربانیدان و خۆڕاگریی خەڵکەکەی بووە، ئەمڕۆش لە دنیای زانست و پێشکەوتندا مێژوویەکی گەشاوە تۆماردەکات و دەیسەلمێنێت؛ ڕۆڵەکانی ئەم ناوچەیە ھەڵگری چرای زانست و خوێندەواریین. 

ئەوەشی وت: بەدڵنیاییەوە ئەم دەسکەوتە بەرھەمی ماندووبوون و زانستخوازیی سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی ئازیزە. بۆیە وەکو وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەوەکالەت، پشتیوانیی خۆمان دووپات دەکەینەوە لەپێناو بەردەوامی و پێشخستنی زیاتری زانکۆ ئازیزەکەی ھەڵەبجەدا. 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە