دیداری لوتکەی ئەمریکا و روسیا و چین... ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان

جیهان 11:18 PM - 2026-11-18
سەرۆکەکانی ئەمریکا و روسیا و چین میدیاکان

سەرۆکەکانی ئەمریکا و روسیا و چین

ئەمڕۆ 18ی11ی2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەسەردانێکی رەسمی گەیشتە چین و بڕیاریشە سبەینێ دیداری لوتکە لە نێوان سەرۆکی چین و روسیا و ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەی کۆڕبەندی هاریکاریی ئابوریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئەپێک)، لە شاری شینژین لە باشووری چین بەڕێوەبچێت.


دیداری لوتکە لە کاتێکی هەستیاردایە

ئەم لوتکەیە، لەکاتێکدایە کە گرژییە سیاسی و سەربازییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەرەی زۆری سەندووە و قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش قوڵبوونەتەوە، هاوکات جەنگی ئێران و ئۆکراین بەردەوامی هەیە، هەروەها دۆسیەی چەکی ئەتۆمی و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکان لە دۆسییە ئاڵۆزەکانن.

ترەمپ ،ڕایگەیاند لە دیداری لوتکە باس لە جەنگی ئێران و ئۆکرانیا دەکەن، شانبەشانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی، مۆسکۆش کۆبوونەوەکەی بە دەرفەتێکی گرنگ ناوبرد، بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان وڵاتانی زلهێز.

پێشوازییەکی رەسمی گەرم و تەوقەیەکی سێقۆڵی سەرنج ڕاکێشن

ترەمپ لە کاتی گەیشتنی بۆ چین پێشوازییەکی رەسمی و گەرمی لێکرا، بە جۆرێک شی جین پینگ سەرۆکی چین لە پێشوازیدا بوو، ئەمە جگە لەوەی پێشوازی کردنەکە سڵاوی سەربازی و نمایشی گوڵی لەخۆگرتبوو، سەرەڕای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی چین نمایشی سەربازییان ئەنجامدا.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، تەوقەیەکی گەرم و دۆستانەیان کرد، کە سەرۆکی چین-یش ئامادەبوو، لەوەش زیاتر دەستەواژەی دۆستانەیان ئاڵوگۆڕ کرد،دواتریش هەرسێ سەرۆک وێنەیەکی یادگارییان گرت.

ئەم دیمەنانە لە میدیاکانی روسیادا بایەخێکی زۆریان پێدرا و دیدارەکەیان بە دیارترین دیمەنی ڕۆژ ناوبرد، بەڵام یەکێک لە ئاژانسی هەواڵەکانی روسیا کە حکومییە تەوقەکەی بە مێژوویی ناوبرد.

لای خۆیەوە، ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی، رایگەیاند، سەرۆکی چین ویستی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردووەتەوە، لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی بیروباوەڕەکان لەسەر پرسی هاریکاری لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن، سیستەمی جیهانی، و کارکردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی ستراتیژیی بنیاتنەر و سەقامگیر کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و دادپەروەری و یەکسانی بێت.

پوتین: دیالۆگ و هاوبەشی پێویستن

لای خۆیەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا گەشبینیی خۆی بە ئەنجامەکانی لووتکە سێقۆڵییە دەربڕی و جەختی کردەوە کە «زۆر سوودبەخش» دەبێت، لە سایەی ئەو ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییانەی کە جیهان بەخۆیەوە دەبینێت.

پوتین ئاماژەی بەوەشکرد: جیهان ڕووبەڕووی پشێوی و لێکترازانی ئابوریی و هەڵکشانی مەترسییە سەربازی و سیاسییەکان بووەتەوە، و جەختی لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی لە بری دابەشبوون کردەوە.

هەروەها لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هاوتا چینییەکەی ، سەرۆکی روسیا، دامەزراندنی سیستەمێکی جیهانیی دادپەروەری بە گرنگ و پێویست ناوبرد.

پەکین و مۆسکۆ هاریکارییە سیاسی و سەربازییەکان پەرە پێدەدەن

لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، شی جین پینگ سەرۆکی چین ویستی خۆی بۆ بەهێزکردنی هاریکاریی سیاسی و سەربازیی لە نێوان پەکین و مۆسکۆ دووپات کردەوە، داواشی کرد میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی نێوان حکومەتی هەردوو وڵات و دامەزراوە یاسادانانەکان و سوپا و پارتە سیاسییەکانیانی کارا بکرێن، بە شێوەیەک کە جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانە مسۆگەر بکات کە لەنێوان هەردوو سەرۆکدا ئیمزا کراوە.

لەلایەکی دیکەوە کۆشکی کرێملین رایگەیاند: گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرۆک، چەند تەوەرێکی لەخۆ گرتووە، لەوانە هاریکاری لە بوارەکانی وزە، زیرەکیی دەستکرد و کەرتی دارایی، ئەمە جگە لە تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی نێودەوڵەتی، لەوانە جەنگی ئۆکرانیا و پێشهاتەکانی نیمچەدوورگەی کۆریا.

ئەم گفتوگۆیانە  لەکاتێکدا دێن، کە هەردوو وڵات پەیوەندییەکی بەردەوام و نزیکیان هەیە و هەوڵ دەدەن بوارەکانی هاریکاریی ئابوری و سیاسی و سەربازی فراوانتر بکەن و پێگەی خۆیان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بکەن.

جەنگی ئێران و ئۆکرانیا و دۆسیەی ئەتۆمی لەسەر مێزی لووتکەیە

چاوەڕوان دەکرێت پرسە ئەمنی و سەربازییەکان لە پێشەنگی کارنامەی لووتکە سێقۆڵییەکەدا بن، بەتایبەتی جەنگی ئێران و جەنگی ئۆکرانیا، شانبەشانی دۆسیەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی، بەپێی ئەوەی واشنتن ڕایگەیاندووە: دۆسیەی ئەتۆمی گرنگییەکی زیاتری هەیە، بەتایبەت کە ماوەی پەیماننامەی ئەمریکا- روسیا  تایبەت بە چەکی ئەتۆمی کۆتایی هاتووە.

لای خۆشیەوە، چین پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە ئەمریکا روسیا دەست بە کەمکردنەوەی جبەخانە ئەتۆمییەکانیان بکەن پێش ئەوەی باس لە کۆگای ئەتۆمی چین بکەن و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکەن.

بەستی دیداری لوتکە لە کاتێکدایە، کە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و چارەسەرکردنی پێویستی بە نزیک بوونەوە و لێکتێگەیشتنی وڵاتی زلهێزەوە هەیە، بۆیە ئەم لوتکەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەهۆی ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا و چین و روسیا لەسەر یەک مێز کۆدەکاتەوە، کە سێ زلهێزی جیهانن و خاوەنی قورساییەکی سیاسی و سەربازی و ئابووریی گەورەن، ئەمەش وا دەکات دەرەنجامی گفتوگۆکانیان جێگای بایەخی هەموو لایەک بێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە