دوو ڤاكسینی نوێ دژی ئیبۆلا تاقیدەكرێنەوە

جیهان 11:26 AM - 2026-11-18
ئیبۆلا ميدياكان

ئیبۆلا

جیهانى

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیەنێت: دوو ڤاكسینی پێشنیاركراو دژی زنجیرەی "بوندیبوگیۆ"ی ڤایرۆسی ئیبۆلا، كە لە كۆنگۆ بڵاوبووەتەوە، هەفتەی داهاتوو لە ناوەندی بڵاوبوونەوەی پەتاكەدا دەچنە قۆناغی تاقیكردنەوەوە.

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە جنێف رایگەیاند: تاقیكردنەوەی ئەو دوو ڤاكسینە كە بە تایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە پەرەیان پێدراوە، لە نزیكترین كاتدا و رەنگە تا هەفتەی داهاتوو دەست پێبكات.

تیدرۆس ئاماژەی بەوەش كردووە: كە هێشتا هەفتانە 400 بۆ 500 حاڵەتی نوێی تووشبوون و دوو لەسەر سێی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدانی پشتڕاستكراوە لە دەرەوەی ناوەندەكانی چارەسەر تۆمار دەكرێن.

رێكخراوەكە روونیكردووەتەوە كە كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ لە 15ی ئایاری رابردوودا بە رەسمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەی راگەیاندووە و ئاماژەی بەوەشداوە كە پەتای ئێستا بەهۆی زنجیرەی "بوندیبوگیۆ"وە سەریهەڵداوە، كە تا ئێستا هیچ ڤاكسین و چارەسەرێكی پەسندكراو بۆی بەردەست نییە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلاوە لەو وڵاتە، 11 هەزار و 376 حاڵەتی تووشبوون و 5 هەزار و 568 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماركراون.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە