نەتەوەیەکگرتووەکان: پاراستنی مافی کورد بنەمای سەرکەوتنی قۆناغی راگوزەری سوریایە

کوردستان 12:58 PM - 2026-11-17
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی سوریا میدیاکان

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی سوریا

جێگری نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوریا، رایدەگەیەنێت: پێشکەوتنی بەرچاو لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم بەدەستهاتووە کە تایبەتە بە تێکەڵکردنی دامەزراوەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، جەختیشی کردەوە کە پاراستنی مافی کورد و پابەند بوون بە رێککەوتنەکەوە، بنەمای سەرەکی سەرکەوتنی قۆناغی راگوزەری سوریایە.

کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە میانی وتارێکدا کە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە دیمەشقەوە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، جەختی کردەوە کە پرۆسەی پەرەپێدانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، پێویستە هاوکات بێت لەگەڵ هەنگاوی کردەیی بۆ بەهێزکردنی بەشداریی سیاسی و بوژاندنەوەی ئابوری وڵات.

دەشڵێت: لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سوریا هەنگاوی گرنگی ناوە، بەڵام پێداویستییەکانی سەرخستنی قۆناغی ڕاگوزەر هێشتا هەوڵی زیاتریان دەوێت، کە گرنگە پێشکەوتنی زیاتر لە بواری سیاسی و بوژاندنەوەی ئابوری و سەقامگیری سیاسی بەدیبهێنرێت.


لە بواری سیاسیدا، کۆردۆنی پێکهێنانی ئەنجومەنی گەلی کاتیی بە وێستگەیەکی گرنگ لە ڕێڕەوی قۆناغی ڕاگوزەردا ناوزەند کرد و هیوای خواست ئەنجومەنەکە بەشدار بێت لە پەرەپێدانی پرۆسەی یاسادانان و بەهێزکردنی لێپرسینەوەی گشتی،راشیگەیاند: پێویستە مافی کورد لە دەستوری هەمیشەیی سوریادا بچەسپێنرێت.

 پەیوەست بە بەشداری ژنان، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوریا، دووپاتی کردەوە، کە پێویستە ژنان بەشدار بن و رۆڵی بەهێز بگێڕن لە بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە