بۆردی ڕاگەیاندن بۆ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئامادەکاری دەکات

کوردستان 10:14 PM - 2026-11-16
بەشێک لە کۆبونەوەکە PUKMEDIA

بەشێک لە کۆبونەوەکە

بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چڕ دەکاتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاشتی عەبدوڵڵا، نوێنەری قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بۆ کاروباری ژنان، بە ئامانجی بەهێزکردنی هەوڵە میدیایی و هۆشیارییەکان و تیشکخستنە سەر پرس و مافەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە میانەی دیدارێکدا هات کە لەنێوان لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندن، لەگەڵ ئاشتی عەبدوڵڵا و ڕۆژنامەنووس هانا شوان و ژمارەیەک لە چالاکوانان بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە میکانیزمەکانی ئامادەکاری بۆ هەڵمەتەکە و ڕێگاکانی فراوانکردنی هەماهەنگی و هاوکاری کرا، بە جۆرێک کە گەیاندنی پەیامەکان بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا مسۆگەر بکات.

گرنگیی ئەم هەڵمەتە لەوەدا دەردەکەوێت کە ڕاگەیاندن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەکاردەهێنرێت، هەروەها چەسپاندنی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانیان و پاراستنیان، و بەهێزکردنی بەشداریی کۆمەڵایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی و جیاکاری، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ژنانی کوردستان بکات و ببێتە هۆی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامتر و دادپەروەرانەتر بۆیان.

ئەم ئامادەکارییانە درێژەپێدەری هەڵوێستە پاڵپشتیکارەکانی قوباد تاڵەبانییە بەرامبەر بە پرسەکانی ژنان، و پشتگیریکردنی لە هەوڵەکانی بەرزکردنەوەی پێگە و پاراستنی مافەکانیان و فراوانکردنی بەشدارییان لە بوارە جیاوازەکاندا، بە جۆرێک کە هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە میدیاییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکاتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ سەرخستنی هەڵمەتەکە و بەدیهێنانی ئامانجەکانی.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە