هونەری وتووێژ و دانوستان بڵاوکرایەوە

مەڵتی میدیا 11:44 AM - 2026-11-16
بەرگی کتێبەکە PUKMEDIA

بەرگی کتێبەکە

کتێبێک لە نێوان ئەزموونی کوردی و زانستی نوێی وتووێژ و دانوستاندا؛ هەوڵێک بۆ تۆمارکردن، لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەزموونە نەریتییەکانمان لە تیشکی تیۆرییە زانستییەکانی سەردەمدا.

چەن وتەیەک لەلایەن نوسەرەوە..

چۆن ئەم کتێبە نووسرا؟

کاتێک دەستم بە نووسینی ئەم کتێبە کرد، پێش هەموو شتێک هەوڵم دا هاوشێوەی ئەم بابەتە لە کتێبخانە کوردییەکاندا بدۆزمەوە؛ بەڵام بەدوای گەڕانێکی زۆردا، نەمتوانی نووسراوێک بدۆزمەوە کە بە شێوەیەکی تایبەت ئەم بابەتە بخاتە بەر لێکۆڵینەوە.

بۆ تێگەیشتن لە ڕوانگە، ڕۆحیە و شێوازی کارکردنی ڕێبەران، لەگەڵ چەندین ڕێبەر و کەسایەتیی سیاسی وتووێژم کردووە. هەروەها لە کۆڕ و کۆبوونەوەی زۆردا، هەم وەک وتەبێژ و هەم وەک گوێگر بەشدار بوومە، ڕوانگە و بۆچوونەکانی بەشداربووانم تۆمار کردووە و تێبینییەکانم کردوونەتە بنەمای لێکۆڵینەوەکەم.

کۆمەڵگەی کوردی لە درێژایی مێژوودا ڕووبەڕووی ناکۆکی و قەیرانی گەورە بووەتەوە؛ بەڵام شێوازە نەریتییەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی و زۆرێک لە ئەزموونە سیاسییەکانمان، بە شێوەیەکی زانستی و بەڵگەمەند تۆمار نەکراون.

هەر کاتێک کۆمەڵگەی کوردی تووشی قەیران و ناکۆکی بووە، بە پێی پێویستییەکانی سەردەم، کەسانی تێگەیشتوو و لێزان هەوڵیان داوە ڕێگەیەک بۆ چارەسەر بدۆزنەوە. لە سەردەمانێکدا سەرۆک عەشیرەت، ئاغا و شێخەکان ئەم ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە؛ دواتریش، لەگەڵ گۆڕانی پێگەی ئەوان، کەسانی تری ناو کۆمەڵگە، لەوانەش چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک، بەرپرسیارێتی ناوبژیوانی و هەوڵدان بۆ ئاشتییان گرتووەتە ئەستۆ.

لە ئەزموونی نەریتییەوە بۆ تیۆریی زانستی

لە بەشی تیۆریی کتێبەکەدا هەوڵم داوە تیۆرییەکانی پەیوەندیدار بە ناکۆکی و چارەسەرکردنی، بە پشتبەستن بە بیرۆکە و لێکدانەوەکانی یوهان گاڵتونگ، گلازل، شولتس فۆن تۆون، ئێریک فرۆم و واتسلاڤیک، بخەمە بەر لێکدانەوە و لەگەڵ ئەزموون و کەلتووری کوردیدا هەڵیان بسەنگێنم.

لە پێناوی ئەم ئامانجەدا، لەگەڵ کەسایەتییە بەئەزموون و خاوەن ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کاک حەمەدمینە شەشە، مەلا عەلی ڕەبانی، مەلا نەجمە، جێران خانمی شێخ ئاقایی و کەسانی تریش وتووێژم کردووە. پاشان شێواز و ئەزموونەکانیانم لەگەڵ ڕێبازە زانستییەکانی وتووێژ و دانوستاندا هەڵسەنگاندووە.

ڕێبەرانی کورد لە چوارچێوەی کەسایەتی و سەردەمەکانیاندا

یەکێک لە بەشە گرنگەکانی کتێبەکە، لێکدانەوەی کەسایەتی و شێوازی هەڵسوکەوتی پێنج ڕێبەری ناسراوی کوردە:
• مەحمود پاشای بابان
• شێخ عوبەیدوڵای نەهری
• شێخ مەحمودی حەفید
• قازی محەمەد
• مەلا مستەفای بارزانی

لەو بەشەدا، هەوڵم داوە ئەم کەسایەتییانە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییە کەسییەکانیان، سروشت، کۆمەڵگە، جیهان، کەلتوور و کاتدا لێک بدەمەوە؛ هەروەها شێوازی بڕیاردان و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ناکۆکی و دۆخە جیاوازەکاندا هەڵبسەنگێنم.

هونەری دانوستان؛ لە تیۆرییەوە بۆ پراکتیک

بەشێکی بەرچاوی کتێبەکە تایبەتە بە لێکدانەوەی زانستیی شێوازەکانی وتووێژ و دانوستان؛ بە تایبەتی دوو شێوازی سەرەکی:

دانوستانی دابەشکار (Distributive Negotiation): کە زۆرجار لەسەر دابەشکردنی سەرچاوە و بەرژەوەندییە سنووردارەکان دەوەستێت.

دانوستانی هاوساز (Integrative Negotiation): کە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکە کە بەرژەوەندییەکانی لایەنەکان تا ڕادەیەک دابین بکات و ڕێگە بۆ دەرئەنجامی «براوە ـ براوە» (Win-Win) خۆش بکات.

هەروەها، هەوڵم داوە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکەم، بە شێوەی خشتە و لێکدانەوەی زانستی، بخەمە بەردەم خوێنەران؛ بۆ ئەوەی بتوانن هاوشێوەیی و جیاوازیی نێوان ئەزموونە نەریتییەکان و ڕێبازە زانستییە نوێیەکان بناسن.

کتێبێک بۆ ئامادەکاری، ستراتیژی و تاکتیکی دانوستان

ئەم کتێبە تەنها لێکدانەوەیەکی تیۆری نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ پێشکەشکردنی ڕێنمایییەکی زانستی بۆ ئامادەکردنی خۆمان پێش دانوستان، دیاریکردنی ستراتیژی و تاکتیک، و تێگەیشتن لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە بەرامبەرەکان.

لە بەشی کۆتایی کتێبەکەشدا، بە وردی باس لە پێکهاتە و کارکردنی تیمی دانوستان کراوە؛ لەوانە:

• تیمی دانوستان چۆن پێک بێت؟
• ئەندامانی تیم دەبێت چ جۆرە تایبەتمەندییەکیان هەبێت؟
• ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەر ئەندامێک چییە؟
• چۆن دەبێت خۆیان بۆ دانوستان ئامادە بکەن؟
• چۆن ستراتیژی و تاکتیکی گونجاو دیاری بکەن؟

خوێنەرانی خۆشەویست!

ئێستا کتێبێکی نزیکەی ٥٠٠ لاپەڕەیی لەبارەی هونەری وتووێژ و دانوستان، ئەزموونە نەریتییەکانی کورد و تیۆرییەکانی سەردەم، لەبەردەستتانە.

باوەڕم وایە ئەم کتێبە دەتوانێت سەرچاوەیەکی بەسوود بێت بۆ ئەوانەی حەز دەکەن لە مێتۆدەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی، ئەزموونی ڕێبەرانی کورد، هونەری وتووێژ و دانوستان، و شێوازە زانستییەکانی بڕیاردان زیاتر بزانن.

ئەگەر حەزتان لەوەیە بزانن کورد لە درێژایی مێژوودا چۆن مامەڵەی لەگەڵ ناکۆکی کردووە، ئەزموونە نەریتییەکانمان چ پەیوەندییەکیان بە تیۆرییە نوێیەکانەوە هەیە، و چۆن دەتوانین لە هونەری دانوستاندا شارەزاتر بین، بانگهێشتتان دەکەم ئەم کتێبە بخوێننەوە.

بە هیوای ئەوەی ئەم هەوڵە ببێتە هۆی زیاتر ناسین و بەڵگەمەندکردنی ئەزموونی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد و پەرەپێدانی کولتووری گفتوگۆ و ئاشتی.

بە ڕێز و سوپاسەوە،

د. عەلی مازوجی

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە