لەسلێمانی بەردی بناغەی گەورەترین كۆمەڵگەی چارەسەر بۆ ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر دادەنرێت
کوردستان 03:30 PM - 2026-11-15
PUKMEDIA
بەردی بناغەی گەورەترین كۆمەڵگەی چارەسەر بۆ ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر
لە یادی 242 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، بە هاوبەشی لە نێوان دامەزراوەی ڤیم و سافی هۆڵدینگ، بەردی بناغەی پڕۆژەی كۆمەڵگە و سەنتەری چارەسەری ماددە هۆشبەرەكان و نەخۆشخانەی دەروونی دانرا، كە ئامانج لێی ئەوەیە لەڕووی پیشەیی و دەروونییەوە راهێنان بەتوشبووان بكرێت و وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو كۆمەڵگە.
ئەمڕۆ 15ی 11ی 2026، دامەزراوەی ڤیم بە سەرۆكایەتی لاڤە حیكمەت و بە هاوبەشی لەگەڵ سافی هۆڵدینگ، بەردی بناغەی پرۆژەی كۆمەڵگە و سەنتەری چارەسەری ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و نەخۆشخانەی دەروونیان دانا، شادمان محەمەد، رێكخەری پرۆژە لە دامەزراوەی ڤیم رایگەیاند: لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر مەترسی ماددەی هۆشبەر بۆ سەر خێزان و گەنجان، بیرۆكەی دروستكردنی (پرۆژەی كۆمەڵگە و سەنتەری چارەسەری ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و نەخۆشخانەی دەروونی) سەری هەڵدا، تاوەكو ببێتە قەڵغانێك بۆ پاراستنیان و پەناگەیەك بۆ گەڕانەوەی هیوا.
وتیشی: بە شانازییەوە رایدەگەیەنین كە ئەم هەنگاوە بەتەواوی لە دەرەوەی بازرگانی و بەدەستهێنانی قازانجە و هەموو هەوڵمان بۆ هۆشیاركردنەوە، پشتگیریكردن و بنیاتنانەوەی ژیانی كەسانی ئالودەبووە و دامەزراوەی ڤیم پێشەنگە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی، هاوكات جێگەی سەربەزییە كە ئەم پڕۆژەیە بۆ یەكەمجار لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت و وەك دەسكەوتێكی گرنگ بۆ نەوەكانی داهاتوومان دەمێنێتەوە.
هەر لەوبارەیەوە، د. رەهێڵ فەرەیدون رایگەیاند: دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی كۆمەڵگەی سەنتەری چارەسەری ئالودەبوون بە مادەی هۆشبەر و نەخۆشخانەی دەروونی، كە بە هاوبەشی لەلایەن دامەزراوەی ڤیم و سافی هۆڵدینگەوە جێبەجێ دەكرێت، ئامانج لێی تەنها هۆشیاركردنەوە و پشتگیریكردن و بنیاتنانەوەی ژیانی كەسانی ئالودە بووە و دوورە لە بازرگانی و بەدەستهێنانی قازانج.
ئەوەشی خستەڕوو: هەرچەندە لە یاسادا رێكار بۆ چارەسەركردنی تووشبووان هەیە، بەڵام هێشتا دامەزراوە حكومییەكان نەیانتوانیوە بە تەواوەتی یاساكە وەك پێویست جێبەجێ بكەن و شوێنی پێویستیان بۆ دابین بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد: پڕۆژەكە هاوكارییە لە نێوان حكومەت و كەرتی تایبەتدا و سەرەڕای ئەوەی تێچووی زۆرە، بەڵام بۆ داهاتووی شار و نەوەكانمان زۆر گرنگ و پێویستە، هاوكات هەوڵدەدرێت لە ماوەی ساڵێك یاخود زیاتردا پڕۆژەكە تەواو بكرێت، چونكە پێویستییەكی بەپەلەیە.
هاوكات د. رەهێڵ فەرەیدون راشیگەیاند: ئامانجی گەورەی پڕۆژەكە دابینكردنی سەنتەرێكی پێشكەوتووە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، بۆ ئەوەی نەخۆش و تووشبووان كە وەك قوربانی سەیر دەكرێن لەوێ چارەسەر بكرێن و جگە لە چارەسەری پزیشكی، لەڕووی پیشەیی و دەروونییەوە راهێنانیان پێ بكرێت و وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو كۆمەڵگە.
وتیشی: دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو كەس و لایەنانە دەكەین كە لەم هەنگاوە مرۆییە گەورەیەدا بەشدارن بۆ پاراستنی كۆمەڵگە و هاووڵاتییان.
ئەمەش لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ لەیادی 242 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، بە بەشداری نزیكەی دوو هەزار كەس، لە هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی "دیداری سلێمانی بۆ چارەسەر و پاراستنی ئالوودەبووان"، بەڕێوەچوو، تێیدا هۆكارەكانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و رێگاكانی خۆپاراستن لێی و چارەسەرەكان لە سێ لایەنی سەرەكییەوە (یاسایی، تەندروستی و دین) خرانەڕوو.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

