دیداری سلێمانی بۆ چارەسەرو پاراستنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر بەڕێوەدەچێت

کوردستان 12:55 PM - 2026-11-15
دیداری سلێمانی بۆ چارەسەرو پاراستنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر PUKMEDIA

دیداری سلێمانی بۆ چارەسەرو پاراستنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر

سلێمانی

ئەمڕۆ 15ی 11ی 2026، بە بەشداری نزیكەی دوو هەزار كەس، لە هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی "دیداری سلێمانی بۆ چارەسەر و پاراستنی ئالودەبووان"، دەستیپێكرد و تێیدا هۆكارەكانی ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و رێگاكانی خۆپاراستن لێی و چارەسەرەكان دەخرێنەڕوو.

د. شاسوار شێخ عەتا ئەندامی تیمی ئامادەكاری دیدارەكە رایگەیاند: ئەم دیدارە تایبەتە بە بابەتی ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەكان و لە سێ لایەنی سەرەكییەوە (یاسایی، تەندروستی و دینی) باس لەم كێشەیە دەكرێت.

راشیگەیاند: بە پێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2020، كەسانی ئالودەبوو بە ماددە هۆشبەرەكان بە رەسمی بە نەخۆش دانراون و دەبێت لەڕێگەی خزمەتگوزاریی راهێنانەوە و شیانەوەیان بۆ بكرێت، بەڵام تائێستا لە دادگاكان و لە ناو كۆمەڵگەدا، هێشتا وەك تاوانبار یان كەسێكی بێزراو سەیر دەكرێن و سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت.

وتیشی: ئامانجی سەرەكی دیدارەكە، ناساندنی ئەم كەسانەیە بە كۆمەڵگە وەك قوربانی نەك تاوانبار و دۆزینەوەی رێگاكانی چارەسەر و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد: چۆنییەتی گەڕاندنەوەی ئەم كەسانە بۆ ناو كۆمەڵگە لەڕێگەی سەنتەری پزیشكیی رێكخراو بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەوەی ببنە تاكێكی بەسود و دووركەونەوە لە گەڕانەوە بۆ ماددە هۆشبەرەكان ئامانجێكی دیكەی دیدارەكەیە.

د. شاسوار شێخ عەتا ئەوەشی راگەیاند: لەلایەنی تەندروستییەوە دكتۆرە پسپۆڕەكان جەخت لە جۆری دەرمان، شێوازی رێنماییكردن و دەستنیشانكردنی شوێنی تایبەت بۆ چارەسەركردنیان دەكەنەوە.

وتیشی: هاوكات لایەنی دینیش لە دیدارەكەدا دەخرێتە بەرباس و  بە هاوكاری مامۆستایانی ئایینی، هەوڵی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە دەدرێت تاوەكو خێزان، هاوڕێ و كۆمەڵگە لە دوای چارەسەركردن، مامەڵەیەكی دروست و گونجاویان لەگەڵدا بكەن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە