12 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی د. كەمال فوئاد تێدەپەڕێت
کوردستان 09:14 AM - 2026-11-15
PUKMEDIA
د. كەمال فوئاد
12 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 15ی11ی2014 ، د.كەمال فوئاد سیاسەتمەدار و دبلۆماتکار و رۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و روناكبیری كورد، لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
كەمال عەبدولكەریم محەمەد فوئاد كە بە د.كەمال فوئاد ناسراوە، ساڵی 1932 لەبنەماڵەیەكی دیار و ناسراوی شاری سلێمانی لەدایك بووە، كەسایەتییەكی گەورەی سیاسی و روناكبیریی كوردستانە و زیاتر لە 60 ساڵ لەكۆڕی تێكۆشانی سیاسی و رۆشنبیری خزمەتی زۆری بەگەل و نیشتمانەكەی كردووە، شاسوارێكی رێگای رۆژنامەنووسی و رابەرێكی وابوو كە دەبێت مێژووی رۆژنامەنووسی كوردی شانازی پێوە بكات، چونكە ئەگەر جوامێری ئەم كەڵە رووناكبیرە نەبووایە مێژووی رۆژنامەنووسی كوردی و رۆژنامەی كوردستان بە نادیاری دەمایەوە، كە بە جوامێری خۆی توانی هەموو ژمارەكانی لە ئەرشیفی ئەڵمانیدا بدۆزێتەوە.
لەكۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوو چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ ماستەری لە فۆنیمەكانی زمانی كوردی لە زانكۆی هامبۆرگ و دكتۆرای لەسەر دەستنووسە كوردییەكان وەرگرتووە.
دكتۆر كەمال هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجی و لەتەمەنی 15ساڵی تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە و سەرەتا پەیوەندی بەحزبی شیوعی عیراقەوە كردووەو یەكێك لە كادیرە دیارو چالاك و هەڵسوڕاوەكانی ئەو حزبە بووە و لەبەغدا هەمیشە رابەرو پێشەنگی خۆپیشاندانەكان بووەو هەر بەهۆی ئەوەوە دەستگیر كراوەو دوو ساڵ لەزیندان ماوەتەوە.
لە شۆڕشی ئەیلول و لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان خەباتی کردووە و دواتر لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژەی بەخەبات داوە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و ساڵانێكی دوور و درێژ کارگێڕی مەكتەبی سیاسی بووە.
جگە لەكاری سیاسی، د.كەمال خولیای ئەدەب و رۆژنامەنووسی بووە و لەو بوارەدا شوێن پەنجەی دیارە و دیارترین كاری ئەوە بووە كەساڵی 1968 لەئەڵمانیا ژمارەكانی رۆژنامەی كوردستانی دۆزییەوە و لەساڵی 1972 چاپی كردن، لەساڵانی 1971-1974 وەك مامۆستای زانكۆ لەبەشی كوردی كۆلێجی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغداد خزمەتی كرد.
ئەم سیاسەتمەدارو روناكبیره گهورهیهی كورد لە ڕۆژی 15ی11ی2014 لەوڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی کرد.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

