یەکێتی جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبی شیوعیی چین دەکاتەوە

کوردستان 12:51 PM - 2026-11-14
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی جیهانی شڵەژاو  جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یەکێتی و حزبی شیوعی چین کردەوە و رایگەیاند: سەرۆک مام جەلال دارێژەری پەیوەندییەکانە و دەشڵێت:چارەسەرکردنی پرسی کورد و فەراهەمکردنی سەقامگیری ناوچەکە لەکاری پێشینەمانە.

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشداریی لە کۆنگرەی (جیهانی شڵەژاو و گۆڕاو و حوکمڕانیی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) کرد، کە لە چوارچێوەی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی دیالۆگی نێوان حزبی شیوعیی چین و حزبەکانی وڵاتانی عەرەبیدا بەڕێوەچوو،کە تیایدا وتارێکی پێشکەش کرد.

ستران عەبدوڵڵا لە سەرەتای وتارەکەیدا، بە ناوی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە لە هەرێمی کوردستانەوە، سڵاو و ڕێزی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە شی جینپینگ، سکرتێری گشتیی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی چین و سەرۆکی کۆماری چینی میللی، هەروەها سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی بەشداربوو.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا و ئاماژەی بەوە کرد کە یادەوەرییەکانی ڕێگای ئاوریشم، پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان عیراق و چین، و خەباتی هاوبەش لە پێناو ڕزگاریی نیشتمانیدا، بناغەیەکی بەهێزیان دروست کردووە، بەتایبەتیش جەختی لە دۆستایەتیی دێرینی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ سەرکردایەتیی چین کردەوە، کە ڕێزی زۆری بۆ ئەزموونی سۆسیالیزم بە تایبەتمەندیی چینییەوە هەبووە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆنگرەکە کە لەژێر ناونیشانی (بونیادنانی کۆمەڵگەی چینی-عەرەبی بۆ داهاتوویەکی هاوبەش لە سایەی گۆڕانکارییە بێوێنەکانی سەد ساڵی ڕابردوودا) بەڕێوەچوو، ستران عەبدوڵڵا ڕۆڵی حزبە سیاسییەکانی بە گرنگ زانی بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات هەڵوێستی حزبی شیوعیی چینی بەرز نرخاند بۆ بەردەوامبوونی لەسەر ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن، لەگەڵ فراوانکردنی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابووری، کولتووری، فیکری و ڕاگەیاندندا.

لە کۆتایی وتارەکەدا، ستران عەبدوڵڵا، رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەنجام و نەخشەڕێگای کۆنفرانسەکە دووپات دەکاتەوە لە پێناو چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد و پرسی فەڵەستین.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە