ACNS: پشتكردن لە پرەنسیپی سازانی نیشتمانیی هەڵەیەكی سیاسی ترسناكە
کوردستان 09:26 PM - 2026-11-13
PUKMEDIA
ناوەندی ئەكادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی (ACNS)
ناوەندی ئەكادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی (ACNS)، سەبارەت بەڕووداوە سیاسییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەكات: شێوازی كاراكردنەوەی پەرلەمان دووربوو لە پرەنسیپ و بەهای سازانی نیشتمانی، هەر بۆیە ئەو ڕووداوه بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان بایكۆتی پەرلەمان بكەن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ناوەندی ئەكادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی (ACNS)، لە دەرەوەی هەموو ململانێ و بەرژەوەندییەكی حزبی و سیاسیی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، خوێندنەوە و هەڵوێستی ئەكادیمی و نیشتمانی خۆی هەیە سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەمڕۆی سەر گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەدوای ڕووداوەكەی ٤ی نۆڤەمبەری پەرلەمانی كوردستانەوە و بەڕاشكاوی لەم خاڵانەی لای خوارەوەدا دەیخاتەڕوو:-
١- پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی لە پرۆسەی كاراكردنەوەی پەرلەماندا:
ناوەندەكەمان پێیوایە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە ڕێگاكانی دەربازبوونی هەرێم لە بنبەستی سیاسی، بە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی زانیستیش بۆمان دەركەوتووە، هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێم دژی پرەنسیپی كاراكردنەوەی پەرلەمان نین، بەڵام هەر هەنگاوێك لەم بوارەدا كە لە ئەنجامدا ببێتە مایەی زیاندان لە یەكڕیزیی نیشتمانی، بە هەڵەیەكی نیشتمانیی مەترسیداری دەزانین، بەتایبەتی كە دامەزراوە نیشتمانییەكانمان ئەركی سەرەكی و لەپێشینەیان پاراستنی یەكپارچەیی خاك و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستانە، نەك تێوەگلانی لە ململانێ و هەڕەشەی سەرلەنوێ دابەشبوونەوە.
٢- لێكەوتەكانی تێپەڕاندنی بنەمای سازانی نیشتمانی:
بە هەڵسەنگاندنی زانیستمان، شێوازی كاراكردنەوەی پەرلەمان دووربوو لە پرەنسیپ و بەهای سازانی نیشتمانی، پاشخانی ئەزموونیشمان پەیوەست بە دۆسێ و دۆزە گەورەو نیشتمانییەكانمانەوە ئەمەی سەلماندووە. هەر بۆیە ئەو ڕووداوه لەئاكامدا بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان بایكۆتی پەرلەمان بكەن. لە هەرێمێكیشدا كە پێشینەی دابەشبوونی ئیداری و سیاسیی هەیە، هەنگاوی بەپەله و لێنەكۆڵراوەی لەو جۆره، لێدانێكی قورسە لە هەموو پرۆژە و ئیرادەیەكی نیشتمانیی یەكگرتوو، كە بتوانێت بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەكان لە ئێستاو داهاتووی كوردستاندا لەئەستۆ بگرێت.
٣- مەترسییە ستراتیژییەكان لەسەر ئاستی عێراق:
پشتكردن لە پرەنسیپی سازانی نیشتمانی لەڕووی ستراتیژی و نیشتمانییەوە هەڵەیەكی سیاسیی ترسناكە، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەك كە لەسەر ئاستی عێراق پێكهاتەی ژمارە یەك نییە و بۆ پاراستنی مافە سیاسی و ئابووری و دەستوورییەكانی، پێویستی بە سازانی نیشتمانی هەیە لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا. ئەگەر لایەنە كوردییەكان لەناوخۆی هەرێمدا، بەهۆی بەرژەوەندیی حزبی و گەمەی سەپاندنی ئیرادەوە سازانی نیشتمانی ڕەتبكەنەوە، هیچ بنەمایەك بۆ بەرگریكردن لە هەمان پرەنسیپ لە بەغدادا نامێنێتەوە و دەستكەوتەكانمان دەكەونە ژێر هەڕەشە و مەترسیی جددییەوە.
٤- هەستیاریی دۆخی ناوچەكە و تەحریمكردنی دابەشبوون:
ناوەندی ئەكادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی (ACNS) پێیوایە بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە، لە ڕوانگەی ئەجێندای جیاواز یان هاوبەشەوە، پەرۆشی مانەوەی هەرێمی كوردستان نین وەك قەوارەیەكی یەكگرتوو؛ ئەگەر خوازیاری پارچەپارچەبوونیشی نەبن! لەم سۆنگەیەوە، هەڵهێنانی هەر هەنگاوێكی دیكە لەلایەن پەرلەمانەوە كە ببێتە هۆی لێكترازانی زیاتر، وەك جۆرێك لە جاڕدانی دابەشكردنی كوردستان و لێكدابڕینی دانیشتووانەكەی دەبینین، ئەمەش تاوانێكی مێژووییە و پێویستە هەمووان خۆمانی لێ بەدوور بگرین و هاوشێوەی تەحریمكردنی شەڕی ناوخۆ، وەك حەرامێكی تری سیاسیی و نیشتمانی لێی بڕوانین.
٥- بانگەواز بۆ دیالۆگ و دەستپێشخەریی نوێ:
داوا لە سەرجەم هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەدەنییەكانی كوردستان دەكەین، فشار و جموجۆڵە نیشتمانییەكانیان بخەنەگەڕ، تاوەكو ڕووداوەكەی ٤ ی نۆڤەمبەر نەبێتە سەرەتایەك بۆ لێكدابڕانی سیاسی و ئیداری و كۆتاییهاتن بە دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان هێزەكانماندا. پێویستە ئەم ڕووداوە و دەرهاویشتەكانی بەخێرایی جڵەو بكرێن و دەستپێشخەریی نوێ بێتە ئاراوە، بۆئەوەی ڕێگری بكرێت لە هەر سیناریۆیەكی نەخوازراوی تر كە بەرۆكی نیشتمانەكەمان بگرێت.
ناوەندی ئەكادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی (ACNS)
13-11-2026
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23
ئەمانەش ببینە




.webp)


دابەزێنە

